هەرئێستا

سیما و پێكهاتەی حكومەتی ئایندەی هەرێمی كوردستان چۆن و بەچ ئاڕاستەیەك بێت؟

نەوزادی موهەندیس - 6-11-2018 - 2700 جار خوێندراوەتەوە

 
• كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێتە نۆهەم كابینە،ئەم كابینەیە لەدوای لێكترازان و دڕدۆنگیەكی زۆر و گەورەی نێوان سەرجەم لایەنە سیاسیەكانی كوردستان دێتە ئاراوە،لەهەرومەجێكی سەختی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و تەنانەت ئەمنیشدا لەدایك دەبێت،حكومەتێك كە چاوەڕوانی زۆری لێدەكرێت،حكومەتێك هەموان لە ژێرەوە حەزدەكەن تیایدا بەژداربن و بەئاشكراش لێرەو ولەوێ‌ ڕەتیدەكەنەوە.حكومەتێك لەكەشوهەوایەكی لێكترازاو و دوور لەسازانی نیشتیمانی دێتە دونیاوە،حكومەتێك دەكەوێت بەسەر ناجێگیری سیاسی و قەیرانی 5 ساڵەی توندی دارایی و ئابوری و شڵەژاوی نێو بازاڕەكانی نەوتی دونیا و هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت كەهەموان هەموو خەونەكانیان لەسەر هەڵچنیوە بۆ بەرزبونەوە و ڕزگاربوون لەو قەیرانە داراییە سەختە،حكومەتێك دەكەوێت بەسەر گێژاوی سیاسی نێوان وڵاتانی ناوچەكە و زلهێزەكان بەتایبەتیش ئەمریكا و ئێران كە گومانی تێدا نیە هەرێمی كوردستان و حكومەتی ئایندەش پڕیشكی ئەو ململانێ‌ و گەمارۆ و جەنگەیان بەردەكەوێت كەم تازۆر.حكومەتێك  دەكەوێت بەسەر شڵەژاوی ئاشتی كۆمەڵایەتی نێوان چین و توێژ و شار و ناوچەكانی كوردستاندا،حكومەتێك كە ڕووبەڕوو دەبێتەوە لەگەڵ حكومەت و كابینەی پێنجەمی حكومەتی عێراقیدا لە بەغداد و بەهەمان شێوەی كابینەكانی تری بەغداد و هەولێر دەبنە میراتگری كێشە كەڵەكەبوەكانی 15 ساڵی ڕابووردوو. 


• جا حكومەت و كابینەی نوێی هەرێمی كوردستان لەم سات و كاتە هەستیار و ناسك و پڕ مەترسیدارەدا بێتە لەدایكبوون،ئەدی چی لێ چاوەڕوان دەكرێت ؟ دەتوانێت چی كارێك و خزمەتێك پێشكەش بكات؟ چۆن حكومەتێك بێت؟ حكومەتی دڵڕازیكردنی هەموان و پێكەوەیی بێت ؟ یان حكومەتی خزمەتگوزاری و بوژانەوەی ئابوری و سەقامگیری سیاسی و پارێزەری ئاشتی و ئارامی كۆمەڵایەتی بێت؟ چ جۆرە حكومەتێك دەتوانێت لە ئاست خەون و ویستەكانی جەماوەردا بێت؟.


• بەدڵنیایی دۆخی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و ئەمنی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی و عێراق و ناوچەكەش بەگشتی لە دۆخێكی ناجێگیر و شڵەژاودایە،و ئەگەر و گریمانەی زۆر خراپیشی لێدەكرێت بۆ هەموان بەتایبەتی بەهۆی بەردەوامبوونی جەنگی سوریا و مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش لە عێراق و ململانێ‌ توندەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران و توندكردنەوەی گەمارۆ ئابوریەكان بەسەر ئێراندا و زۆری تریش.بۆیە  ئەو حكومەتە زۆرینە بێت یان كەمینە ،بنكە فراوان بێت یان دووقۆڵی بێت ،ئەوا وەكو ساڵانی ڕابووردوو ناتوانرێت كاری گەورەی لێچاوەڕوان بكرێت،چونكە لەسایەی ئەو هەموو ئاڵنگاری و مەترسیانەدا دەكرێت هەر ئەوەندە بكات كە كابینەكانی تر كردویانە،بەڵام ئەمەش مانای وانیە كە هەر لەئێستاوە بێئومێد ببین و ڕەشبین بین و تونێڵەكە لەسەرخۆمان دابخەین،بەڵكو كابینەی داهاتو دەتوانێت گەلێك كاری گەورە بكات بۆئەوەی بتوانێت خزمەتی گەورە و بەرچاو پێشكەش بكات،وەك :


1.هەوڵبدات داهات و خەرجیەكانی بەباشی كۆنتڕڵ بكات و بیگەڕێنێتەوە گەنجینەی حكومەت.
2.سیاسەتی نەوتی هەڵەی چەند ساڵی ڕابووردوو ڕاستبكاتەوەو بەشەفافانە بیبات بەڕێوە.
3.بگەڕێت بەدوای دۆزینەوەی سەرچاوەی داهاتی تر بۆ حكومەتی هەرێم.
4.یاسا سەروەر بكات و ڕێگە بەهیچ جۆرە زیادەڕەویەك نەدرێت بۆ سەر موڵك و ماڵی گشتی و حكومەت و شكۆ و هێزی حكومەت پیشان هەموان بداتەوە بەبێ‌ جیاوازی.
5.هەڵمەتێكی جدی دژی گەندەڵی بەرپا بكات لەسەر هەموو ئاست و ئۆرگان و ناوچەكاندا.
6.ڕێز لەیاسا و ڕێساكانی پەڕلەمانی ئایندە بگرێت .
7.پەیوەندیەكانی لەگەڵ بەغداد گەرموگوڕتر بكاتەوە و سەرجەم كێشە هەڵواسراوەكان لەچوارچێوەی دەستوری عێراقیدا چارەسەر بكەن وەك كێشەی ناوچە دابڕێنراوەكان و مادەی 140ی دەستوری و هێزی پێشمەرگە و پشكی هەرێم لەبودجەی عێراق و سنور و دەسەڵاتەكانی هەردوولا و مەسەلەی نەوت و غازی سروشتی و ..هتد.
8.پەیوەندیەكی دۆستانەش لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و زلهێزەكانیش دروست بكات بەبەرژەوەندی كوردستان.
بەم شێوەیە دەتوانێت زۆر كاری گەورە و خزمەت پێشكەش بكات بەهەموان ،گەرچی نرخی نەوتیش  بەرز نەبێتەوە لە بازاڕەكانی جیهاندا،كە بەداخەوە بۆتە تاكە سەرچاوەی داهاتی حكومەتی هەرێم.


حكومەتی ئایندەش دەبێت لەڕووی پێكهاتەكەشیەوە حكومەتێكی ڕەشیق و كەم و پوخت و توندتۆڵ بێت و ژمارەی وەزارەت و دەزگا و فەرمانگەكانی كەم بكاتەوە و چاوێكیش بخشێنێتەوە بە یاسای مووچە و دەرماڵەكاندا و بەیاسا ڕێكیان بخاتەوەو هاوسەنگیەگ ڕابگرێت لەنێوان چینەكانی خوراوو پلە باڵاكاندا.


حكومەتێك بێت دوور لە پشكپشكێنەی حیزبایتی و دوور لە حكومەتی بنكە فراوان،چونكە بە كردارەكی و لە كابینەكانی ڕابووردوودا و بەتایبەتیش كابینەی هەشتدا  شكستی حكومەتی بنكە فراوانمان بینی كە تەنها بۆ دڵڕازیكردنی هەموان بوو،بەڵام نەتوانرا كاری گەورە و سەركەوتنیش بەدەستبێنێت،بۆیە هەق وایە حكومەتێك بێت كە لە لایەنی سەركەوتوو و خاوەن نفوز و هێز و خاك بێت و بتوانێت ئامانج و دروشمەكانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان وەدیبێنێت،حكومەتێك بێت كە بتوانێت خزمەت بەهەموان بكات بەبێ‌ جیاوازی دوور لەگەندەڵی و دزینی سەروەت و سامانی میلەت و هەوڵی خۆشگوزەرانی و پێشكەوتن و ئاوەدانی زیاتری وڵات بدات.حكومەتێك بێت بەمانای وشە و دەسەڵاتداریش بێت ولاواز و بێدەسەڵات نەبێت لەبەرامبەر حیزب و سەركردە سیاسیەكاندا.


حكومەتێك بێت نیوە حكومەت و نیوە ئۆپۆزسۆن نەبێت.بۆیە ناكرێت تاسەر بەناو و بەبیانوی ناسكی ئەزموون و دۆخی سیاسی و ئابوری هەرێم دڵی هەموان ڕازیبكرێت،بۆیە هەمیشە و لەدونیاشدا وابوە تەنها ئەو حكومەتانە سەركەوتون كە تەبا و گونجاو و نزیك بون لەیەكەوە و توانیویانە بەتەنها یان دووقۆڵی حكومەت پێكبێنن،باشترین نمونەش حكومەتی ((ئاكەپەیە كە بۆماوەی 15 ساڵە لە مێژووی دەوڵەتی توركیادا حكومەتێكی سەركەوتوی پێكهێناوە دوور لە حكومەتی ئیئتیلافی))،ڕاستە ناكرێت كۆپی حكومەتی توركیا بكەین بەڵام لەدونیای پێشكەوتوو ودیموكراسیشدا هەر ئەو جۆرە حكومەتانە سەركەوتووبن. بۆیە بۆ تەندرستی و ساغڵەمی سیستەمی حوكمڕانیەكەشمان گەرەكە  كە هێزی دەسەڵاتدار و هێزی ئۆپۆزسیۆنیش هەبێت،چونكە دەركەوت ئەو هێزانە كە بە وەزیرێك یان دووان و سیانیش بەشداربوون نەیانتوانیوە كە گۆڕانكاری و خزمەتی گەورە پێشكەش بكەن،لەلایەك بەهۆی نەتوانین و بێ‌ ئەزمونی خۆیان وتۆخكردنەوەی حیزبایەتی و لەلایەكی تریشەوە بەهۆی ڕێگەگرتن و نەهێشتن و بەربەست دروستكردنی حیزبە دەسەڵاتدارەكانەوە بوە.


• بۆیە بەدڵنیایی حكومەتێك دەبێتە دڵخواز و جێگەی ویستی جەماوەری میلەتەكەمان كە بتوانێت:
1. مووچە مانگانەی مووچەخۆران و فەرمانبەران بێ‌ پاشكەوت و لەكاتی خۆیدا دابین بكات.
2. ئاوەدانی و هەلی كار و خزمەتی زیاتر پێشكەش بكات.
3. ئاشتی و ئارامی كوردستان بپارێزێت و دابینی بكات.
4. دوور بكەوێتەوە لەنانەوەی كێشە و ململانێ‌ لەگەڵ بەغداد و دەرودراوسَی و زلهێزەكاندا.
5. كوردستانێكی ئارام و بەهێز و یەكگرتوش بێنێتە ئاراوە كە هەموان لەسایەیدا بحەوێنەوە و ببوژێنەوە.


بەم شێوەیە دەكرێت حكومەت و كابینەی نۆیەم سەركەوتوو بێت و هەموان لە ساڵانی ئایندەتردا هیوای بۆ بخوازین و كابینەكانی داهاتووتریش لەسەر ڕچە و ڕێباز و كار و كردەوە و پلانی ئەو  درێژە بەكاروانی خزمەتكردن و ئاوەدانی و گەشە و ئارامی وڵات بدەن،ئەمەش بە كەسانی لێهاتوو و شیاو و نوێخواز و بەهێز و بیرتیژ و ئایندە بینیەكی فراوان دەكرێت نەك بە كەسانی كۆنەپارێز و دووبارە بۆوە و عەقڵ دۆگما و بیر تەسكی حیزبایەتی و ناوچەگەرێتی و ..هتد.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP