هەواڵی ئەمڕۆ

ڕێکەوتن بێ هیچ کونجێکی تاریک
(وەڵامێک بۆ ئاکۆ محەمەد)

سلێمان عەبدوڵا یونس - 25-09-2018 - 58401 جار خوێندراوەتەوە



 ‏‎بۆ کەسێک؛ کە وەک «ئاکۆ محەمەد» تەنھا بابایەکی ڕۆژنامەنوس بێت و زانیاریەکانی بۆ مەرام پێ بگات و ئەگینا لە بنەڕەتەوە ئاگای لە وردەکاریەکانی ناو پارتی و یەکێتی و ھاوپەیمانی نەبێت، ھیچ سەیر نیە، ڕێکەوتنی نێوان یەکێتی و دکتۆر بەرھەم بە«پیلان و پەکخستن» ناو بنێت.

‏‎بەپێچەوانەی بۆچونە گوماناویەکەی ڕۆژنامەنوس «ئاکۆ محەمەد» لەبنەڕەتەوە ئەوەی ھیچ شاراوە نەبووە، گفتوگۆی نێوان دکتۆر بەرھەم یەکێتی بووە. ڕونتر لەوە،با من بۆ ھەموانی دووپات بکەمەوە، کە لەدەسپێکی ئەو گفتوگۆیەوە، ھەموو شتێک بەڕاوێژی دامەزرێنەرانی ھاوپەیمانی و ئەندامانی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن بوە و لای یەکێتیش کاک کۆسرەت نەک ھەر ئاگادار بووە، بەڵکو ھەر لەسەرەتاوە خۆی وەک کەسی یەکەمی یەکێتی و وەکو برا گەورەی ھەموان، ئەندازیار و بڕیاڕدەر بووە. جگەلەوەش سەکردایەتی و مەکتەبی سیاسی نەک ھەر ھیچ شتێک لایان شاراوە نەبووە، بەڵکو دواجار خۆیان بەدەنگدان شەرعیەتێکی ڕێکخراوەیی بنبڕیان بەکۆی پرۆسەکە بەخشیوە لەسەرەتاوە بۆ کۆتایی.

‏‎سەبارەت بە پرسی سەرۆکایەتی «سەرۆک مەعسوم» کەبەمن بەچاوی ڕێزەوە سەیری دەکەم، بەڵام  خۆ ئەگەر ئەو  «بێ خێر یان بێدەسەڵات» بووبێت، وەکو پارتی پڕوپاگەندە دەکات، ئەوا لەڕاستیدا، ئەو بەپیلان و بەپلان و بەتەکبیری بێ خێر و بەپشتیوانی دەنگپێدانی پیلانگێڕانەی پارتی، بوو بەسەرۆک کۆمار  . چونکە کاک بەرھەم، ئەوساش وەک ئێستا، دەنگ و پشتیوانی زۆرینەی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و فراکسیۆنی یەکێتی و ھاوپەیمانیشی لەگەڵە.

‏‎لەڕاستیدا کەموکورتی دکتۆر بەرھەم، کەموکورتی لەنەبونی خەباتی ڕابردو و پێشمەرگایەتی نەبووە. چونکە ئەو وێڕای ئەوەی وەک تێکۆشەرێکی دێرینی یەکێتی زیندان و ئەشکەنجەی سەردەمی بەعسی سەربەرزانە تێپەڕاندوە، لە بواری دیبلۆماسی و نوێنەرایەتی ئەو حزبەشدا دەوری بەرچاوی بینیوە. بێگومان پشتیوانی مامجەلال ھەرگیز ناکرێ نادیدە بگیرێت، بەڵام لەڕاستیدا ھەردەم ڕەخنەی سەر دکتۆر بەرھەم، پێچەوانەی ئەوەی دەگوترێت پەیوەندی بەخەباتی شاخ و پێشمەرگایەتیەوە نەبووە، بەڵکو پەیوەندیدار بووە بەبونی ڕوئیای جیاواز لەسەر جیاکاری و دابەشکاری و ململانێکانی ڕابردو. بەتایبەت کەڕوونە ئەو وەکو سەرکردەیەکی لیبڕاڵ، لەگەڵ ئاشتەوایی و یەکڕیزی بووە و ھەردەم بەچاوی ڕێزەوە لەبارزانی ڕوانیوە و بنەماڵەی ئەوانیشی وەک بنەماڵەیەکی بەقەدر و خاوەن پێگەی کوردایەتی زانیوە. بۆیە ڕێک بەپێچەوانەی بۆچونەکەی ئاکۆ محەمەد و ھەندێک لەپارتیەکان، کەموکورتی کاک بەرھەم شاخ و پێشمەرگایەتی نەبووە، بەڵکو ئەوە بوە کە ئەو ئەخلاقی جنێودان بەپارتی نیە، کەچی بەداخەوە، وەک دەردەکەوێت لەبری دڵنیایی لە دکتۆر بەرھەم، وەک سەرۆکی تێپەڕ بۆ دابەشکاریەکان، وەک ڕێبەری سەنگین لەبەرامبەر تەخوین و تەشھیر، کەچی وەک دەرکەوت پارتی نەک دڵنیایی نیە ئەوەتا ترسێکی ناواقعی زاڵ بووە بەسەر بیرکردنەوەی بەشێکی زۆر لە جومگە جیاوازەکانیدا!

‏‎دواجار دکتۆر  بەرھەم سەرۆک بێت یان سەرۆک نەبێت، ھیچ لەو ڕاستیە ناگۆڕێت کە ئەو لە ھاوپەیمانی بەدڵ و بەگیان تێکۆشا ، کامپەینی کرد، سەر ڕاست و بوێر ڕەخنەکانی خۆی گرت، پێشنیاری دادپەروەری و حوکمی ڕەشیدی کرد بەداخوازی سیاسی و میللی. ئێستاش کەگەڵ یەکێتی بەرپرسیارێتی سەرشانی بوو، لەگەڵ کاک کۆسرەتی براگەورە و ڕێبەری بەھێزی تەنگانەکان و کوڕان و بنەماڵەی بەقەدری مام و سەرکردایەتی یەکێتی و ھاوپەیمانی بڕیاڕی کۆتایی ڕێگای وێسگەی یەکەم بدات و  بۆ کوردستان ھەنگاوی دووەم بۆ شاڕێگای ڕێکخستەوە و وێستگەی یەکخستنەوەیەکی ئاشکرا و ڕوون بھاوێژێت، پارتی باشترە چیتر لەم قەڵەمڕەوە و ناو یەکێتی گرەو لەسەر « بازاری شێواو، پەرتکە و زاڵبە»نەکات چونکە نەک ئەوەی لەو سیاسەتە سەوز دەبێت پارتی بەزەردی نایخوات بەڵکو خراپ بەسەر ھەموان و کوردستانیشدا دەشکێتەوە. جگەلەوەش ڕێکەوتنی دکتۆر بەرھەم و یەکێتی بەپێچەوانەی یۆتۆپیای پارتیەوە ھیچ کونجێکی لەتاریکدا نیە.
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP