لەبەغداوە!

سلێمان عەبدوڵا یونس - 6-10-2018 - 19423 جار خوێندراوەتەوە


دواجار ھەموو بەستەڵەکەکان توانەوە و پایزی یەکێتی و کوردایەتی و عێراق، بوو بە بەبەھاری بوژانەوە. چەند مانادارە کاتێک بینیمان، یەک ڕۆژ، بەر لە ساڵیادی کۆچی بەئازاری مامی گەورەی کوردایەتی، ھەڵگرانی مەشخەڵانی ڕێبازەکەی، لەھەنگاوێکی دەستەجەمعیدا، بەسەرخستنی دکتۆر بەرھەم، بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، دەریانخست، ھەموان پێکەوە دەتوانن، شاگردی شایستە و وەفاداری چەپکەگوڵی بەردەوامی و نەمری ئەوبن.

وێڕای پێداگری و  ڕکابەری چاوەڕواننەکراوی ھاوپەیمانە ستراتیژیەکەی، بەڵام سوربونی سەرکردایەتی یەکێتی، لەسەر بەربژێرکردنی دکتۆر بەرھەم، ھەتا سەرخستنی، بەڕوونی سەرەتای بەگەرخستەوەی ئیرادە و پێشەنگایەتی یەکێتیی بوو. دەربڕی ئەوە بوو کەلەم وێستگە مێژوویەدا، یەکێتی وەک چوارچێوەیەکی زێڕین، کاندیدە بۆئەوەی، وەک بلۆکی  سیاسی ھاوچەرخ، سەردەمی دابەشکاری ڕەت بدات و ماڵەگەورەکە، وەک چەتری قەڵەمڕەوێکی ھاوبەش، بۆ سیاسەت و کوردایەتی نۆژەن بکاتەوە. 

سەرکەوتنی یەکێتی، لە بەدەستھێنانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، لەدەرەوەی پشکخوازی و دابەشکاری و ڕێکەوتنی ستراتیژی، بەتایبەت کەدەزانرێت بەھۆی ھەژموونی پارتیەوە، پارسەنگی ھێز و حوکمڕانی و ئابوری کوردستان بەتەواوەتی لاسەنگ بووە، دەکرێت ببێت بەدەسپێکی ڕاچەنین و ڕابون و گەشانەوە و بوژانەوەی ئەم قەڵەمڕەوە، کەمودەتێکە بەدەست کۆمەڵێک گرفتی ناوخۆیی لەسۆنگەی نالەباری کاری ڕێکخراوەیی و زوڵمی ھاوپەیمانێتیە دوو قۆڵیەکانەوە گیرۆدەیە.

 بۆ یەکێتی، سەرخستنی دکۆر بەرھەم، زیاد لەمانایەکی حزبی و سیاسی و دیموکراسی ھەیە لەسەردەمی تەوافوقسازی و پشکخوازی ڕەھادا. چونکە ئەوە بەتەنھا پڕۆسەی بەسەرۆک کۆمار بوونی دکتۆر بەرھەم نیە، بەڵکو پێش ئەوە، جاڕی پێشەنگایەتی یەکێتی خۆیەتی و بەیانی بوژانەوەی قەڵەمڕەوەکەیەتی بەقازانجی ھەستانەوەی کوردستان. لەڕاستیدا ئەو کردە پڕ لە ئیرادەیە سەرکەوتنی دیموکراسی و دەرکەوتنەوەی ئیرادەخوازیە، دەرکەوتنەوەی ئەو ویستە مەتینەیە، کەیەکێتی، لەسەردەمی شۆڕشی نوی و ڕاپەڕین و دروسکردنی ئەزمونە کوردیەکەدا، لەسەردەستی مامجەلال و ھاوڕێکانی بۆ پێشەنگبونی کوردایەتی ڕاقی دەستەبەریان کرد بوو بەڵام لەسۆنگەی بەڕێوەبردنی ناوخۆیی خراپ و زوڵمی ھاوپەیمانیە دوو قۆڵیەکانەوە، مودەتێک بوو لەگەمەی بێ تامی ناوخۆیی و ناھاوسەنگی دەرەکیدا بزری کردبوو.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP