کاک نەوشیروانم چۆن بینیەوە

سالار مه‌حمود - 13-10-2018 - 13064 جار خوێندراوەتەوە


بە رێکەوت نییە کەسانێک لە سیمایانا چەندین کەسی تر ببینی، یا کەسانێک تام و بۆی چەندین کەسی تر بدەن.. رێک بۆ کاک نەوشیروان ئەو قسەیەم لا بەرجەستە بوو کاتێ بەر لە دوو ساڵ و لەلەندەن چوومە سەردانی. ئەوەی لەمێژووی بزوتنەوەی نوێی کودایەتیدا باسی تایبەتمەندیەکانی (کاک ئارام و د خالیید و عەلی عەسکەری و ئازاد هەورامی و خاڵە شیهاب) دەکەن لەودا بەدیمکرد. ئەو لەو لەندەنەوە هێشتا سیمای، سیمای چیاو  رەنگی پێدەشتە هەڵقرچاوەکانی گەرمیان بوو.

لە پێش دروستبوونی گۆڕان چەندین جار لەگەڵی دانیشتووم، زۆربەی جارەکان لە قسەی من توڕە دەبوو، لەدوای هەشت ساڵ بینیمەوە کەسێک زۆر ئاگاداری درشتی مێژووی دورو ، هەرخۆیشی کارەکتەری پڕ زاکیرەی مێژووی نزیکی رووداوەکانی کوردستان بێ، بەهەموو خەسڵەتەوەو دوای ماوەیەک لە نەبینین بەو بینینە دەڵێن دیداری تایبەت. 

پێم گوت لەناو یەکێتیدا نەماندەوێرا سەیری ناوچاوت بکەین بەڵام دەمبینی لەناو گۆڕان ئەو هەموو گەنجە لەسەرووی خۆتەوە دەبینران و لەباخچەکەدا دەردەکەوتن و باسیان دەکرد وامان بەکاک نەوشیروان وت و وا مناقەشەمان کرد،  دەرفەتم بدە چەند باس و پرسیارێک بکەم کە تەنیا پرسیاری خۆمن وتی هەرچی هەیە بڵێ و کاتمان هەیە.

لەسەر کەسایەتی چەندین کارەکتەری یەکێتی و دەرەوەی هەندێ  قسەی کرد کە من دەمویست رای ئەو بزانم باسکردن نییە لە ئێستادا، 
باسی زیانە گەورەکانی شەڕی داعشی کرد کە پرۆسەی گۆڕانکاری لە کوردستانی عیراقدا بۆ چەندین ساڵ دواخست. ئەو پەشیمان نەبوو لە پشتگیریکردنی ئەو سەدان گەنجەی لە رێگەی پشتگیری ئەوەوە گەیشتنە ناوەندە سیاسیە باڵاو نیمچە باڵاکان. لەسەر شێوازی گێڕانەوەی ناوچە دابڕێنراوەکان خەمی گەورەی هەبوو باسی پرۆژەی دروستکردنی مسگەوتەنات و گوندی هاوچەرخی کرد لەو ناوچانەو بایەخدان بە کشتوکاڵیان و تەنانەت بە جۆرێک خۆیان بتوانن لەکاتی مەترسیدا خۆیان بتوانن دیفاع لەخۆیان بکەن و خۆ بپارێزن، نمونەی کوڵەجۆی هێنایەوە بۆ شوێنەکەنای تریش هاوشێوە کە شەش سەد خانوو دروستکرا، وتی پرۆژەکەم داوە بەدوو کەسی تر بەڵام جێبەجێ نەکرا.

وتی یەکێتی هێشتا وزە گەورەکەی کادرەکانیەتی کادری گەنجی زۆر باشی تێدایە گەر دەرفەتیان بدرێتێ دەتوانن باشتر ئیدارەی بارودۆخەکە بدەن.
بۆ نیو سەعات رۆیشتین و زیاتر لە سەعاتێک و بیست دەقە دانیشتین، کتێبی ( بەرپرسیارێتی پەرلەمان لەناساندنی جینۆساید)م لەگەڵ دەستی خۆم بۆ برد.

سێ کوڕی گەنجم لەگەڵ بوو کە خوێندن  کەسابەتی خۆیان لەوێ بوو. باسی ئەو هەموو گەنجە خوێندەوارەم بۆی کرد کە لەهەندەران هەن و حزبەکانی کوردستان ناتوانن باش رێکیان بخەن  بە گۆڕانیشەوە، بەر لەو دیدارە بەهەفتەیەک لە کۆنفرانسێک بووم لەپەرلەمانی ئەوروپاو چەند گەنجێکی کوردی  دانیشتووی ئەوروپام ناسی، هەروەها دوو رۆژ دواتر لە کۆنفرانسەکەی برۆکسل، لەپەرلەمانی بەریتانیا کۆڕێکم بۆ رێکخرابوو  لەو کۆڕەشدا چەندین کەسی ترم بینی کە خوێندنیان لەوێ تەواو کربوو زۆر بەئاگاو زیتەڵ بوون. 
ئەو پرسیاری کۆڕەکەو کۆنفرانسەکەشی لێ کردم دیاربوو ئاگاداربوو.
جگەرەیەکی تری داگیرساند، گاڵۆکەیەکی لە لای دەستە چەپیەوە دانرابوو، چاوی تۆزێ ئاوی دەکردو زوو زوو بە  
دەستەسڕەکەی دەستی دەیسڕی، سەرەتای نەخۆشیەکەی بەلاوازبوونی جەستەیەوە دەرکەوتبوو، بەڵام پڕ ورەو زاکیرەی زۆر باش بوو، سیحری گەورەی ئەو پیاوە  سادەییەکەی خاکێتیە نەگۆڕەکەی بوو،
ساڵی ۲٠٠٤ کە باوکم مرد ئەو لەگەڵ (عادل شکورو ئاواتی شێخ جەناب و مەحمو بیکەیسی) هات سەری لێمان دا لەماڵەوە لەکەلار.
کاک نەوشیرون  هەقی بەسەرمانەوە هەبوو، هەقی بەسەر  زۆر کەسی ئەم کوردستانە هەبوو،
قسەیەک کە دەشێ بیکەم و ئەشێ نەشی کەم بەڵام لە باسی  کاک نەوشیرواندا هەمیشە مام جەلال ئامادەیی هەیە،
وەک چۆن لە باسی زۆر وێستگەی ژیانی مام جەلال کاک نەوشیروانیش نزیکترینە.
ئەو وتی چۆن لەگەڵ ئەم حەرکەتە نه هاتی وتم کاک نەوشیروان لەنێوان (تۆو مامجەلال)دا، مام جەلالم هەڵبژارد. بزیەکی کردو لە قسەکانمان بەردەوام بووین. لە رۆیشتن و ماڵئاوایی کردنا تا دەرەوە هات لەگەڵمان تا رۆیشتینیش  و بەڕێکردنمان لەلایەن کاک نماوە ئەو هەر لەبەر دەرگاکە وەستابوو.  کەسێک من بناسێ دەزانێ هەرگیز ریاییم بۆ کەس نەکردوە. بەڵام بەماناو پێوەرەکانی سەرکردە،  نەوشیروان مستەفا سەرکردەی راستەقینەبوو. کورد لە ئێستادا لەشکرێک بەناو سەرکردەی هەیە، بەڵام لەهەموو کاتێ زیاتر بێسەرترینە..

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP