هەرئێستا

پاشکۆیەتی ناچاری!!

ره‌زوان یاڵانپێی - 21-10-2018 - 9715 جار خوێندراوەتەوە


لە سەرەتاکانی سەدەی شانزەهەمی زاینیدا ئیمپراتۆریای عوسمانی و ئێرانی کە هەر دولایان لە چەرخانی زێڕینی خۆیاندا بون و هەریەکەیان دەیویست لە سەر حسابی بەرانبەرەکەی هەنگاوی فراوانخوازانە بهاوێ، کوردستان  لە هاوکێشەی ئەم ململانێ سیاسی و عەسکەریەدا بو بە شانۆی جەنگ  لەشکرکێشیەکانی هەردولا و زۆربەی جەنگەکانی نێوانیان بە کوردستاندا تێپەڕ دەبون.

بەو پێیەی کوردستان ناوچەی سنوری جیاکەرەوە بو لە نێوان هەردو دەسەڵات و دەرگایەکی کراوەش بوو بۆ لەشکرکێشیەکانی ئێران بۆ سەر ناوچەکانی عێراقی عەرەبی، کە شوێنە پیرۆزە ئاینیەکانی شیعەی بەخۆوە گرتبو و هەمیشە بۆ ئێرانیەکان مەڵبەندێکی ڕۆحی یەکجار پیرۆز بوو.

لە نێوان ئەم دو بلۆکبەندیە ناکۆکە مەزهەبی_نەتەوەییەدا میرو بەگە کوردەکان کە زۆربەیان سونی مەزهەب بون نەیانتوانی ببن بە هێزی سێیەم لە ناوچەکەدا. پرسیارێکی جەوهەری دێتە ئاراوە کە بۆچی کوردەکان نەیانتوانی وەک دەوڵەتی بێ لایەن یا لایەنی سێیەم یا خود نەیتوانی سنوری وڵاتی خۆی بپارێزێ؟

 بە دڵنیایەوە بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەگەڕێینەوە بۆ تێگەشتن لە هۆکارە سۆسیۆ-کولتوری و جیۆپۆلیتیەکان،لە  شەرەفنامەی شەرەفخانی بدلیسیدا هاتوە کە لەو قۆناغەدا میرو بەگە کوردەکان هەریەکەیان لە لایەکەوە بۆ خۆی ئاڵای سەربەخۆیی هەڵکردبوو و لە سەر دوند و قەڵا و کێوەکان دەژیان جگە لە خوا بە یەک زانین هیچ جۆرە یەکیەتیەکیان نەبوو.

خەلیفەکانی عوسمانیش ئەوەندەی بۆیان کرابا لە گەڵ میرانی کوردستان بە تەبایی دەژیان، حەزیان نەدەکرد لە خۆیانیان بوروژێنن، تەنانەت کە شتێک نەیدەهێشت کوردستانێکی یەکپارچە لە ژێر ناوەندێکی دەسەڵاتداری کورددا دروست ببێ، فەرهەنگ و کەلتوری دواکەوتو و بەرچاوتەنگانەی نیزامی خێڵەکی و قەبیلەی و هۆزی کوردەکان بوو، کە بە توندی پێشی بەم مەسەلەیە گرتبوو.

سروشتی کوردستانیش هاوکاری و یارمەتیدەری نیزامە خێڵەکیەکە بو، ناوچە شاخاویەکانیش پارێزەرو پاڵپشتیان بوو، ئیجازەیان بە خێڵەکان دەدا هزرو بیریان لە چوارچێوەی ژیانی بەرتەسکی دەوربەری خۆیان بەولاوە تر بڕ بکات.

هێرشەکانی سەفەوی بۆ سەر کوردستان و تاڵانی و بڕۆیی کوشت و کوشتاری خەڵکی کوردستان و سیاسەتی دژە کوردانەی شای سەفەوی و هەوڵدان بۆ نەهێشتنێ میرایەتی پاشاو بەگە کوردەکان، هەر هێندەیان بۆ کورد هێشتەوە کە بکەونە داوی پاڵپشتیکردنی ئیمپراتۆریایی عوسمانی بۆ خۆوەدورگرتن لە زوڵم زۆرداری سەفەویەکان، ئەمەش یەکەمین هەنگاوی پاشکۆییەتی ناچاری بو کە دواتر بوە ترادسیۆنێک کە هێشتا ئاسەوارە سلبی و خراپەکانی ماون.

ئەم پاشکۆیەتی و دابەش کردنەی کوردستان بە درێژایی نزیکەی پێنج سەدە درێژ بوەتەوە و لەگەڵ خۆی ئەو کولتورە سەقەت و ویراسیە بۆماوەیەی بۆ ماوەتەوە و لە گەڵ خۆی بە بێ دابڕان هێناوەو تا ئێستاش کۆڵەواری دەستی لە مێژینەی عوسمانی و سەفەوی جاران و ئێستای تورکیاو ئێرانین.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP