شوێن بزركردنی خاشقچی لە سایەی دەسەڵاتەكانی نێردە دبلۆماسیەكان

هیوا سەید سەلیم - 3-11-2018 - 1709 جار خوێندراوەتەوە


كاری دبلۆماسی لە نێوان ڵاتان بەر لەوەی بخرێتە نێو چوارچێوەی رێكەوتنامەی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای عورفی دەولی كاری پێدەكرا، بەڵام بەهۆی گرنگی ئەو بوارە لە پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان، ساڵی 1961 بە پێی رێكەوتنامەی ڤێنای نێودەوڵەتی، لە (53) مادەد پێكهاتە و دەسەڵات و مافی نێردە دبلۆماسیەكان رێكخراوە، كە بە رێكەوتنامەی ڤێنا بۆ كاری دبلۆماسی ناسراوە،  وە لە ساڵی 1963 رێكەتنامەیەكی تری بۆ زیادكرا كە ئەویش كار و دەسەلاتی نێردە دبلۆماسیەكان رێكدەخات.

ماوەی مانگێكە تەواوی جیهانی  سەرقالە بە پرسی شوون بزركردنی رۆژنامەنووس جمال خاشقچی،  بە خوێندنەوەیەكی یاسایانە بۆ دەسەڵاتەكانی نێردە دبلۆماسیەكان تێدەگەین كە دەولەتی سعودیە بە گشتی و ستافی نێردە دبلۆماسیەكەی لە وڵاتی توركیا چۆن سوودیان لە دەسەڵاتەكانی كونسڵیە بینیوە بۆ ئەم كارەیان.

سەرەتا دەپرسین كە خاشقچی بووچی سەردانی كونسلیەی سعودیەی لە ئەسنەبۆل كرد بۆچی بۆ كارەكەی نەچوو بۆ بالوێزخانەی سعودیە كە بارەگاكەی لە ئەنقەڕەی پایتەختی توركیایە؟ . ئەو پرسیارە ئەوە دەردەخات كە رۆژنامەنووسە سعودیەكە بۆ كارێكی ئیداری سەردانی كونسڵیەیی وڵاتەكەی كردووە چونكە كارە ئیداریەكان لە دەسەڵاتی كونسڵیەیە و پێویستیان بە باڵوێزخانەنیە.

لە رووی یاساییەوە كونسڵیەی سعودیە چۆن توانی پرسی خاشقچی شوونبزر بكات؟. لەبەرامبەردا ئایا  لەرووی سیاسیەوە سعودیه‌ چ هەڵەیەكی كرد كە بەم شێوەیە لێی لە هەڵادرا؟  هەڵەیەكی وا  كە ئێستا سعودیەكان چوونەتە ناو تونێلێك دەرچوونیان ئاسان نەبێت.

لە رێكەوتنامەی ڤێنای ساڵی 1963 بۆ كاری نێردە دبلۆماسیەكان، لە ماددەی (28) هاتووە، وڵاتی خانەخوێ كە بارەگای نێردە دبلۆماسیەكە میوانداری دەكات دەبێت تەواوی كارئاسانی بكات بۆ رایكردنی كارەكانی نێردەی دبلۆماسی لە ئازادی هاتووچۆ و پاراستنی بارەگا و ماڵی ستافی دبلۆماسی.

كونسڵخانەی سعودیە لە توركیا بۆ ئەو كارەی كە بەرامەبەر نەیارە سیاسیەكەی كردی زۆر سوودی لەو دەسەڵاتانە بینیوە كە بەهەر نێردەیەكی دبلۆماسی دەدرێت، بۆیە توانیویەتی خاشقچی شوونبزر بكات، بەڵام لە پاڵ هەموو ئەمانەدا كاتێك خاشقچی لە دوای سەردانیكردنی بۆ كونسڵیەی ولاتەكەی دیار نامێنێت بەرپرسانی كونسڵیە ڕایدەگەیەنن كە ئەو كەسە دوای چوونی بۆ ئەو شوێنە دواتر دەرچووە، ئەمەیان لەزمەیەكی سیاسی دەبێت كە لە بەرپرسلنی كونسڵیە دەگیرێت و دواتریش سعودیە ناچار دەكرێت دەبێت چارەنووسی ئەو رۆژنامەنووسە ئاشكرا بكات.

ئێستا كە چارەنووسی خاشقچی بە كوژراویش دیاری نیە داواكان لە سعودیە ئەوەیە كە دەبێت شوێنی  تەرمەكەی ئاشكرا بكات، چونكە هەمووان كۆكن لەسەر ئەوەی كە ئەو رۆژنامەنووسە لە ژیان نەماوە، ئەی باشە ئەگەر وایە تەرمی خاشقچی چۆن لە كونسڵیە هاتۆتە دەرەوە و بۆ كوێ بردراوە؟

ماددەكانی(34- 35) لە رێكەوتنامەی ڤێنای 1963 دەكرێت دەرچەیەكی یاسایی باش بووبن كە بەرپرسانی كونسلیەی سعودیە قۆستبیانەوە بۆ شاردنەوەی تەرمی خاشقچی، ماددەی (34) باس لە ئازادی هاتووچۆی ستافی نێردەی دبلۆماسی دەكات، ئەو ماددەیە بەڕوونی ئاماژەی كردووە بەوەی كە ولاتی خانەخوێ بۆی نیە كۆسپ لەبەردەم هاتوچۆی نێردە دبلۆماسیەكان درووست بكات و سەیارەكانیان بپشكنێت، هەروەها لە ماددەی (35) خاڵی (3) هاتووە كە جانتای دبلۆماسی یان هەر بەریدێكی تر كە هێمای كاری دبلۆماسی بەسەرەوە بێت نابێت بپشكندرێت، لەو حاڵەتەشی كە گومانی دەكەوێتە سەر دەبێت بۆ پشكنینی ڕەزامەندنی سەرۆكی نێردەی دبلۆماسی وەربگیرێت، وە ئەگەر سەرۆكی نێردە دبلۆماسیەكە بە پشكنینەكەی ڕازی نەبووە ئەو دەوڵەتە تەنیا بۆی هەیە ئەو جانتایە بگەڕێنێتەوە.

لێرەدا تێدەگەین كە رێگای تێدەچێت كەكونسڵیەی  سعودیە تەرمی خاشقچی گواستبێتەوە بۆ ولاتەكەی بە قۆستنەوەی ئەو دەسەلاتانەی  كە یاسا بە نێردە دبلۆماسیەكەی داوە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP