جوگرافیای هاوبەش نەخشەڕێگای هاوبەشی دەوێت

دەلیل جەمال - 14-09-2018 - 6665 جار خوێندراوەتەوە

هەمیشە لەکایەی سیاسیدا، واوێناکراوە سیاسەت و کاری حزبی تەنها ئەو دیوە پێکدادان و ململنێ و بەرزونزمییەیە، کە دەکرێت و مەنتیقی کاری سیاسیە، لەقۆناغێکدا، بەڵام دیوێکی دیکەی سیاسەت دیبلۆماسیەت و هێڵی هاوبەشی نێوان نەخشەو جەمسەرەکانی کایە سیاسییەکەیە کە دەبێت کاری لەسەربکەن.

 زۆرجار ئەم دیوە دیالۆگ و پێکەوەییە فەرامۆش دەکرێت و نابێتە دیفاکتۆ بۆ هێزی ئیدارەدان و بەردەوامی،  هەرچەند دواجار دادەنیشن و پێکەوە دیالۆگ دەکەن بەڵام زۆرجار بەشەرمەوە یان بەهۆی نەبوونی متمانە یان دەستی تێکدەر ئەم جۆرە دیالۆگە یان دیوەی سیاسەت و حزبایەتی ناتوانێت ببێتە فیگەری بەهێزی نەخشەڕێگای چارەسەر کە هەموان دەزانن دیوەڕاست و دروستەکەیە، جوگرافیای هاوبەش، کاری هاوبەش و پێکەویی دەوێت بۆ ئەوەی بتوانرێت ئیدارەیەکی باشی ئەو قەڵەمڕەوییە بدرێت، هەمیشە غیابی عەقڵی پێکەوەیی و دیالۆگ زەڕبەی کوشندەی لە جوگرافیای سەوز داوە.

باشترین بژاردە ڕێکخستنەوەو نزیکی و دیالۆگی مەبدەئیانەی جەمسەرەکانی زۆنی سەوزە، بەئامانجی خزمەت و چاکەی گشتی، ئەمە ئەو دیوەی تری کاری سیاسی و هێزی سیاسی مەدەنیە، کەپێویستی بەپشتیوانی هەمەلایەنه، لەئەگەری هەردەستێک کە ڕێکخستنەوەو نزیکی و دیالۆگ لەمەسڵەحەتیان نییە.

جوگرافیای بەهێز هاوسەنگی هێز لە کاری هاوبەش و پێکەوەیی جەمسەرەکانی زۆنی سەوزە، نابێت بەریەککەوتن و ململانێ و خیتابە توندەکانیشیان ڕێگربێت لەکاری پێکەوەیی، پێویستە قۆناغی ململانێ بگوازرێتەوە بۆقۆناغی پێکەوەبوون، بۆگەڕانەوەی هاوسەنگی لەهێزی مادی و مەعنەوی قەڵەمڕەوی لەنفوز و ئیدارەی بەڕێوەبردن ، کایەی سیاسی هیچ دودڵی ناوێ زەرورەتی قۆناغ و دیفاکتۆی نوگرافیایەکی پەرتبووە، ئەمە هێشتنەوەی جەمسەرەکانە لەچوارچێوەی بەرنامەی هاوبەش و ئامانجی هاوبەشە ، کەپێموایە ئەم بەرەیە بەرفراوانتردەبێت دوای ڕێککەوتنی هاوپەیمانی و یەکێتی، هەڵبەت گەرئیرادەی نییەتی باش زاڵ بێت بەسەر دیالۆگ و کۆبوونەوەکان.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP