بەرهەم ساڵح، لەو دیو دیواری ناوچی سەوز

هیوا سەید سەلیم - 19-10-2018 - 16885 جار خوێندراوەتەوە


كە وەڵات بە بارێكی نائاسایی تێپەڕیكرد، دەسەڵاتداران بۆ قایمكردنی دەسەڵات و پاراستنی سەلامەتی خۆیان بیر لە شوێنێك دەكەنەوە كە گرەنتی پاراستنیان بكات، لە عێراقی ئەمرۆشماندا ئەو شوێنەی كە بۆتە پەناگەی بەرپرسە باڵاكان  بریتیە لەو ناوچەیەی كە هەموومان وەك  ناوچەی سەوز پێی ئاشناین.

   ناوچەی سەوز بەو  ئەو ناوچەیە دەڵێن كە هاوپەیمانان سالی 2003 دوای ڕوخانی رژێمی سەدام كردیانە شوێنی ئارام بۆ بارەگاكانی حكومەتی عێراقی و هەروەها بارەگای سەرەكی هێزەكانی هاوپەیمانان، لەپاڵ ئەمانەشدا باڵوێزخانەی هەریەك لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و بەریتانیا ورێكخراوە نێودەوڵەتیەكان بارەگاكانیان لەو ناوچانە دامەزراند.

ناوچەی سەوز كە سەردەمی رژێمی بەعسیش كۆشكەكانی سەرۆك كۆمار بارەگا و ماڵی وەزیرەكانی لێ بوو،  ئەوسا پێی دەوترا كەرادە مریەم ، رووپێوی ئەو ناوچەیە  10 كم دەبێت.

لە ساڵی 2003 تا ئێستاشی لەگەل دابێت بوونی بارەگا سەرەكیەكانی حكومەتی عێراق و مالی بەرپرسە باڵاكانی حزبی و حكومی لە ناوچەی سەوز بۆتە مایەی ڕەخنەی زۆرێك لە هاوڵاتیانی عێراقی، تەنانەت زۆر جار ناوچەی سەوز كراوەتە ئامانجی كردەوە تیرۆرستیەكان.

حیدەر عەبادی لە دواساتەكانی حوكمڕانی خۆیدا بڕیاردەردەكات كە  دەرگای ئەو ناوچەیە بەڕووی هاولاتیان ئاوەڵابكات، بەهەمان شێوەش عادل عەبدوالمهدی ڕایدەگەیەنێت كە ئەگەر شانسی سەرۆك وەزیرانی پێبدرێت بارەگای حكومەت لە ناوچەی سەوز دەگوازێتەوە تا نزیك بێتەوە لە هاولاتیانی عێراقی.  

هەموو ئەو هەڵوێست و لێدوانانەی بەرپرسانی عێراقی لەژێر فشاری تەوژمی ناڕەزایەتی جەماوەری دێت، چونكە لە ڕابردوودا خەلكی عێراق پێیان وابوو دەسەڵاتدارانی عێراق لە دۆڵێكن و خەڵكیش لە دۆڵێكی تر.

دكتۆر بەرهەم وەك سەرۆك كۆماری تازە یەكەم بەرپرسی باڵای عێراقیە كە دێت بەڵێنەكان دەكاتە كردار و دیواری ناوچەی سەوز دەبڕێت و دێتە ناو جەماوەر،  سەردانی بەرهەم ساڵح بۆ شەقامی موتەنەبی و بەسەركردنەوەی رۆشەنبیران و خەلك لە رۆژی هەینی نیاز پاكی بەرپرسانی تازەی عێراقی نیاشن دەدەن كە ئارەزوومەندن لەمەودوا لەودیو دیواری ناوچەی سەوز لەگەل خەڵك و جەماوەر بن.

دۆخی ئێستای عێراق بەتایبەت دوای تەوژمی نارەزایەتی خەلك لە پارێزگای بەسرە و پشتیوانی دانیشتوانی بەغدا لەو ناڕەزایانە و هەموو ئەو بەڵێنانەی كە موقتەدا سەدر بە خەلكی داوە،  لە بەرپرسانی عێراق دەخوازێت چیتر خۆیان لە كۆشكەكانی ناوچەی سەوز قایم نەكەن بگرە بێنە ناو خەڵك و جەماوەر تا لە نزیكەوە گوێبیستی داخوازی و ناڕەزایەكانی خەلك بن.

ئەوەشی كە دكتۆر بەرهەم  لە رۆژی هەینی وەك سەرۆك كۆماری عێراق كردی،  دەستپێكی ئەو كارەیە، بۆیە دەبێت پشتیوانی لێبكرێت، سەرۆكیش لەو جۆرە كارانە بەردەوام بێت.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP