ئەگەر نیوەی بەڵێنەكان بكرێن بە كردار

هیوا سەید سەلیم - 28-09-2018 - 9276 جار خوێندراوەتەوە

 وادەی بانگەشەی هەڵبژاردنی خوولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە كۆتاهات، ئەم جارەشیان وەك هەر جارەكانی تر، قەوارو لیستەكان بەڵێنی زۆریان بە دەنگدەرانی خۆیان دا، بەڵام ئەوەی كە زۆر جێگای هەڵوەستە لەسەر كردنە ئەوەیە كە حزبەكان بە تایبەت دوو حزبی دەسەڵاتدار ئاستی بەڵێنەكانیان هێندە بەرزكردەوە بە جۆرێك كە ئەگەر نیوەی ئەو بەڵێنانە بكرێن بەكردار هەرێمی كوردستان دەبێتە یەكێك لەو وڵاتانەی كە ركابەری دەكەن لەسەر 10 وڵاتە خۆشگوزرانەكەی ( رەفاه) جیهان، كە پێوەری ماسترۆ دەیانگرێتەوە.

 
لە كاتی بانگەشی ئەمجارەی هەڵبژاردن، ئەوەی جێگای تێبینی بوو هێزەكانی دەسەڵات بە نەغمەی ئۆپۆزسیۆن بەلێنیان بە جەماوەر دەدا، وەك ئەوەی ئەوان پێشتر لە دەسەڵات نەبووبن، یان ئەوەی لە 27 سالی ڕابردوو بۆ خەڵك نەكرا بێت لە خزەمەتگوزاری و ژیانێكی شایستە بۆ چین و توێژەكان، ئۆباڵەكەی لە ئەستۆی ئەوان نەبووبێت.

 
 دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان لە شوێنی ئەوەی بڵێن بە خەڵك، غەدری مووچەتان لەسەر هەڵدەگرین، ئەو خزمەتگوزاریانەی لێمان بێبەش كردوون بۆتان دەگێرینەوە،  وە ئەوانەشی كە بە ناهەق لەسەر حسابی ئێوە دەوڵەمەندبوون لە دەسەڵات دووریان دەخەینەوە، دێن بەڵێنی قەبەقەبە  بە خەڵك دەدەن.
لە تەواوی ئەو 27 ساڵەی حوكمڕانی كوردی،  ئەوەی كە زەمینەی ئەو جۆرە بانگەشەی بەڵێنی زۆر و كرداری كەمی ڕەخساندووە،  بریتیە لەوەی كە بەڵێندانی بێ كردار لە ڕابردوو هیچ باجی لەسەر نەبووە، واتا هەرێمی كوردستان میللەتێكی بێ زاكیرەی هەیە، ئەگینا خەلك دەبوو ئێستا لە بەڵێنەكانی ڕابردوو بپرسێتەوە،  نەك باوەڕو متمانە بە بەلێنی بێ كردار بكات.

 
سیستەمی سیاسی لە كوردستان بەهۆی حزبایەتی كوێرانە هێندە شێوێندراوە، بە جۆرێك كە  بوار نەدراوە دەنگدەری حزبەكان لەسەر بنەمای كارنامە و كردار دەنگ بدەن، بگرە دەنگدەر خۆشی بێت و ترشی بێت دەبێت دەنگ بەو حزبە بدات كە حزب وەك كۆیلە ئیرادەكەی لێ زەوتكردوەە، لەو جۆرە سیستەمانەش ئاسان نیە ئاڵوگۆری سیاسی و دەستاودەستی دەسەڵات بكرێت.

 
لە دۆخێكی وادا دەبێت هەنگاوی یەكەم گۆڕانكاری لەنێوخۆی حزبەكان بكرێت، لەوێوە تاكی ئازا و چاوكراوە پێبگات،  كە جورئەتی ئەوەی هەبێت لە بەڵێنەكان بپرسێتەوە،  نەك رەش و سپی كوێرانە وەك موریدێك  لە هەڵبژاردنەكان و كاتەكانی تریش پشتیوانی لە حزب بكات.

 
بەدەر لە فشاری ناوخۆی حزب كە لە ئێستادا بوونی نیە، دەبێت لە كوردستان بیر لە دۆزینەوەی میكانیزمی تازە بۆ بەدواداچوونی بەڵێنەكانی هەڵبژاردن بكرێتەوە، دۆزینەوە ئەو جۆرە میكانیزمانەش كە كاریگەری لەسەر درووستكردنی ڕای گشتی هەبێت بۆ كاراكردنی كارتی فشار لەسەر دەسەڵات و حزبەكان، بە شێوەیەك كە وادەكات كە دەسەڵات ناچاری جێبەجێكردنی بەڵێنەكان بكات.

 
بۆ ئەم مەبەستەش میدیا وەك دەسەڵاتی چوارەم لە رێگای بە ئەرشیفكردنی بەڵێنەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن دەتوانێت رۆڵی خۆی بە چاكی پیادە بكات، وە زوو زوو ئەو بەڵێنانە بە بیر هەموو لایەك بهێنێتەوە،  لایەنی كەمتەرخەم بخاتە بەر رەخنەی جدی.

 
لە كۆتایدا دەڵێین بەكرداركردنی بەڵێنەكانی هەڵبژاردن،  دەبێت كاری جدی لەسەر بكرێت، ئەویش بەوەی دەسەڵات بۆی نەبێت هەمیشە چەند مانگێك پێش هەلبژاردنەكان كوردستانمان بۆ بكاتە بەهەشت و جیهانێكی یۆتۆبیایی، دوای ئەوەش پشتی لێبكاتەوە چوار ساڵی ڕەبەق خەڵك لە دۆزەخی بێ مووچەی و كەمی خزمەتگوزاریەكان بژین.

 
 ئەمشیان بەوە دەكرێت كە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن هەموو هێزو قەوارەكان بۆ چوونە ناو دەسەڵات نەكەونە پێشبركێی یەكتری،  بگرە بە بوونی حكومەتێكی لاوازی كەمینە و ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز، دەكرێت فشارەكان بۆ بە كرداركرنی بەڵێنەكان هەلبژاردنی زیاتڕ بكرێن.

 
خۆ ئەگەر ئەمجارەشیان هەمووان لە ئاست جێبەجێكردنی تەنیا نیوەی بەڵێنەكانی خۆیان بن كە بە خەڵكیان داوە، هەمووان پەنجە شایدمانیان بۆ بەرز دەكەینەوە و دەڵێن:
 ( كوێرە چیت دەوێت دوو چاوی ساغ) بەڵام ڕابردوو ئەوەمان پێناڵێت.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP