به‌سره‌ ده‌روازه‌ى تینووى خوارووى عێراق

بورهان شێخ ڕه‌ئوف - 9-09-2018 - 4475 جار خوێندراوەتەوە

 

شارى به‌سره‌ ناوه‌ندى پارێزگاى به‌سره‌ كه‌ دووه‌م گه‌وره‌ شارى عێراقه‌ ئه‌گه‌ر جاران موسڵ به‌ دووه‌م گه‌وره‌ شارى عێراق ده‌هاته‌ ژماردن ئێستا دواى كاول و وێرانبوونى به‌شێكى زۆرى  ئه‌و شاره‌ له‌ شه‌ڕى داعشدا له‌ ئێستادا به‌سره‌ به‌ دووه‌م گه‌وره‌ شارى عێراق دێته‌ هه‌ژماردن له‌ دواى به‌غدادى پایته‌خت .


به‌سره‌ له‌ ئێستادا  نه‌ك هه‌ر تاكه‌ ده‌روازه‌ى ده‌ریایى عێراقه‌ بۆسه‌ر  كه‌نداوى عه‌ره‌بى و هه‌موو ده‌ریاكانى جیهانیش به‌ڵكو پایته‌ختى ئابوورى عێراقه‌ و ژماره‌ى دانیشتووانه‌كه‌ى  نزیكه‌ى سێ ملیۆن كه‌سه‌ و ده‌وڵه‌مه‌نترین پارێزگاى عێراقه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت و غازى سروشتى كه‌ زۆرترین سه‌رچاوه‌و كێڵگه‌و بیرى نه‌وت و غازى لێیه‌ به‌ ڕاده‌یه‌ك 59% له‌ سه‌دى  یه‌ده‌كى نه‌وتى عێراق پێكده‌هێنێت له‌كۆى 115 ملیار به‌رمیل یه‌ده‌كى خه‌مڵێنراوى عێراق .


هه‌روه‌ها له‌ ڕێگه‌ى به‌نده‌ره‌كانى به‌سره‌وه‌ به‌شى زۆربه‌ى هه‌ره‌زۆرى نه‌وتى عێراق هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ و بازاڕه‌كانى جیهان ده‌كرێت كه‌ ڕۆژانه‌ نزیكه‌ى( 3.5) سێ ملیۆن و نیو به‌رمیله‌ كه‌ داهاته‌كه‌ى 95% له‌سه‌دى بوودجه‌ى گشتى ده‌وڵه‌تى  عێراق دابین ده‌كات .


ئه‌وه‌ى ئاماژه‌مپێدا به‌ كورتیه‌كى زۆر پێگه‌ى ستراتیجى به‌سره‌یه‌ بۆ عێراق به‌گشتى به‌ڵام با حاڵى ئه‌و شاره‌ به‌یانكه‌ین بۆتان كه‌ ده‌بوو ئێستا یه‌كێك له‌ جوانترین و ڕازاوه‌ترین شاره‌كانى جیهان بووایه‌ ده‌سته‌ خووشكى پاریس و نیویورك و دوبه‌ى و ئه‌سته‌نبووڵ و تۆكیو شاره‌ جوانه‌كانى ترى جیهان بووایه‌ ، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ پێچه‌وانه‌كه‌ى ڕوویداوه‌ ئێستا ئه‌و شاره‌و له‌ چه‌ند ساڵ پێشووتریشه‌و ده‌ناڵێنێت به‌ ده‌ست كه‌مى و نه‌بوونى زۆرێك له‌ خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى وه‌كو ئاوى خواردنه‌وه‌ كاره‌با ته‌ندروستى په‌روه‌رده‌ هاتوچۆ كێشه‌ى نیشته‌جێبوون و  ئاوه‌ڕۆ و پێویسته‌كانى ترى  ڕۆژانه‌. هه‌روه‌ها دانیشتووانه‌كه‌ى ئه‌و شاره‌ به‌ هه‌ژارترین به‌شى گه‌لى عێراق دێنه‌ هه‌ژماردن هه‌ربۆیه‌ له‌ ساڵى 2010 ه‌وه‌ جارجاره‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تى گه‌وره‌و تووڕه‌ییان ده‌ربڕیووه‌ به‌رامبه‌ر به‌و ژیانه‌ تاڵه‌ى كه‌ تێیدا ده‌ژین به‌ڵام هیچ ئاكامێكى نه‌بووه‌ ئه‌وه‌ى ئه‌مجاره‌ درێژترین خۆپیشاندان و مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تیه‌ كه‌وا زیاتر له‌ دوو مانگه‌ درێژه‌ى هه‌یه‌،ئه‌ویش به‌هۆى كه‌مئاويي و به‌رزبوونه‌وه‌ى سوێريي و ڕاده‌ى خوێ له‌ ئاوى شه‌تولعه‌ره‌ب هه‌موو ئه‌و ڕووبارانه‌ى كه‌ ده‌ڕژێنه‌ ناوى به‌ جۆرێك كه‌ بۆ خواردنه‌وه‌و و ئاودێری  و كشتوكاڵیش ده‌ستنادات له‌ هه‌مانكاتدا نه‌بوونى سیسته‌مى ئاوه‌ڕۆى ڕێكخراو به‌ شێوه‌یه‌كى ته‌ندروست ئاوى به‌سره‌ زۆر پیس بووه‌ و واته‌ ژه‌هراوى بووه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك ئاماره‌كان باسى زۆر حاڵه‌تى نه‌خۆشی تووشبوون به‌ په‌تاى سامناك ده‌كه‌ن له‌ ڕێگه‌ى كۆئه‌ندانى هه‌رسه‌وه‌ كه‌ تائێستا 18 هه‌زار حاڵه‌ت تۆمار كراوه‌له‌ نه‌خۆشخانه‌كانیدا .


قه‌یرانى گه‌وره‌ى به‌سره‌و عێراق به‌ گشتى خۆى له‌ لاوازى حكومه‌ت و بڵاوبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵیدا ده‌بینێته‌وه‌ له‌ ناو كاربه‌ده‌ستانى پله‌ باڵاى وڵاتدا كه‌ نه‌ پلان و نه‌ خه‌مى وڵاتیان نیه‌ به‌ڵكو سه‌رگه‌رمى ژیانى تایبه‌تى و پله‌و پۆست و ئیمتیازات و پاراستنى به‌رژه‌وندییه‌ تایبه‌تیه‌كانى خۆیان و حزبه‌كانیانن ئه‌گینا چلۆن ساڵانێكه‌ وڵاتانى دراوسێ خه‌ریكى دروست كردنى به‌نداو و گۆڕینى ڕێڕه‌وى ڕووباره‌كانن  كه‌ ده‌ڕژێنه‌ خاكى عێراقه‌وه‌ ئه‌م كاره‌به‌ ده‌ستانه‌ى عێراقیش مێشێك میوانیان نیه‌ و بێ ده‌ربه‌ستن .


ئه‌گه‌ر قه‌یرانى سوێرى و كه‌م ئاوى به‌سره‌ به‌نمونه‌ وه‌ربگرین سه‌رچاوه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ توركیاو سوریا به‌نداوى زۆریان له‌ سه‌ر هه‌ردوو ڕووبارى دیجله‌و فورات بنیاتناوه‌ و ئاوى پێویستى به‌شى عێراقیش به‌رناده‌نه‌وه‌ و ئێرانیش به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌نداوى زۆرى له‌سه‌ر ئه‌و ڕووبارانه‌ بنیاتناوه‌ كه‌ ده‌ڕژێنه‌ شه‌تولعه‌ره‌ب وڕووبارى دیجله‌وه‌ و بگره‌ ئاوى پیسیش به‌رده‌داته‌ ناویانه‌وه‌ كه‌ ده‌بێته‌ هۆكارى ژه‌هراوى بوون و زیاتر سوێر بوونى .


له‌ كۆتاییدا بۆ هه‌ر كه‌س و توێژه‌رێك كه‌ له‌م بابه‌ته‌ هه‌ستیاره‌ بكۆڵێته‌وه‌ ئه‌وه‌ى بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هه‌موو حزب و گرووهه‌ تائیفیه‌كان شكستیان هێناوه‌ له‌ به‌ڕیوه‌بردنى وڵات وتیوه‌گلاون به‌ دۆسییه‌ى زه‌به‌لاح و حه‌یابه‌رى گه‌نده‌ڵى دیارترینیان تێوه‌گلانى پارێزگارى پێشووى به‌سره‌و سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاو ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌ن و زۆرى تریش  به‌ گه‌نده‌ڵى كارگێڕى و مالى  و هه‌روه‌ها هه‌ڵاتنى ئه‌و پارێزگاره‌ و ده‌ربازبوون له‌ دادگاو جێبه‌جێ نه‌كردنى یاسا،و سه‌روه‌ر نه‌بوونى و ده‌ركردنى یاساى لێبووردنى گشتى و تایبه‌ت بۆ تاوانباران زیاتر ڕێ خۆشكه‌رن بۆ ئه‌نجامدانى گه‌نده‌ڵى.

له‌ ئێستاشدا كه‌ عێراق له‌ دووڕییانێكى سامناكدایه‌ بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ ئه‌گه‌ر به‌ هامان ستایڵى پێشوو كه‌ به‌شبه‌شێنه‌ى تائیفى و حزبیه‌ به‌رده‌وام بێت و ده‌ستوور جێبه‌جێ نه‌كرێت و پێكهاته‌یه‌ك له‌ هه‌وڵى سه‌پاندنى هه‌ژموونى خۆیدا بێت به‌سه‌ر پێكهاته‌كانى دى ئه‌واعێراق ناتوانێت وه‌كو ده‌وڵه‌تێكى یه‌كگرتوو بمێنێته‌وه‌ ده‌بێت بازنه‌یه‌كى داخراودا بخولێته‌وه‌ و سامان و داهاتى وڵات له‌ شه‌ڕو گه‌نده‌ڵیدا خه‌رج بكرێت و به‌سره‌و شاره‌كانى ترى عێراقیش به‌ تینووێتى و برسێتى بمێنێته‌وه‌ و و بگره‌ ئاوه‌ره‌و ده‌ربه‌ده‌ری زیاترى وڵاتانیش بن .



ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP