پیربوونى پێش وه‌ختى ئۆپۆزسیۆن

عومه‌ر عه‌لی محه‌مه‌د - 20-11-2018 - 1203 جار خوێندراوەتەوە


له‌ ئه‌و وڵاتانه‌ى كه‌ دیموكراسى هه‌یه‌ و سیستمه‌كه‌یان به‌ زۆرى په‌رله‌مانیه‌ و فره‌یى سیاسى هه‌یه‌، له‌كاتى هه‌ڵبژاردندا هه‌موو پارته‌ سیاسیه‌كان تواناى ئه‌وه‌یان نیه‌ كه‌ زۆرینه‌ بهێنن و حكومه‌ت پێكبهێنن یان به‌هۆى جیاوازى پڕۆژه‌كانیان و بیرو بۆچوونیان له‌گه‌لأ هه‌ندێكى تریاندا نایانه‌وێت به‌شدارى پێكهێنانى حكومه‌ت بكه‌ن ،له‌به‌رئه‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى حكومه‌تدا ده‌مێننه‌وه‌و له‌ په‌رله‌ماندا ده‌بنه‌ ئۆپۆزسیۆن.

له‌ وڵاته‌ دیموكراسیه‌كاندا ئۆپۆزسیۆن بنه‌مایه‌كى به‌هێزه‌ بۆ هێشتنه‌وه‌ى دیموكراسى به‌ زیندوویى، چونكه‌ كار ده‌كات له‌سه‌ر دیاریكردنى ناته‌واویه‌كان و چاودێرى حكومه‌ت ده‌كات له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵى و له‌هه‌مانكاتدا لێپرسینه‌وه‌ له‌ وه‌زیر و به‌رپرسه‌كانى حكومه‌ت ده‌كات و كه‌مته‌رخه‌م و گه‌نده‌ڵكاران ده‌داته‌ دادگا، ئه‌وه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كه‌ ئۆپۆزسیۆن به‌رده‌وام كار له‌سه‌ر گه‌شه‌پێدانى هۆشیارى سیاسى جه‌ماوه‌رى ده‌كات و زۆرتر هانیان ده‌دا بۆ به‌شدارى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى، هه‌وڵده‌دات كه‌ بیانكات به‌ وزه‌یه‌كى ئیجابى بۆ ئه‌وه‌ى خۆیان چاره‌نووسى خۆیان دیارى بكه‌ن و هه‌ر هێزێك خزمه‌ت به‌ هاوڵاتیان و نیشتمان بكات له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ئه‌و لایه‌نه‌ سه‌ربكه‌وێت.

ئه‌وه‌ى ئێمه‌ به‌ درێژایى 27 ساڵى رابردوو له‌ كوردستاندا ده‌یبینین، حاڵه‌تێكى تایبه‌تى كوردستانى وه‌رگرتووه‌، واته‌ پارته‌ سیاسیه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات هه‌تا ئێستاش له‌سه‌ر بنه‌ماى پلانێكى ستراتیجى هه‌نگاویان هه‌ڵنه‌گرتووه‌، هه‌تا وه‌ك ئه‌زموونێك كه‌ڵك له‌ مێژووى ئۆپۆزسیۆنى سیاسی خۆیان وه‌ربگرن، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌لایه‌ك بۆ ئه‌و دیموكراسیه‌ ناته‌واوه‌ى كه‌ له‌ كوردستاندا هه‌یه‌، كه‌ نه‌یتوانى له‌ سه‌ره‌تاى راپه‌ڕینه‌وه‌ به‌پێى پلانێك گه‌شه‌ بكات و دامه‌زراوه‌ دیموكراسیه‌كان به‌ چالاكى وه‌ك په‌رله‌مان و دادگاكان و میدیاكان و كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى بخاته‌ سه‌رپێى خۆى و چالاكانه‌ كار بكه‌ن، له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ خودى هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانیش ته‌نها له‌ چوارچێوه‌ى كارى رۆژانه‌دا سیاسه‌تیان كردووه‌ و به‌پێى ئه‌و بارودۆخه‌ى كه‌ هه‌یه‌ له‌ پێناو مانه‌وه‌دا هه‌ڵس و كه‌وتیان كردووه‌.

هه‌تا ساڵى 2009 ده‌توانین بڵێن كه‌ راسته‌ چه‌ند پارتێك له‌ ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات هه‌بووه‌، به‌ڵام ئه‌م پارتانه‌ كه‌مترین سیفه‌تى ئۆپۆزسیۆن بوونیان تیا هه‌بووه‌، چونكه‌ نه‌یانتوانیوه‌ راسته‌وخۆ روبه‌ڕووى ده‌سه‌ڵات ببنه‌وه‌، له‌لایه‌كى تریش به‌رده‌وام چاویان له‌وه‌بووه‌ كه‌ ببنه‌ به‌شێك له‌ حكومه‌ت و به‌شدارى حكومه‌ت بكه‌ن ،زۆربه‌شیان بۆ درێژه‌دان به‌كارو چالاكی سیاسیان هاوكاریان له‌ پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان وه‌رگرتوه‌ ، به‌مه‌ش سیفه‌تى ئۆپۆزسیۆن بوونیان له‌ خۆیان داڕنیوه‌و بوونه‌ به‌شێك له‌ ده‌سه‌ڵات، له‌هه‌مانكاتدا ئه‌و هێزانه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ى هێزى جه‌ماوه‌رى گه‌وره‌نه‌بوون و له‌ په‌رله‌مانداو كوتله‌یه‌كى به‌هێز نه‌بوون ،هه‌رگیز نه‌یانتوانیوه‌ له‌ هیچ وێستگه‌یه‌كدا ببنه‌ كارتى فشارى به‌هێز له‌ ناوپه‌رله‌مان كه‌ بتوانن چاودێرى حكومه‌ت به‌باشى بكه‌ن یان گه‌نده‌ڵكاران بده‌نه‌ دادگا. له‌به‌رئه‌وه‌ بوونیان له‌ په‌رله‌ماندا زۆرتر ره‌مزى بووه‌و له‌ ئاست گه‌نده‌ڵى و كاره‌كانى حكومه‌ت و به‌رپرسه‌كانى و ره‌وشى دیموكراسى بێده‌نگیان هه‌ڵبژاردووه‌.

له‌دواى 2009 كاتێك بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان دروست بوو ره‌وشه‌كه‌ گۆڕا ئۆپۆزسیۆنێكى چالاك دروست بوو، توانیان هه‌ندێك كارى باش بكه‌ن و له‌ په‌رله‌ماندا فشار دروست بكه‌ن و ده‌ستیاندایه‌ بانگكردنى وه‌زیره‌كان و كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌ بڕیاریان ئاماده‌كرد بۆئه‌وه‌ى خزمه‌ت به‌ هاوڵاتیان و پرۆسه‌ى سیاسى بكه‌ن، ئه‌م قۆناغه‌ به‌ گه‌شاوه‌ترین قۆناغى ئۆپۆزسیۆن له‌ كوردستان داده‌نرێت، به‌ڵام له‌دواى هه‌ڵبژاردنى 2013 كه‌ ئه‌نجامه‌كان ده‌رچوون، ره‌وشه‌كه‌ گۆڕا به‌ بارێكى تر، له‌م قۆناغه‌دا ئیتر پارته‌ سیاسیه‌كانى ئۆپۆزسیۆنى كوردستان جۆرێك له‌ هیلاكبوون و پیربونیان پێوه‌ دیاره‌، له‌ هه‌مانكاتدا له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌دواى هه‌ڵبژاردنى 2005ى به‌غدا ره‌وشێكى نوێ له‌ عێراقدا دروست بوو هه‌رچه‌ند جه‌خت له‌ سیستمى په‌رله‌مانى ده‌كرێته‌وه‌ له‌ عێراقدا كه‌ ده‌بوایه‌ ئۆپۆزسیۆنێكى كارا دروست ببوایه‌، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌و گه‌نده‌ڵیه‌ زۆره‌ى كه‌ باڵى كێشا به‌سه‌ر حكومه‌تى عێراقدا ده‌ستیان دایه‌ دروستكردنى حكومه‌تى ته‌وافوقى و به‌مه‌ش هه‌موویان بوونه‌ به‌شێك له‌و گه‌نده‌ڵیه‌ى كه‌ له‌ عێراقدا هه‌یه‌ و له‌دواى ئه‌وه‌ تۆ هه‌ست ناكه‌ى له‌ عێراقدا سیستمى دیموكراسى هه‌یه‌، چونكه‌ هه‌موویان له‌ حوكمدان و هه‌مووشیان به‌شدارن له‌ گه‌نده‌ڵى و هیچ كه‌سێكیش قسه‌یه‌كى نیه‌ له‌سه‌ر وێرانبوونى ده‌وڵه‌ت و خراپ گوزه‌رانى هاوڵاتى و پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزاریه‌كان.

له‌دواى 2013 ئیتر هێزه‌ سیاسیه‌كانى   كوردوستان چاوى له‌ عێراق كرد، هه‌موان چوونه‌ حكومه‌ته‌وه‌، لێره‌وه‌ سه‌ره‌تاى بێ هیوا بوونى خه‌ڵك ده‌ست پێ ده‌كات، چونكه‌ خه‌ڵك بۆیه‌ ده‌نگى به‌و پارته‌ ئۆپۆزسیۆنانه‌ دا هه‌تا شه‌ڕى گه‌نده‌ڵیان بۆ بكه‌ن و دیموكراسى گه‌شه‌ پێ بده‌ن و گه‌نده‌ڵى بنه‌بڕ بكه‌ن و سوربن له‌سه‌ر پڕۆژه‌ چاكسازیه‌كانیان، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌و ویسته‌ى خه‌ڵك، ئه‌وان چوونه‌ حكومه‌ت، له‌م كاته‌دا ئه‌و پارتانه‌ دوو گوتاریان هه‌بوو، یه‌كێكیان له‌ میدیاوا ره‌خنه‌یان له‌ حكومه‌ت ده‌گرت و وه‌ك ئۆپۆزسیۆن مامه‌ڵه‌یان ده‌كرد، به‌ڵام واقیعه‌كه‌ شتێكى ترى نیشانى جه‌ماوه‌ر ده‌دا ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران به‌شدارن و یه‌كى چه‌ند وه‌زاره‌تێكیان وه‌رگرتووه‌و له‌ پۆسته‌كانى ترى حكومه‌تیشدا به‌شدارن، به‌م هه‌نگاوه‌یان نیگه‌رانیه‌كى گه‌وره‌یان بۆ خه‌ڵك دروستكرد، چونكه‌ چاو بڕینه‌ پۆست و ئیمتیازان وایكرد كه‌ جه‌ماوه‌ر له‌ ده‌ست بده‌ن و نه‌یانتوانى له‌ به‌ره‌ى گه‌لدا بمێننه‌وه‌، جه‌ماوه‌ر ئه‌مه‌ى له‌بیر نه‌چوه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2018 بۆ نوێنه‌رانى عێراق و په‌رله‌مانى كوردستان ،سه‌ره‌ڕاى كه‌م و كوڕى و ته‌زویره‌كانیش، به‌ڵام جه‌ماوه‌رى ناڕازى هه‌ڵوێستى خۆى دیاریكرد و به‌رامبه‌ر هه‌ڵس و كه‌وتى چوار ساڵى رابردووى پارته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان قسه‌ى خۆى كرد، ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو به‌پێى ئه‌نجامى راگه‌یاندراوه‌كانى هه‌ڵبژاردن نزیكه‌ى 43%ى خه‌ڵك نه‌چوو بۆ ده‌نگدان (له‌راستیدا رێژه‌كه‌ له‌وه‌ش زیاتره‌)، ئه‌مانه‌ زۆرینه‌یان ده‌نگده‌رى پارته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان بوون، به‌مه‌ش ده‌نگى ئه‌و پارتانه‌ تا ڕاده‌یه‌كى به‌رچاو دابه‌زى و ئێستا له‌ په‌رله‌ماندا ناتوانن رۆڵى كاریگه‌رى گه‌وره‌ بگێرن بۆ چاودێرى یان لێپێچینه‌وه‌ى به‌رپرسان (ئه‌گه‌ر به‌ ئۆپۆزسیۆنى بمێننه‌وه‌)،له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ ده‌بینین له‌ ئێستاشدا هاوهه‌ڵوێست نین و ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ دوو لایه‌نیان بچنه‌ حكومه‌ت و دوانى تریان به‌ ئۆپۆزسیۆن بمێننه‌وه‌، به‌مه‌ش ئۆپۆزسیۆن جارێكى تر دابه‌ش ده‌بێت و به‌ربه‌ستێكى تر له‌ نێوان ده‌نگده‌رو ئه‌و حیزبانه‌ دروست ده‌بێت ،به‌مه‌ش جه‌ماوه‌ر هه‌ست ده‌كات ئه‌و حیزبانه‌ هیلاك بون و پیربونى پێشوه‌ختیان پێوه‌ دیاره‌و تواناى رۆڵی ئۆپۆزسیۆن بونیان لاواز بوه‌، كه‌واته‌ ئێستا سه‌ره‌تاى دۆخێكى نوێیه‌ كه‌ده‌توانین ناوى بنێین پۆست ئۆپۆزسیۆن.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP