تورکیاو ...ئه‌گه‌رى لێکترازانى هاپه‌یمانێتى کۆمار

عومه‌ر عه‌لی محه‌مه‌د - 15-11-2018 - 2015 جار خوێندراوەتەوە

به‌هۆى لێدوانه‌کانى ئه‌م دواییه‌ى هه‌ریه‌ک له‌ ده‌وڵه‌ت باخچه‌لى سه‌رۆکى مه‌هه‌په‌ و ئۆردوغانى سه‌رۆک کۆمارى تورکیا، ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ هاوپه‌یمانى کۆمار که‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانى حوزه‌یرانى 2018 دروست بووبوو ، که‌ تیایدا په‌رله‌مانى تورکیا و سه‌رۆک کۆمار هه‌ڵبژێردرا به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ بچێت، چونکه‌ ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌ که‌ دروست بوو هاوپه‌یمانیه‌تێکى ستراتیجى درێژخایه‌ن نابێت، به‌ڵکو هه‌ریه‌که‌یان پێویستى پێى هه‌بوو، هه‌رکاتێکیش مه‌به‌سته‌کان هاتنه‌دى یان پێویستى کرد هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ کۆتایى پێ دێت. ده‌وڵه‌ت باخچه‌لى به‌وه‌ ناسراوه‌ که‌ بڕیارى کتوپڕ و راسته‌وخۆ ده‌دات و له‌ناکاودا ده‌چێته‌ نێو روداوى نوێوه‌، له‌وانه‌ش له‌ 2002 دا پێشنیارى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌ختى داو به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ پارتى داد و گه‌شه‌پێدان سه‌رکه‌وت و بوه‌ براوه‌ى یه‌که‌م، هه‌روه‌ها له‌ ئه‌مساڵیشدا هه‌مان پێشنیارى کرد و تیایدا ئۆردوغان و پارته‌که‌ى سه‌رکه‌وتن، به‌ڵام ئه‌مه‌یان به‌ پشتیوانى حیزبه‌که‌ى باخچه‌لى و به‌رهه‌ردووکیان توانیان 340 کورسى په‌رله‌مان به‌ده‌ست بهێنن و ئۆردوغانیش بکه‌نه‌ سه‌رۆک کۆمار، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى که‌ پێشتریش مه‌هه‌په‌ پشتیوانى کرد له‌ گۆڕینى سیستمى سیاسى له‌ په‌رله‌مانیه‌وه‌ بۆ کۆمارى و به‌ به‌شداریان و پشتیوانیان له‌ ئه‌که‌په‌ ئه‌م پڕۆژه‌ بڕیاره‌شیان خسته‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌و سه‌رکه‌وتنى به‌ده‌ستهێنا.

مه‌هه‌په‌ به‌ دروستکردنى هاوپه‌یمانێتى کۆمار چه‌ند ده‌ستکه‌وتێکى گرنگى به‌ده‌ستهێنا، له‌وانه‌ش هێشتنه‌وه‌ى باخچه‌لى وه‌ک سه‌رۆکى پارته‌که‌ و رزگاربوون له‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌و جارێکى تر به‌هێزه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ ناو کایه‌ى سیاسى، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش که‌ له‌ پێکهاته‌ى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیراندا به‌شداریه‌کى ئه‌وتۆى نیه‌، به‌ڵام له‌ پۆسته‌کانى خواره‌وه‌دا توانیویه‌تى هه‌زاران ئه‌ندامى به‌شداربن له‌ حکومه‌تدا، له‌لایه‌کى تره‌وه‌ له‌ دواى کوده‌تاکه‌وه‌ زۆر به‌هێز پشتیوانى له‌ ئۆردوغان و حیزبه‌که‌ى کردوو ویستى ئه‌و بۆشاییه‌ى که‌ ئێستا دروست بووه‌ به‌هۆى شه‌ڕى په‌که‌که‌ و گوڵه‌نیه‌کان، ئه‌و بۆشاییه‌ پڕ بکاته‌وه‌و جارێکى تر به‌هێزه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو گۆڕه‌پانى سیاسى، به‌تایبه‌تیش له‌ بوارى سوپا و رابه‌رایه‌تى ئه‌و لێشاوه‌ که‌مالیسته‌ ناسیونالیزمه‌ى که‌ له‌ ئێستادا وا هه‌ست ده‌کرێت که‌ یه‌کێک نه‌بێت رابه‌رایه‌تیان بکات، به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ردا پارتى داد و گه‌شه‌پێدان توانى به‌هۆى ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌وه‌ خۆى له‌و قه‌یرانانه‌ رزگار بکات که‌ ئه‌وکاته‌ روبه‌ڕووى بوبوه‌وه‌ له‌وانه‌ش، پاش ئه‌وه‌ى له‌ هه‌ڵبژاردنى یه‌که‌مى 2015 نه‌یتوانى سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت ئه‌که‌په‌ هه‌ستى کرد که‌ یه‌کێک له‌ لاوازیه‌کانى پشتکردن بوه‌ له‌ ناسیۆنالیزمى تورکى، له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌ر له‌وکاته‌وه‌ بیرى له‌وه‌ کردبوه‌وه‌ که‌ هاوپه‌یمانى له‌گه‌لڕ مه‌هه‌په‌دا ببه‌ستێت، له‌پاش ئه‌وه‌ش که‌ شه‌ڕى په‌که‌که‌ ده‌ستى پێکرده‌وه‌، ئیتر رێگریه‌ک نه‌ما بۆ ئه‌نجامدانى ئه‌م کاره‌، چونکه‌ مه‌هه‌په‌ مه‌رجى سه‌ره‌کى بۆ هاوپه‌یمانێتیه‌که‌یان به‌تیرۆر ناساندنى پارتى کرێکاران و ده‌ستپێکردنه‌وه‌ى شه‌ڕ و هه‌ڵپه‌ساردنى پرۆسه‌ى ئاشتى بوو له‌گه‌لڕ کورددا، به‌ڵام ئۆردوغان زیره‌کانه‌ توانى که‌ مه‌هه‌په‌ بۆخۆى به‌کاربهێنێت و هاوبه‌شیان پێ بکات له‌ سه‌رخستنى گۆڕینى ده‌ستور و راپرسى و ته‌نانه‌ت هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنه‌که‌ و سه‌رکه‌وتن تیایدا. به‌ڵام له‌ ئێستادا مه‌هه‌په‌ هه‌ست ده‌کات که‌ به‌رده‌وام بوون به‌م شێوازه‌ له‌کارى سیاسیدا ناچێته‌ خزمه‌ت گه‌شه‌کردنى و به‌ره‌وپێشچوونى و ئه‌گه‌ر کار وا بڕوات دورنیه‌ مه‌هه‌په‌ له‌ناو ئه‌که‌په‌دا به‌ره‌و توانه‌وه‌ بڕوات، له‌به‌رئه‌وه‌ له‌ هه‌فته‌ى رابردوودا ده‌وڵه‌ت باخچه‌لى له‌ به‌رده‌م فراکسیۆنه‌که‌یدا له‌ په‌رله‌مانى تروکیا وتى له‌ ئێستاوه‌ هاوپه‌یمانیمان له‌گه‌لڕ ئه‌که‌په‌دا کۆتایى پێ هاتووه‌و بۆ هه‌ڵبژاردنى داهاتووى شاره‌وانه‌کان له‌ مارسى 2019 دا ئه‌نجام ده‌درێت له‌گه‌لڕ ئه‌واندا نابین. ئه‌و لێدوانه‌ى باخچه‌لى له‌ دواى ئه‌وه‌ بوو که‌ دوو روداوى گرنگ رویاندا یه‌که‌میان ئه‌وه‌بوو که‌ مه‌هه‌په‌ پڕۆژه‌ یاسایه‌کى ئاماده‌کردبوو بۆ په‌رله‌مانى تورکیا (پرۆژه‌ یاساى لێبوردن) به‌پێى ئه‌م پڕۆژه‌ یاسایه‌ نزیکه‌ى 160،000 که‌س سومده‌ند ده‌بوون و به‌شێکى زۆریان ئازاد ده‌بوون، که‌ هه‌موو جۆره‌ تاوانێکى ده‌گرته‌وه‌ له‌وانه‌ش ئه‌وه‌ى که‌ له‌سه‌ر مادده‌ هۆشبه‌ره‌کان زیندانى کراون، به‌ڵام ئۆردوغان زۆر به‌ توندى به‌ره‌وڕوى وه‌ستایه‌وه‌و وتى: ناکرێت بڕیار ده‌ربکرێت بۆ خاڵى کردنه‌وه‌ى زیندانه‌کان، ناکرێت ئێمه‌ که‌سێک ئازاد بکه‌ین که‌ له‌سه‌ر مادده‌ى هۆشبه‌ر زیندانى کراوه‌و له‌ لێدوانه‌که‌شیدا باخچه‌لى و پارته‌که‌ى تاوانبار کرد به‌ پشتیوانى له‌ بازرگانه‌کانى مادده‌ هۆشبه‌ره‌کان.

باخچه‌لى له‌سه‌ر ئازاد کردنى قه‌شه‌ ئه‌مریکیه‌که‌ جارێکى تر لێدوانێکى تریدا و ئه‌م کاره‌ى به‌ پێشێلکردنى یاسا و سوکایه‌تى به‌دادگاکانى تورکی له‌قه‌ڵه‌مدا، هه‌روه‌ها ره‌خنه‌ى له‌ (به‌کر بوزداغ) ئه‌ندامى په‌رله‌مانى پارتى داد و گه‌شه‌پێدان و سه‌رۆکى لیژنه‌ى ده‌ستورى له‌ په‌رله‌مان گرت ،که‌ دژى بڕیارێکى دادگاى باڵاى دادوه‌رى وه‌ستابوه‌وه‌ که‌ رێگه‌ى دابوو جارێکى تر (سوێندخواردنى قوتابیان) بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو قوتابخانه‌کان که‌ پێش (5) سالڕ له‌مه‌وپێش به‌ فه‌رمانى پارتى داد و گه‌شه‌پێدان له‌کار خرابوو، ئه‌و سوێنده‌ له‌ ساڵى 1933 له‌ سه‌رده‌مى که‌مال ئه‌تاتورکدا دانراوه‌، چه‌ند بڕگه‌یه‌کى تیادایه‌ که‌ باس له‌ پیرۆزى و گه‌وره‌یى ره‌گه‌زى تورک ده‌کات که‌ به‌م شێوه‌یه‌یه‌ (من تورکن، من له‌سه‌ر راستیم، من سه‌ربه‌زرم، خۆشبه‌ختى بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ڵێت من تورکم.. هتد) له‌ رابردوودا پارتى داد و گه‌شه‌پێدان ئه‌م سوێنده‌ى له‌ قوتابخانه‌کاندا یاساغ کردووه‌، به‌بیانوى ئه‌وه‌ى چه‌ند بڕگه‌یه‌کى تیادایه‌ که‌ هه‌ڵگرى فیکرى ئایدیۆلۆجى و شۆڤێنیه‌، مه‌هه‌په‌ به‌ سه‌رۆک و هه‌موو ئه‌ندامانیه‌وه‌ خۆشحاڵى خۆیان ده‌ربڕى به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌م سوێنده‌ بۆ قوتابخانه‌کان، به‌ڵام ئه‌م بڕیاره‌ له‌لایه‌ن ئۆردوغان خۆى و به‌رپرسانى پارته‌که‌یه‌وه‌ و له‌ ناوه‌ندى کوردیشدا ناڕه‌زایى زۆرى لێکه‌وته‌وه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئۆردوغان خۆى هاته‌ سه‌رخه‌ت و وتى "چ پێویست ده‌کات ئێمه‌ هه‌موو به‌یانیه‌ک مناڵه‌کانمان ناچار بکه‌ین که‌ ده‌قێکى شۆڤێنى بڵێنه‌وه‌، راسته‌ من تورکم، به‌ڵام من که‌سێکى شۆڤێنى و نه‌ته‌وه‌په‌رست نیم، هه‌رکه‌سێک بۆى هه‌یه‌ شانازى به‌ره‌گه‌زى خۆیه‌وه‌ بکات و باسى نه‌ته‌وه‌که‌ى بکات، به‌ڵام له‌م حاڵه‌ته‌دا (سوێنده‌که‌) باره‌که‌ جیاوازه‌ ئه‌گه‌ر تورکه‌کان به‌وشێوه‌یه‌ بڵێن، ئه‌وکاته‌ هاوڵاتیه‌کى کوردیش بۆى هه‌یه‌ که‌ بانگه‌شه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌که‌ى خۆى بکات، نابێت ئه‌مه‌ بگوازینه‌وه‌ بۆ ئاستێکى شۆڤێنى ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ بکه‌ین ئه‌وه‌ جیاوازى ره‌گه‌زى ئه‌نجام ده‌ده‌ین که‌ ئه‌مه‌ش رێگه‌پێدراو نیه‌".

سه‌رهه‌ڵدانى ئه‌م ناکۆکیانه‌ ئه‌وه‌ ده‌خه‌نه‌ روو که‌ جارێکى تر ئه‌که‌په‌ به‌ته‌نیا ده‌مێنێته‌وه‌و هاوپه‌یمانى کۆماریش رو له‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ ده‌کات، له‌ روانگه‌ى ئه‌م روداوه‌وه‌ ده‌توانین بڵێین که‌ جارێکى تر ئه‌گه‌رێک دروست ده‌بێته‌وه‌ بۆ سه‌رله‌نوێ زیندوکردنه‌وه‌ى پرۆسه‌ى ئاشتى و کرانه‌وه‌ى ئاسۆیه‌کى نوێ به‌ڕووى کێشه‌ى کوردانى باکوردا، چونکه‌ ئه‌و بۆشاییه‌ى که‌ دروست ده‌بێت به‌هۆى دورکه‌وتنه‌وه‌ى مه‌هه‌په‌، هاده‌پ ده‌توانێت پڕى بکاته‌وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌نگاوێک بێته‌ پێش و کۆتایى به‌هه‌ندێک خوێندنه‌وه‌ى ئایدیۆلۆژى چه‌پگه‌رایانه‌ بهێنێت، له‌ ئه‌گه‌رى وازهێنانى مه‌هه‌په‌ له‌ ئه‌که‌په‌، ئه‌که‌په‌ گرفتى گه‌وره‌ى له‌ په‌رله‌ماندا بۆ دروست ده‌بێت، چونکه‌ ئه‌که‌په‌ خاوه‌نى 290 کوردسه‌ و به‌م ژماره‌یه‌ش ناتوانێت هه‌موارى ده‌ستور و پڕۆژه‌ یاساکان تێپه‌ڕێنێت، ئه‌گه‌ر له‌م کاته‌دا هاده‌پ بێت و هاوپه‌یمانێتیه‌ک له‌گه‌لڕ ئه‌که‌په‌ دروست بکات، ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ ئۆردوغان و به‌رپرسانى ئه‌که‌په‌ش گۆڕانکارى به‌سه‌ر بۆچوونه‌کانیاندا بێت و جارێکى تر دۆخه‌که‌ به‌ قازانجى کورد بشکێته‌وه‌، چونکه‌ ئۆردوغان و ئه‌که‌په‌ش ئه‌و راستیه‌ ده‌زانن که‌ به‌بێ کورد له‌ هیچ هه‌ڵبژاردنێکدا سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست ناهێنن و کوردیش ئه‌گه‌ر خاوه‌نى یه‌ک گوتار و یه‌ک کارتى فشار بێت ده‌توانێت زۆربه‌ى مه‌رجه‌کانى به‌ حکومه‌ته‌که‌ى ئه‌که‌په‌ جێبه‌جێ بکات.
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP