جێگر بە جۆکەر سەرۆک بە پۆکەر!

سلێمان عەبدوڵا یونس - 20-11-2018 - 9509 جار خوێندراوەتەوە


ئەمجارە یەکێتی، لەبری ئەوەی وەک ھێزێکی ھەڵساوەی ڕاستەقینەی خاوەن ئەرز و ئەمن و ھێز و مێژوو، پێداگری بۆ پۆستی «سەرۆکوەزیرانی موکەڕەڕ» بکات، یان بەلایەنی کەمەوە مەرجی ئەوەبێت، بەدەسەڵاتی شایستەوە، پۆستی جێگری سەرۆک وەزیرانێکی بەدەسەڵات وەربگرێت، کەچی پارتی نیازیەتی جێگری سەرۆک وەزیرانە دەسکورتەکەشی، دابەشی دوو بکات. لەکاتێکدا ئەمجارەیان کاندیدەکەی یەکێتی شەرعیەتێکی گەورەی دەنگدانی ھەیە  و ٢٠ بیست پارلەمانتاری تری ئەو حزبە لەسۆنگەی دەنگی ئەوەوە ئەندامی پارلەمانن!.

گۆڕانیش؛ ئەمجارەیان نەک ناتوانێت، لەسۆنگەی ڕێکەوتن لەگەڵ پارتی، مەرجی گۆڕانکاری ڕیشەیی لەسیستەمی حزبۆکڕاتیەتی کوردستان، بۆ بەشداری لەکابینەی نوێدا »بەقەولیش» بسەپێنێ، بەڵکو بەپێچەوانەوە بەکردار، مەرجی ئەوەی بەسەردا سەپاوە، کە لەبری بەشداری پێکردنی لەحکومەت، پێویستە بیر لەوەرگرتنی ھیچ پۆستێکی سەرۆکایەتی پارلەمان نەکاتەوە!

پارتی، کەبەزارەکی بەڵێنی حکومەتێکی بەھێز و کوردستانێکی سەربەخۆی داوە، بەڵام بەدڵ و بیرکردنەوە، خەریکی تۆمارکردنی دەسکەوتە حزبیەکانیەتی لەھەولێر و بەغدا،  ئەو دەسکەوتانەی؛ درێژکراوەی سەرکەوتنە بەردەوامەکانیەتی، لەمێژووی ٣١ ی ئاب و دواترە، جا چ ئەوەی دوای شەڕ بەھۆی ئاگربڕ و ئاشتی و ھاوپەیمانی، یان ئەوەی لەڕێگای پەرتەوازەیی قەڵەمڕەوی یەکێتی و تێکچونی ھاوسەنگییەوە بەدەستیھێناون. چونکە مودەتێکە، لەگەمە جەھەنەمیەکاندا، پارتی بە جۆکەر جێگر دەخوات و بە پۆکەریش سەرۆک دەبات!

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP