بەپەلە

کاندیدی سەرەڕۆ... پەرلەمانتاری سەربەخۆ

شۆڕش خالید ئاژگەیی - 21-09-2018 - 7304 جار خوێندراوەتەوە


ئەو درووشمە قەبانەی لەم هەڵبژاردنەدا بەرز کراونەتەوە لە رووی ئەپیستۆمۆلۆژیەوە زۆر هەژار و ناپتەون و لە رووی سایکۆلۆژیشەوە ئەو کاریگەریان لەسەر رازی کردنی دەنگدەرانەوە نابێ. 

بەڵکو تەنیا فاکتەرێک بەربژێرەکان دەتوانن دڵیان پێوە خۆش بێ و رەنگە بەختی دەرچوونیان بە هێز بکات، پەیوەست بوونیانە بە ئایدیۆلۆژیا ( ئەگەر مابێ) و پێگەی جەماوەری و پێشینەی کۆمەڵایەتی و تۆمارو مێژووی ئەو پارتەی ئەوان نوێنەرایەتی دەکەن. 

دۆخی کۆمەڵگەی کوردیش لە هەموو رووێکەوە بەجۆرێک شڵەژاوە ( خۆشیمان بێ یا ناخۆشیمان بێ)، تەنانەت بروانامەی زانکۆ و پلەی ئەکادیمی و زانستیش ڕۆڵێکی بەرچاوو یەکلاکەرەوە لە دەرچوون یا دەرنەچوونی کاندیدکراوەکان ناگێڕێ. دڵنیام گەر بێتو ئەنیشتاین یا ئەدیسۆن و فەیلەسوفە گەورەکانی قوتابخانە فکریە رۆژئاواییەکان زیندوو ببنەوە و خۆیان بۆ پەرلەمان یا هەر پۆست و پلە وپایەیەکی حوکومی لە هەرێمی کوردستاندا کاندید بکەن، بە هۆی ستراکتۆری کۆمەڵایەتی و تێگەیشتنە باوەکانی کۆمەڵگە و ئاستی ڕۆشنبیری و هۆشیاری سیاسی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەو بیرو هەزری تەسکی حزبایەتی و دەمارگیری  وپەیوەیست بوون بە ناوچە و هۆزو عەشیرەت و بەرژەوەندیەکانەوە، دەنگی پێویست ناهێنن! 

بۆیە حەکایەتی پەرلەمانتاری سەربەخۆ دەشێ بۆ هەندێ وڵاتی پێشکەوتووی لانکەی دیمۆکراسی گونجاوو کارا بێت، لێ بۆ کوردستان راچێتەیەکی ناکاراو بێ کاریگەرە.
لە وڵاتانی پێشکەتوو و ئاوێتەبووی فەرھەنگ و میژووی دیموکراسی و نەریتی هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد بەمجۆرەیە، کاتێک حزب یەکێک بۆ پۆستێک یا بەرپرسیارەتیەک کاندید دەکات، گەرەکە کاندیدەکە هەڵگری پەیامی حزب بێت نەک پەیام و بەرنامە و ئەجیندای تایبەت بە خۆیەوە. چونکە هیچ کاندیدێک توانای جێ بەجێ کردنی بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆی نابێت بە تانیا و ئەگەریش هەر بەربژێرێک ئیدیعای وا بکات یەکەم لەگەڵ خۆی و پەیامەکەی راستگۆ نەبووە، دووەم دەیەوێ فێڵ لە دەنگدەری داماو و گەل بکات. 

لە وڵاتانی دیموکرات و پێشکەوتوو و خاوەن شارستانی و نەریتی دیموکراسی و هەڵبژاردن، هەر ئەندام پەرلەمانێک پێچەوانەی بڕیاری حزب و گرووپی پەرلەمانی خۆی، جوڵە بکات، یا دژی بەرنامەی حزب و پەیرەوو پرۆگرامی بوەستێتەوە یا هەوڵ بدات ئەجیندای تایبەتی خۆی لە ناو هۆڵی پەرلەماندا جێ بەجێ بکات بۆ ئەوەی خەڵکی بە پاڵەوان و قارەمان و پاوەرمەن و سوپەرمەن لە قەڵەمی بدەن یا بە شان وباڵیدا هەڵبدەن و دواتر خۆی بکات بە پاڵەوانی شاشەو تۆرەکۆمەڵایەتیەکان لە پێناوی دەست خستنی کۆمەڵێک بەرژەوەندی تایبەتیەوە، بێ سێ و دوو لە لایەن حزبەوە بە سەرەڕۆە و لە دیسیپلین لادەر لە قەڵەم دەدرێ و مافی ئەندامێتی سڕ و بەرپرسیارەتیە پەرلەمانیەکانیشی ( وەک ئەندامی لێژنەکان یا وتەبێژی کاروبارێکی دیاریکراو) لێ دەستێندرێتەوە. ئەگەریش بەردەوام بوو لەسەر سەرەڕۆییەوە، بێ سێ ودوو دەکەوێتە بەر غەزەبی حزبەوە و دەردەکرێ. 


بۆیە گەرەکە هەموو کاندیدکراوە حزبیەکان ئەو راستیەیان بۆ روون کرابێتەوە، دەنگدەران دەنگ ئەدەن بە بەرنامەی حزبەکان و هیچ کاندید کراوێک بۆی نیە بەرنامە و ئەجێندای تایبەت بە خۆیەوە لە بن سەری هەڵگرتبێ و دواتر کە دەرچوو بانگەشەی بۆ بکات و دژی حزب و بەرنامەی هەڵبژاردنی حزب بوەستێتەوەو ئەم دژ وەستانەش بە نیشتیمانپەروەری و خەباتی نەتەوایەتی و هەژاردۆستی و پاڵەوانێتی بە گەل بفرۆشێتەوە. لە خولەکانی پێشووی پەرلەماندا ئەم حاڵەتە بە شێوازی جۆراوجۆرەوە بەدی کرا و ئاڵۆزی خستە نێو ژمارەیەک لە فراکسیۆنەکانەوە.


ئەگەر بروای بە حزب و بەرنامەکەی نیە و بە نیازە حزب وەک پەیژەی سەرکەوتن و دەست خستنی بەرژوەندی و خەونەکانی بەکار بێنێ یا خەونی دەوڵەمەند بوونی خێرای هەبێ ( هەروەک بەداخەوە ئێستاکە خەونە ئەرخەوانیەکان بە لە دەور دەوڵەمەندی خێرا و کۆکردنەوەی سەروەت و سامانی بێ شوماردا دەخولێنەوەو بووە بە فەرهەنگ و تێگەیشتنی کۆمەڵگە)، واباشترە بەر لە بەرێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن یا تەنانەت کاندیدکردنیشی، خۆی نەکات بە بارو سەر ئێشە بەسەر حزب و گەلەوە و هەڵوێستی خۆی راشکاوانە راگەیەنێ و دواتر پاڵەوانێتی بە جەماوەر و دەنگدەری داماوەوە نەفرۆشێتەوە.


هێچ کاندیدکراوێک یا کاندیدێک توانای ئەوەی نیە وڵات بکات بە شامی شەریف و کامەرانی و خۆشگوزەرانی بڵاو کاتەوە یا کێشە سەرەکیەکانی دۆخی نالەباری کۆمەڵگە چارەسەرکات ، ئەگەر حزبێک و دامەزراوەیەکی حزبی بەهێز و خاوەن ئیرادەی نیشتیمانی و نەتەوەیی لە پشتیەوە نەبێ.


گۆرەپانی پەرلەمان کێڵگەی چاندنی بەرژوەندیە شەخسیەکان نیە و ئەو دیسکۆرسەی لە هۆڵی پەرلەماندا حوکم دەکات گوتاری تەواو حزبیە و ئەم حاڵەتەش وەنەبێ نەرێنی بێ، بەڵکو زۆر ئاساییەو لە وڵاتانی پێشکەوتووش پەرلەمان لە فراکسیۆنە حزبیەکان و هاوپەیمانیەکانەوە پێک دێت نەک فراکسیۆنی بێلایەنەکان یا وەک لە کوردستان باوە و خەریکە دەبێتە تێگەیشتن و باوەرێکی کۆمەڵگە، ئەندامانی سەربەخۆ.


 مێژوو پێمان دەڵێ پارادایمە شەخسیەکان هیچ ڕۆڵ و سەنگ و قورساییان بۆ گۆرینی ئاراستەی جوڵە و دەسکەوت و چالاکیەکانەوە نابێ.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP