یەکگرتوو بۆچی ئاوای لێدێت؟

سلێمان عەبدوڵا یونس - 10-10-2018 - 23918 جار خوێندراوەتەوە

ململانێی یەکگرتوو، لەدنیای حزبایەتی کوردستاندا، ململانێیەکی گەورەترە لەوەی ئاوا بە سەرپێیی لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و میدیای وروژێنەردا، لێکدانەوەی ڕاگوزەری بۆ دەکرێت و لە باسی کەمکردن و زیادکردنی کورسی پەرلەمانیدا، لەقاڵب دراوە!

قسەکردن لەبارەی سەرکەوتن و شکستی مۆدیلی یەکگرتوو، باش نیە باسێکی ڕاگوزەر بێت، بەڵکو؛ گرنگە قسەکردنێکی قوڵ و جدی بێت،چونکە لە بنەڕەتدا ئەو مۆدیلە، مۆدیلی ئەلتەرناتیڤە بۆ زیاد لەئەزمونێکی حزبی. لەڕووی ئیسلامیەوە، یەکگرتوو تێپەربوو بۆ بزاوتێکی ڕەق و چەکدار، کەبزوتنەوەی ئیسلامی و هاوشێوە بچوک کراوەکانی بوون. لەڕووی پەروەردە و نەهجیشەوە، ئەو ڕەوتە لەیەک کاتدا، تێپەڕبوو بۆ گۆشەگیری و تەکفیری سەلەفیەت و بۆ بانگەوازی ئیخوانی تەقلیدی لە کوردستان.

 بەدەر لەئەنجامەکانی هەڵبژاردن، مۆدیلی یەکگرتوو، وەک مۆدیلی سیاسی میانڕەڕو، هەتا ئەندازەیەکی باش سەرکەوتنێکی ڕێژەیی جێگیر و چەسپاوی هەیە بەتایبەت لەئاستی دوانەی دەستەبژێری ئەزموندار و گەنجدا، بۆیە لەڕووی بابەتیەوە دیواری ڕاگر و مانەوەی ئەو ھێزە لەناو کۆمەڵدا دیوارێکی بەهێزە بەڵام ئەوەی وای کردوە ئەو مۆدیلە شێوە سەرکەوتوە، نیمچە شکستخواردو دەربکەوێت، ڕەنگە دەستەپاچەبونی سەرکردایەتیەکەی بێت لە کردەی پەڕینەوەی ھێزەکەیان لەناو پانتایی مزگەوت و خێرخوازی و دامەزراوە هاوچەشنەکانیدا، بۆ پانتایی گشتی دەنگدەر، چونکە ئەو چەقبەستنە وایکردوە ڕێژەی دەنگەکانی ئەو حزبە، لەپانتاییە بەرینە کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگای کوردستان، وەک پانتایی کەمایەتی  دەربکەیت و سەرئەنجامی ھەڵبژاردنی بچوک بدات بەدەستەوە.

لێرەدا بۆ ئەوەی یەکگرتوو لەھەڵبژاردندا سەرکەوتو دەربکەیت، ڕەنگە پێویستی بە گۆڕینی پانتایی کارکردنی بێت لەپانتایی مزگەوت و کاری خێرخوازی تەقلیدیەوە، بۆ پانتایی ھەموو کۆمەڵگا!


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP