لەجیابوونەوەی خوێناویەوە بۆ یەکگرتنەوەی نەرم

د.ڤیان مه‌جید فه‌ره‌ج - 8-10-2018 - 18903 جار خوێندراوەتەوە

ئه‌گه‌ر مێژوی حزبه‌كانی هه‌رێم بخوێنینه‌وه‌ ده‌بینین له‌باشترین باردا ئه‌وه‌ بوه‌ كه‌ په‌لاماری چه‌كداری یه‌كتریان نه‌داوه‌ له‌كاتی جیابونه‌وه‌و ئینشقاقدا بۆیه‌ بۆ هه‌مو ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌چاوی بێوه‌فای و به‌رژه‌وه‌ندخوازی و ئه‌و شتانه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ هێزه‌ لێكتراوازو ئاوێته‌وه‌ بوه‌كان ده‌بێ بزانن كه‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ زیاتر مه‌سه‌له‌یه‌كی كلتوریه‌ وه‌ك له‌سیاسی و مێژوی گه‌شه‌ی حزبه‌كانیش له‌هه‌مو دونیادا به‌م قۆناغه‌ شلۆقه‌دا تێپه‌ڕیوه‌و گه‌شه‌ی سیاسی خۆی له‌خۆیدا سه‌ره‌تا لێره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كا. هه‌ربۆیه‌ گه‌ر سه‌یری ئه‌م مشته‌ی خواره‌وه‌ بكه‌ین له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌ ساڵه‌ی رابردو بێگومان به‌راورده‌كه‌ به‌باشی هه‌ست پێده‌كه‌ین.

یه‌كه‌م : لێكترازانی ساڵی ١٩٦٤ شه‌ڕی خوێناوی له‌نێوان باڵی مه‌كته‌بی سیاسی به‌دودا هات به‌جۆرێك خودی مه‌سعود بارزانی ئه‌وسا كه‌ تازه‌ سه‌رۆكایه‌تی ده‌زگای پاراستنی پارتی گرتبوه‌ ده‌ست به‌رپرسی پاكتاوكردنی لایه‌نگرانی باڵی مه‌كته‌ب سیاسی بو له‌ناو پارتی سه‌ره‌نجامیش دوای ته‌نها ٥ ساڵ هه‌ردو باڵی پارتی له‌ده‌موه‌ختی به‌یانی یازده‌ی ئازاردا له‌ژێر چه‌تری پارتی دیمۆكراتدا یه‌كیانگرته‌وه‌.

دوه‌م؛ پارتی گه‌ل له‌ له‌ ١٩٧٩دا له‌قیاده‌موه‌قه‌ته‌\پارتی دیمۆكرات جیابوه‌وه‌و به‌شه‌ڕی خوێناوی له‌ ١٩٨١ دا حزبه‌كه‌ی دامه‌زراند له‌لایه‌ن سامی عه‌بدولڕه‌حمانه‌وه‌و دواتر له‌ ١٩٩٣داچوه‌وه‌ ناو پارتی و پۆستی مه‌كته‌ب سیاسی حزبه‌كه‌ی وه‌رگرت تا له‌ ٢٠٠٢ له‌كۆمه‌ڵكوژیه‌كه‌ی تیرۆرسته‌كانی یه‌كی شوباتدا شه‌هیدكرا.
سێیه‌م، خوالێخۆشبوان ره‌سوڵ مامه‌ندو عومه‌ر ده‌بابه‌و سه‌رۆكی ئێستای سۆسیالیستی كوردستان، كاك حه‌مه‌ی حاجی مه‌حمود له‌ باڵی سۆسیالیزمی كوردستان\یكێتی نیشتمانی به‌شه‌ڕ جیابونه‌وه‌و ده‌یان پێشمه‌رگه‌ی سه‌رده‌می شاخ بونه‌ قۆچی قوربانی براكوژی نێوان یه‌كێتی و ئه‌م حزبه‌ كه‌ له‌ ١٩٧٩ دا دامه‌زرا، كه‌چی له‌ ١٩٩١ دا باڵێكی به‌سه‌ركردایه‌تی عومه‌رده‌بابه‌و ره‌سوڵ مامه‌ند چونه‌وه‌ ناو یه‌كێتی.

چواره‌م: حزبی زه‌حمه‌تكێشان له‌ ١٩٨٥دا له‌ حزبی سۆسیالیست، باڵی یه‌كێتی نیشتمانی ناو حزبه‌كه‌، جیابونه‌وه‌و دواتر تا ١٩٩١یش به‌هۆی ناره‌زایه‌تی حزبی سۆسیالیست ئه‌م حزبه‌ نه‌یتوانی ببێته‌ ئه‌ندامی به‌ره‌ی كوردستانی، كه‌چی به‌ دو قۆناغ به‌شی هه‌ره‌ زۆریان له‌ چه‌ند ساڵی رابردودا گه‌ڕانه‌وه‌ ناو یه‌كێتی و سكرتێره‌كه‌شیان كرایه‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی.

پێنجه‌م: ئاڵای شۆڕش به‌سه‌ركردایه‌تی كاك كاك مه‌لا به‌ختیارو ده‌یان كادری دیاری ئێستای یه‌كێتی\باڵی كۆمه‌ڵه‌ له‌ ١٩٨٥ دا له‌ یه‌كێتی جیابونه‌وه‌و شه‌ڕی گه‌وره‌ی ئیعلامی و خوێناویشیان ته‌نانه‌ت له‌نێواندا روی دا، كه‌چی به‌ دو قۆناغ له‌ ساڵی ١٩٩١ دا گه‌ڕانه‌وه‌ ناو یه‌كێتی دوای ئه‌وه‌ی له‌ زه‌حمه‌تكێشان كشانه‌وه‌، ئێستا كاك به‌ختیارو كاك عماد له‌هه‌ره‌ سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی ئه‌و كاته‌ی ئاڵای شۆڕش مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی كارگێڕی یه‌كێتین.

بۆیه‌ هاتنه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح، رێكه‌وتنی یه‌كێتی و گۆڕانی ده‌باشان، و هه‌ر رێكه‌وتن و ئاوێته‌بونه‌وه‌یه‌كی تر روبدا له‌م قۆناغه‌دا زۆر ئاساییه‌ به‌به‌راورد به‌و مێژوه‌ خوێناویه‌ی ٤٠ ساڵ پێشتر حزبه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان موماره‌سه‌یان كردوه‌و ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا به‌بڕوای من جگه‌ له‌ هێما بۆ كرانه‌وه‌ی حزبی، خۆیله‌خۆیدا مانای گۆڕینی ستراتیج و پره‌نسیپی گونجاندن ده‌گه‌یه‌نێ له‌مه‌دای دوردا. ئه‌م دیارده‌یه‌ هه‌نتینگتۆن له‌ تێزه‌كه‌یدا ناوی ده‌نێ ئه‌داپته‌بڵیتی Adaptability, بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی شاره‌زای مێژوی حزبه‌كان نین كاتێك له‌ تێڕوانینێكی كورتخایه‌نه‌وه‌ سه‌یری ئه‌م جۆره‌ ره‌فتاره‌ حزبی و كه‌سیانه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر مێژوی خوێناوی حزبه‌كان بخوێننه‌وه‌ به‌رویه‌كی گه‌شبینیه‌وه‌ سه‌یری هه‌نگاوه‌كانی سیاسه‌تی حزبی كوردی ده‌كه‌ن له‌چوارچێوه‌ زانستی و ئه‌كادیمیه‌كه‌یدا.

 

*د. ڤیان فەرەج
 پسپۆر لە سیستەمی بەدامەزراوەکردنی پارتە سیاسیەکان


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP