بەرهەم ساڵح چی بە ئەحمەدی نەژاد گوت؟

صمد محمد - 10-10-2018 - 27315 جار خوێندراوەتەوە


لە سەردانێکی وەفدێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران لە مانگی یەکی ساڵی 2011 ، دکتۆر بەرهەم ساڵح ئەو کات سەرۆکی حکومەتی هەرێم بوو و سەرۆکایەتی وەفدەکەی دەکرد .

لە دانیشتنێک لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئەوکاتەی ئێران  ئەحمەدی نەژاد ، بابەتی کێشەکان و بەیەکەوە ژیانی نەتەوە و ئایین و ئایینزاکانی ، ئەم ناوچەیەی کە ئێمە ی تێدا دەژین و بەشێکە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، تەوەرێکی گرنگی دانیشتنەکە بوو.

د.بەرهەم له‌ سەر ئه‌و پرسه‌ گوتی ، لەم ناوچەیە کۆمەڵێک نەته‌وه‌ و  ئایین و  ئایینزا هه‌ن و سەدان ساڵە له‌ململانێی خوێناوی و کوشتاردان ، به‌ڵام هیچ پێکهاتەیەکیش لەناو نەچووە، بۆیه‌ ئێمە ونه‌وه‌کانی داهاتومان  ، دوو رێگەمان لە پێشە:

یەکەم - بەردەوامی  شەڕو کوشتارو وێرانکاریەی رابردوو، کە بۆ هەموو لایەکمان کارەسات و ماڵ وێرانیە. 

دوەم ـ یەکتر قبوڵ کردن و دان نان بە مافی ئەوی ترو بەیەکەوە ژیانی ئاشتیانە ، لێرەدا باسی لە ئەوڕوپا کرد ، کاتی خۆی وەک ئەو ناوچەیەی ئێمە نوقمی کێشە بوو ، لەماوەی بیست و پێنج ساڵ دوو شەڕی جیهانیان هەڵگیرساند و دەیان ملیۆنیان بە کوشت دا ، بەڵام دواتر گەیشتنە ئەو قەناعەتەی ناکرێت تاسەر بەم شێوەیە  ژیان بەرنەسەر ، ئەوەبوو بە خۆیاندا چونەوەو کە وتنە چارەسەری کێشەکان و تا گەیشتن بە دروستکردنی یەکیتی ئەوڕوپاو قوناغێکی تازەی بەیەکەوەژیانیان دەستپێکرد .
ئەحمەدی نەژاد بە هەندێک ئیزافە کردنەوە بۆچوون و تێزەکانی د. به‌رهه‌می  زۆر لا پەسند بوو .

کاتێک د. به‌رهه‌م وه‌ک سه‌رۆک کۆماری عیراق ده‌ست به‌کار ده‌بێت ، ئەم ناوچەیەی ئێمه‌ به‌ قه‌یران و گرفتی گه‌وره‌دا تێده‌په‌ڕێت ، له‌ رابردودا کوردستان  لە هەمووان زیاتر زیانی به‌رکه‌وتوه، بەردوام بونیشی به‌ پله‌ی یه‌که‌م به‌ زەرەری کورد ده‌شکێته‌وه‌، بۆیە یەکترقبوڵ کردن و بەیەکەوە ژیان ، گەر وردە وردە گەڵاڵە بێت و لە ئەرزی واقعدا بەرجەستە بێت ، ئەوا بە دڵنییایەوە له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئێمەی کوردستانیان ده‌بێت .

رۆژانێک بەرهەم ساڵح ئەو بابەتەی باس دەکرد و گفتوگۆی لە بارەوە دەکرد ، کە پێگەی سیاسی و کارگێری وەکو ئیستا نەبوو ، بۆیه‌ چاوه‌ڕێ ده‌کرێت زۆر زیاتر لە جاران کار لەسەر ئەم تێزو بۆچونانە بکات، ئەمە کارێکی ئاسان نیە و کاتی زۆری دەوێت،  بەڵام پێی ده‌کرێت و دەرەنجامی باشی دەبێت ، لەم کارەدا پێویستە روناکبیران و میدیاکاران و سیاسیەکانی کوردستان هاوکارو پاڵپشت بن و خۆیان بە خاوەن بزانن ، چونکە ئەمە پرسێکی چارەنوسازە بۆ ئایندەی وڵاتەکەمان و هەموو ناوچەکە .

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP