سیاسەتی باش و سیاسەتی خراپ

بەهرۆز جەعفەر - 5-10-2018 - 6717 جار خوێندراوەتەوە


بە پێی «ئەرستۆ» و «ئیبن خەلدون» سیاسەت چاکەی گشتیەو فەزیلەتە، سیاسەت بریتی یە لە چاکەی گشتی و پاسەوانێتی کۆمەڵگە. 

مەسەلەن کاتێک شکایەت ئەبەنە لای مەلامستەفای بارزان کە فوڵان کەس لەپاڵ ناوی تۆ و شۆڕشەوە دوو زللەی لێداوین و پەنجا دیناریش سەرانەی لێ سەندوین لە گەڵاڵەی لای حاجی ئۆمەران، مەلا مستەفاش ئەڵێت «ئەوە پەنجا دینارەکەت و وەرە دوو زللەکەش لە من بدە». ئەمە گەڕانە بەدوای چاکەی گشتی دا، کاتێک ئەردۆگان لە (٢٠٠٧) واز لە هەڕەشە ناهێنێت و هێز ئەنێرێتە ناو خاکی کوردستان کاک مەسعود بارزانی ئەڵێ «ئەگەر ئەوان دەست لە هەولێر وەربدەن ئێمەش دەست لە کاروباری ئامەد وەرئەدەین» ئەمە پاسەوانێتی کۆمەڵگەیەو، هەمومان لە پشتیەوە ئەوەستین.

سیاسەتی خراپ ئەوەیە کە پارتی دیموکراتی کوردستان لەدوای بەهاری عەرەبی (٢٠١١) ەوە لە دوای (١٧ ی شوباتی ٢٠١١) ەوە پەیڕەوی ئەکات. ڕۆژێک تاڵەبانی پەیوەندییەکان لە بەغدا لەگەڵ مالیکی چاک ئەکات ڕۆژی دواتر پارتی تێکی ئەداتەوە، ڕۆژێک خەڵک داوای چاکسازی ئەکات، ئەوان هەر بەردەوامن لە تاڵانی داهاتی کوردستان و، شکست بە سیاسەتی ئابوریی هەرێم ئەهێنن (ببینە بەپێی وەزارەتی سامانە سرووشتیەکانی هەرێم ئەبو لە ٢٠١٥ ەدا ڕۆژانە ١ ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکرێت، ئەوە ٢٠١٨ یە تازە ٣٢٩ هەزار هەناردە ئەکرێت!).. 

لینین، ئەڵێ «خیانەت ئەوەیە بچیتە شەڕێکەوە کە دڵنیایت تیایدا ئەدۆڕێیت». بتەوێ لە گۆمێکی لیخن بدەیت کە ئەگەری نقومبون زۆر زیاترە وەک لە پەڕینەوە، ڕیفراندۆم ئاوابو، ئێمە ئەبێت کاتێک دەست بە جووڵەی سەربەخۆیی بکەین، کە لە هەموو کێڵگەکاندا زەوی بەیار و ڕەق مان کێڵابێت، هەرێمی کوردستان (٢٧) ساڵە کیانێکی هەیە بەقەد یەک دەستگای هاکەزایی کاریگەری پۆزەتیڤی لەسەر ڕای گشتی جیهانی دانەناوە، لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەکتەرەکان و ڕۆڵەکانیان ناناسێ و، پۆلێنی نەکردووە تا کاریان لەسەر بکات. لەسەر ئاستی وڵاتانی دراوسێ گەمەی جیۆپۆڵەتیک ی و بازاڕی ڕام نەکردووەو، کۆدەکانی هەماهەنگی هاوبەشی نەدۆزیوەتەوە، لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتانی عەرەبی لەباتی دۆستایەتی و سیاسەتکردن لەگەڵیان، هەمیشە ئیستفزازی کردون، یانی ئەوە چ حیکمەتێکە ئاڵای ئیسرائیل بەرزبکەیتەوە لەهەرێمێکدا کە دەوردراوە بە سەدان ملیۆن عەرەب!. ببینە: «عەبدولکەریم قاسم» ساڵی (١٩٥٨) هاتە سەر حوکم سوور بوو لەسەر ئەوەی مافی کوردەکان بدات، خوالێخۆشبو مەلا مستەفای بارزان لە سۆڤیەتەوە گەڕایەوە و لە قەسری سەباحی نوری سەعید نیشتەجێی کرد لە بەغدا، مانگانە (٦٥٠) دیناریان پێ ئەدا، دەنگی کوردی بەغدا کرایەوە، ڕێکخراوەکانی ئافرەتان و قوتابیان و ڕۆژنامەی خەبات مۆڵەتی کارو چالاکیان لە بەغدای پایتەخت پێدرا، یاسای چاکسازی کشتوکاڵ دەستکاری ئەکرا، لە ماددەی (٣) ی دەستوری کاتی عێراق دا هات کە «کوردو عەرەب شەریکن لە خاکی عێراق دا»...تەنانەت زۆری نەمابو دائیرەتولمەعاریفی کوردستان لە کەرکوک بکرێتەوە، جەمال عەبدولناسر ئەوپەڕی ڕێزی لە بارزانی باوک نا کە لە سۆڤیەت گەڕایەوە. ئێ سەرەڕای ئەم هەموو کارە گرنگانە کورد بەهەڵە شۆڕشی ئەیلولی هەڵگیرساندو، هەرلەخۆیانەوە کۆمەڵێ چەکدار لە بەرەی دهۆکەوە پەلاماری هێزەکانی عێراق ئەدەن بەبێ ئیزنی مەکتەبی سیاسی پارتی شەڕ دەست پێدەکەن!. 

ساڵی (٢٠٠٨) بو خوالێخۆشبوو تاڵەبانی کۆبوونەوەیەکی پێکردین وەک ڕۆژنامەنوسان،  ئەوەی تێی گەیشتین ئەوەبو کە لەو قۆناغەدا کورد لە مالیکی باشتری دەست ناکەوێ، ئەیەوێ خزمەتی کوردستان بکات، هەندێ هەڵەی هەیە بگەڕێمەوە بەغدا بانگی ئەکەم و دوبارەی ناکاتەوە، ئێ پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی کرد بەوەی شاخ لەشاخی مالیکی و حکومەتی مەرکەزی گیر بکەن، تا لە گرێژنەوە دەرچوو...

کە «د.حەیدەر عەبادی» بو بە سەرۆک وەزیران، لەبری هەماهەنگی باش، دونیایەک نوێنەری دەم نوقاوی بێ ئاگای پارتی لە بەغدا هەبوون، گەیاندیانە ئەوەی کورد بە سەربەخۆ نەوت بفرۆشێ، ئابوری سەربەخۆ و، کەڵکەڵەی سەربەخۆیی سیاسی، وای کرد شکست بە ئابوری و سیاسەت لە هەرێمی کوردستان بێت (ئاخەر چین ناتوانێ ئابوری سەربەخۆی هەبێت کێ ئەم چەمکەی خستە سەر زاری ئێوە!!؟).

ئێستاش کە «د. عادل عەبدولمەهدی» وەک کەسایەتیەکی بیرتیژی بێلایەن، دووربین، بۆتە سەرۆک وەزیران، کە زۆر دۆستی کوردەو، زۆر حەز بە خزمەتی کورد ئەکات، خەمی سەرەکی ئەوەیە لەبری هەماهەنگی و سیاسەتی باش، پارتی دیموکراتی کوردستان دیسان وا بکات ئەم سەرۆکوەزیرانەش بەلەسەو توڕە بکاتە گیانی کورد!. 

سیاسەتێکی تری خراپی کورد، بە دیاریکراوی بارزانی ئەوەیە یەکێتی و یەکبوونی ناو کوردو کوردستان تێک ئەدەن، یانی ببینە بارزانی بەهۆی خراپی دەوروبەرەکانیەوە، بەهۆی ئەوەی تێوەی ئەگلێنن لەشەڕێکەوە و ئەیدەن بە دارو بەردا، کە لەڕاستی دا ئیشی ئەو نییە، مەسەلەن بارزانی دێتە سولەیمانی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی حیزبەکەی لەبری گوتاری کۆکەرەوە، لە باتی بنەمای خیتابەکەی وابێت وەک موگناتیس هێزی ڕاکێشانی بەرەو خۆی هەبێت، دێت هەڕەشە ئەکات!. دێت بەنزین ئەکات بە ئاگرێکدا کە زیاتر لە نیو سەدەیە سەدان  ئاسەوارەکەی بە جەستەی کوردو کوردستانەوە دیارە. دێت ململانێیەک لەگەڵ وەچەی دووەمی تاڵەبانیەکان دەست پێدەکات کە هاوتەمەنی ئەو نین. 

ئەوجا «بەرهەم ساڵەح» ێک کە لەتەمەنی دا لە هیچ ململانێەکدا نەبووە دژی پارتی و بارزانی، جگە لە تەقدیر و بەرز نرخاندنی بارزانی هیچی تر نەبووە، چ پێویست ئەکات بارزانی بەرەیەکی تری ناحەزایەتی دەست پێ بدا !؟. لە دیاریکردنی کاندیدێک بۆ دژایەتی یەکێتی و بەرهەم ساڵەح بارزانی سێ جار هەڵەی کرد، جارێک هەڵەی بەرانبەر کوردستان کرد، پیشانی شەقامی عێراقی و جیهانیشی دا کە کورد ناتوانێ یەکڕیز بێت، جارێکێش غەدر بو لە خودی خۆیان چونکە بە دۆڕاوی هاتنە دەرەوەی کاندیدەکەی بارزانی نیشانی دا کە بارزانی مەرجەعی کورد نەماوەو، سەنگێکیان لای عێراقیەکان و ئێران و ئەمریکا نییە. ئینجا جارێکی تر بەرەیەکی دیکەی ململانێی دەست پێکرد لە نێوان وەچەکانی خۆی و ماڵباتی تاڵەبانی دا، کە نەوەی تازە تاقەتی ئەم جەنگ و ململانێ نێوخۆییانەی نەماوە (بە ڕێژەی بایکۆتی دەنگدان و تەزویرکردنەکاندا دیارە). لەسەرێکی تریشەوە شەقامی شیعەش بەرانبەر کورد بە گومانە!. ببینە «هادی عامری» لە ٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ هاتۆتە هەولێر سێ کۆبونەوەی جیاجیای لەگەڵ هەریەکە لە بەڕێزان مەسعود بارزانی نێچیرڤان و مەسرور بارزانی ئەنجامداوە، وەکو بڵێیت ئەم برادەرە هاتبێت لێکۆڵینەوە بکاو بەدوای ڕاستیەکدا بگەڕێت!. وە نەبێت یەکێتی نیشتمانی کوردستان یش بێ بەش بێت لەم هەڵانە بەهۆی نەبونی سەرکردایەتیەکی شیاو، بەڵام بمانەوێ و نەمانەوێ پانزە ساڵی ڕابردوو هەمولایەنەکان و بەهەمومانەوە دوای پارتی کەوتوین سیاسەت ئاڕاستە بکا، کامەی بێلایەنە دەیان جار بۆ کارێکی فەرمی ڕێگەی بۆ لای پارتی کوتاوەو ئەنجامەکەشی هیچ بووە...ئەگەر سوکایەتیش نەبووبێت!.
 
پارتی دیموکراتی کوردستان، نەک (٤٥) کورسی (٤٥٠٠) کورسیشی هەبێت، ناتوانێت بەردەوام بێت لە ئیدارەدان و ئاڕاستەکردنی پەیوەندییە گشتی و جیهانی و عێراقیەکانی، ناتوانێت وەڵامدەری ڕاستەقینەی خواستەکانی خەڵکی کوردستان بێت، ناتوانێت بەشێک بێت لە مانەوە، هەتاوەکو لەو دونیایە لە ڕاوێژکار و هەرزەو مفتخۆری بێ ئاگا خۆی نەتەکێنێت. بەهەمان شێوە یەک بەرمیل نەوت ببێتە هەزار دۆلار کورد ناتوانێ سودی لێوەربگرێ، بەهۆی سیاسەتی هەڵەوە، پارتی وەک یەکەیەکی سیاسی هەڵەی نێوخۆیی ئەکات ئەوە پەیوەستە بەخۆیەوە، کاتێک ئەو هەڵە ستراتیجیانە بە زیان بۆ سەر گەلی کورد ئەشکێتەوە، ئەوە ئیتر هەموان بێزارین لەم سیاسەتە. تکایە...

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP