ره‌وانشادان وایان ووت

مەریوان عەلی محەممەد - 12-10-2018 - 8565 جار خوێندراوەتەوە

ئه‌گه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنێكى پیشه‌یی و بابه‌تیی بۆ رابردووى دوورى ناوخۆیی سیاسیی له‌ رووى پێگه‌ى جه‌ماوه‌ریی بۆ هه‌ریه‌ك له‌حزبه‌ سیاسییه‌كانى سه‌رگۆره‌پانى هه‌رێمى كوردستان بكرێت به‌تایبه‌تى ئه‌و حزبانه‌ى كه‌ تواناى ئاراسته‌كردنى خیتابی سیاسیی و جوڵاندنى شه‌قامیان هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ رابردووى نزیكى ئه‌و حزبانه‌ به‌تایبه‌تییتر له‌ دواى كۆچى دوایی هه‌ردوو ره‌وانشاد مام جه‌لال و نه‌وشیروان له‌ یه‌كێتی و گۆران و بومه‌له‌رزه‌كه‌ى ریفراندۆم  له‌  پارتى و بارزانى ، له‌لایه‌كى دیكه‌ش له‌دواى ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ تاقه‌تپرۆكێنه‌ى به‌هۆى دابه‌زینی نرخى  نه‌وت و شه‌رى داعش به‌رۆكى تاكى هاوڵاتیانى ئه‌م هه‌رێمه‌ى گرت ، سه‌نگ و قورسایی هه‌ر یه‌ك له‌و سێ حزبه‌ سه‌ره‌كییه‌ كاریگه‌ره‌،  به‌رێژه‌ى نیمچه‌ روون له‌قه‌پانى دوو هه‌ڵبژاردنى ئه‌م دواییه‌ى په‌رله‌مانى عیراق و په‌رله‌مانى كودستان  ده‌ركه‌وتن ، ده‌ركه‌وتنه‌كه‌ش له‌و واقیعه‌ حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ى نێو سنورى ئه‌م هه‌رێمه‌ى ئێمه‌دا،  به‌راست و ره‌وان پێمان ده‌ڵێ پارتى له‌ سنورى قه‌له‌مره‌ویی زۆنى زه‌رد ژماره‌یه‌كى گه‌وره‌یه‌ و هه‌ردوو لایه‌كه‌ى دیكه‌ش له‌یه‌كێتى گۆران له‌م زۆنه‌ى ئه‌مدیو ژماره‌یه‌كى گه‌وره‌ن، ئه‌گه‌ر به‌زمانى داتا و ژماره‌ دوور له‌هه‌ر ده‌مارگیرییه‌كى حزبیی ووردبینیى بۆ پێگه‌ى ئه‌و سێ لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌ بكرێت ، ده‌رده‌كه‌وێت نه‌ یه‌كێتى به‌ته‌نیا ده‌توانێت ركابه‌ر و ململانێى پارتى بكات نه‌ گۆڕان، ئه‌م واقیعه‌ هه‌بووه‌ بوونى خۆى له‌دواى كۆمه‌ڵێك قه‌یرانى جۆراوجۆره‌وه‌ سه‌پاندووه‌ و ئه‌نجامه‌كه‌شى له‌دواى كۆى ده‌رهاویشته‌ى قه‌یرانه‌كان بۆ هه‌موو لایه‌ك روونكردۆته‌وه‌، هه‌ر به‌و ده‌رئه‌نجامه‌ش ئه‌گه‌ر بزوتنه‌وه‌ى گۆران له‌حكومه‌ته‌كه‌ى ئه‌مجاره‌ بۆماوه‌ى نیو خول به‌شداریی كرد ، هه‌ردوولایه‌كه‌ى دیكه‌ له‌ یه‌كێتی و پارتى له‌ماوه‌ى 27  ساڵى رابردوودا پێكه‌وه‌ له‌ حكومه‌تێكى بنكه‌ فراواندا به‌شداربوون و ئه‌نجامه‌كه‌شى ئه‌وه‌ى ئێستاى لێكه‌وتۆته‌وه‌ كه‌ پڕه‌ له‌ گله‌یی گازنده‌ ، بێگومان له‌ حكومرانیی له‌ جۆره‌شدا نه‌ لایه‌نى دڵسۆز و خه‌مخۆرى میلله‌ت چاكه‌كارییه‌كانى ده‌رده‌كه‌وێت نه‌ لایه‌نى كه‌مته‌رخه‌میش خراپكارییه‌كانى ده‌رده‌كه‌وێت، بۆیه‌ له‌دواى ئه‌و حكومرانییه‌ى چه‌ند ساڵى رابردووى هه‌رێمى كوردستان له‌ حكومه‌تى بنكه‌ فراوان هه‌ردوو ره‌وانشاد مام جه‌لال و كاك نه‌وشیروان نه‌خشه‌رێگایه‌كیان    بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى ئه‌و ئاڵۆزییه‌ سیاسییه‌ى سه‌رگۆره‌پانى كوردستان نه‌خشاند بۆ ئه‌وه‌ى رێره‌وى حكومرانیی سیاسیی بكه‌وێته‌ سه‌ر شارێگا و سكه‌ى خۆى و رێكه‌تننامه‌یه‌كى سیاسییان له‌نێوان یه‌كێتی و گۆراندا  ئیمزا كرد.

گه‌لۆ كاتێك ره‌وانشاد مام جه‌لال پشتگیرى كاك نه‌وشیروانى كرد بۆ رێكه‌وتنه‌ سیاسییه‌كه‌ى نێوان یه‌كێتى و گۆران  له‌به‌ر  عاتیفه‌و سۆزى نه‌بوو بۆ كاك نه‌وشیروان هه‌روه‌ك بۆ دژایه‌تى هیچ لایه‌نێكى دیكه‌ش نه‌بوو ، به‌ڵكو خوێندنه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندێكى سیاسیی واعقیبینانه‌ى ئه‌و پیاوه‌ مه‌زنه‌ بوو كه‌ واده‌خوازرێت بۆ له‌مه‌ودوا و داهاتووى ئه‌م هه‌رێمه‌ دوو لایه‌نى به‌هێز ركابه‌ر و ململانێی سیاسیی شه‌ریفانه‌ى یه‌كتر بكه‌ن و لایه‌نى به‌هێز بۆحكومران و لایه‌نه‌كانى به‌رامبه‌ریش بۆ ئۆپۆزسیۆن ، چونكه‌ دیموكراسییه‌ت له‌هیچ وڵاتێكدا به‌بێ ئۆپۆزسیۆنێكى به‌هێز بوونى نه‌بووه‌ و نابێت . 

ئه‌مرۆى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌روبه‌ندى پێكهێنانى حكومه‌تى نوێیه‌، ئه‌مجاره‌ لێره‌و له‌وێ باسى حكومه‌تى زۆرینه‌ ده‌كرێت ، بێگومان كرۆكى حكومرانیی ته‌ندروست له‌ حكومه‌تى زۆرینه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت ئه‌وكه‌سه‌شى له‌ئه‌لف و بێی سیاسیه‌تى حكومرانیی تێگه‌یشتنى هه‌بێ، درك به‌باشییه‌كانى حكومه‌تى زۆرینه‌ ده‌كات ، هه‌ڵبه‌ته‌ حكومه‌تى بنكه‌ فراوان دروستكراوى حزبه‌كانى ئێمه‌ش نییه‌ و له‌ هه‌ندێ شوێندا په‌یره‌وكراوه‌ ، به‌ڵام هه‌میشه‌ حكومه‌تى بنكه‌ فراوان له‌دۆخى تایبه‌تدا په‌یره‌وكراو بۆ هه‌میشه‌ نه‌بووه‌ ، هه‌روه‌ك له‌ده‌ستوورى هیچ وڵاتێكیشدا جگه‌ له‌ حكومه‌تى زۆرینه‌ یاخود  ئیئتلافیكردن بۆ دروستكردنى زۆرینه‌  هیچ ده‌سته‌واژه‌یه‌كى دیكه‌ نه‌هاتووه‌. به‌ڵێ ده‌كرێت هیچ نه‌بێ بۆ یه‌كجاریش بێ حكومه‌تى زۆرینه‌ تاقیبكرێته‌وه‌ به‌ڵام زۆریش پێویسته‌ ره‌چاوى واقیعى سیاسیی هه‌رێم بكرێت و لاى خۆمان به‌ ئه‌مریكا و ئه‌وروپا نه‌شوبهێنرێت ، ناكرێت له‌سه‌ره‌تاو قۆناغى یه‌كه‌مى حكومرانیی حكومه‌تى زۆرینه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان  لایه‌نى حكومران پێى وابێ ده‌سه‌ڵاتى به‌سه‌ر زۆنه‌ جیاوازه‌كه‌دا ده‌شكێت، به‌ڵكو پێویسته‌ و زۆریش پێویسته‌ پێشتر وبه‌رله‌وه‌ى بیر له‌وجۆره‌ حكومرانییه‌ بكرێته‌وه‌ ، سستمى لامه‌ركه‌زیى به‌هه‌موو پێوه‌ره‌ یاسایی و ئیدارییه‌كانى له‌ پارێزگاكاندا په‌یره‌و بكرێت و ده‌سه‌ڵاتى یاسایی ته‌واو به‌حكومه‌تى خۆجێیی پارێزگاكان بدرێت بۆ راییكردنى كاره‌ناوخۆییه‌كانیان به‌بێ گه‌رانه‌وه‌ بۆ ناوه‌ند، چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ره‌تاو ده‌ستپێكى یه‌كه‌مى حكومه‌تى زۆرینه‌، لایه‌نى براوه‌ پێى وابێ له‌م واقیعه‌ى ئه‌مرۆى هه‌رێمى كوردستان ده‌توانێت حكومه‌تى موتڵه‌قى زۆنه‌كان بێ ، بابیریشى لێنه‌كاته‌وه‌.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP