ئۆپەراسیۆنی ئیدلیب

دڵزار عارف - 8-09-2018 - 4391 جار خوێندراوەتەوە

دەمێکە سوریاو روسیاو ئێران ددانەکانیان تیژ دەکەنەوە، ئيدلبیان خستۆتە سێرەیان و ئیتر ئەڵێن کاتیەتی و پێوسیتە پاکی بکەینەوە، چونکە روسیاو سوریا زۆر لێزانانەو لە ڕێگەی ئاگری بۆمبارانی فرۆکە روسیەکان و رێکەوتنە ژێربەژێریەکانی ئەنقەرەو مۆسکۆ، چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن و داعش و بەرەی نوسرەو لە تەواوی سوریا پاڵیاننان، تا هەموویان لەم شارە کۆکردنەوە. ساڵی ٢٠١٥ ئۆپۆزسیۆن توانی کۆنترۆڵی شارەکە بکات، لەبەرامبەر ‌هێزەکانی ئەسەد بەرەنگاریەکی ئەوتۆیان نەکرد و شارەکەیان رادەستکردن، ئیتر لەوکاتەوە تەواوی ئەم پارێزگاییە کەوتۆتە دەست هێزە چەکدارەکان. دەزگای هەواڵگری روسیا و سوریا دەڵێن ٦٠٠٠٠ هەزار چەکدار لەم شارە هەیە وبەتەنها  ٦٠٪ خاکی ئدلب  لەژێر کۆنترۆڵی بەرەی نوسرەیە، ئەمەش مشتومڕێکی زۆری دروستکردووە، ترسێکی گەورەی خستۆتە دڵی روسەکان، چونکە بەپێی راپۆرتە هەواڵگریەکانی ئەوروپی و روسی، ژمارەی چەکدارە چیچانیە توندرەوەکان بەرزە، جگە لەوە باس لە هەبوونی چەکدارانی ئسلامی بەرەگەز چینی دەکرێت، بۆیە روسیاو چین لەسەرەتاوە، پشتیوانی خۆیان راگەیاند بۆ ئۆپەراسیۆنی ئدلب. هەرەوەها علی ولایەتی گەورە راوێژکاری خامەنەئی، لە لێدوانێکی بۆ کەناڵەکانی ئێران دوپاتی کردەوە کە پێویستە بە زوویی ئدلب بکەوێتە ژێر ركێفی دەوڵەتی سوریا. 

ئاشکرایە دەوڵەتی تورکیا بە‌هیچ شێوەیەک نایەوێت ئەم هێڕشە  بكرێتە سەر ئەم شارە، هەر وەک هەردوو رۆژنامەنسی تورک (موراد یەتکین و سەرکان دەمیرتاش) لە نوسینەکانیان لە رۆژنامەی حوریەت دەیلی چاپی ئینگلیزی ئاماژەیان بەدوو خاڵ داوە، ئەویش بوونی ٣ ملیۆن سڤیل لەم شارە، کە رەنگە بەهۆی دەستپێکردنی شەرەکە، ئاوارەی تورکیا ببن و بارگرانیەکی تر لەسەر وڵاتەکەیان دروست بکات، لە خاڵی دووەم باس لەوەدەکەن بەشێک لە چەکدارە توندڕەوەکان خۆیان لەبەرەکانی شەر بدزنەوەو رابکەن بەرەو تورکیا، بۆیە ئەنقەرە لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧  چەند خاڵێکی چاودێری و پشکنینی دانا، ئێستا وەک خۆیان باسی دەکەن گەیشتۆتە ١٢ خاڵی چاودێری، دەیانەوێت ئەم خاڵانە وەک گەرەنتەک وا بێت بۆ ڕێگرتن لە پەرینەوەی چەکدارەکان و هەرەوەها  دورخستنەوەی ئەگەری شەر لە نێوان ‌هێزە دژبەیەکەکان، بەڵام ئەگەر لە گۆشەی ترەوە سەیر بکەین تورکیا دەمێک بوو ترسی لەوە هەبوو کورد بگەنە سەر دەریا بۆیە ویستی ئەم رێگایە بپچرێت و لەگەڵیشی عەفرین زیاتر بخاتە ناو بازنەی گەمارۆکە و هەروەکو دواتر بینیمان کە چۆن پەلاماری شارەکەیدا .

ئێستا ئەردۆگان بەهەموو هێزی خۆیەوە دەیەوێت بەهەر شێوەیەک بێت قەناعەت بە پۆتین و رۆحانی بکات لە لوتکەی هەینی داهاتوو لە تاران، ئەم ئۆپەراسیۆنە دوابخرێت، بەڵام لەوەناچێت تورکیا ئەمجارە شانسێکی وای هەبێت، چونکە ماوەیەکی باش دەرفەتیان بە تورکیادا، بۆ ئەوەی بتوانێت بەرەی نوسرە قەناعەت پێ بکات و خۆی هەڵوەشێتێتەوە، بەڵام لەبەرامبەردا بەرەی نوسرە زۆر بە توندی هاتە وەڵام و داوای بەرەنگاری و جیهادی کرد، تورکیاش بە ناچاری نوسرەی خستە لیستی تیرۆرەوە. ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر ئەم لوتکەیە، بۆ ئەوەی بگەن بە رێکەوتنێکی یەکجارەکی کە چارەنووسی خەڵک وشارەکە یەکلای بکاتەوە، هەر بۆ ئەم مەبەستە وەزیری دەرەوەی تورکیاو ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەیان کردوو و ئەمریکا بە زمانێکی توندو پڕ هەڕەشە ئاگاداری ئەسەدی کرد لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، لەکاتی دەستپێکردنی هێڕشەکە، جگەلەوە وڵاتانی ئەوروپاش ترسیان لێنیشتووە لەوەی جارێکی تر خەڵکێکی تازە ئاوارەببن و هەوڵی گەیشتنی ئەوروپا بدەن، بەڵام لەوە ناچێت ئەم ترس و فشارانە، ئەسەد پۆتین و میلیشیا شعیەکان پەشیمانکەنەوەو روی تۆپ و فرۆکەکانیان وەرگێڕن  و ئۆپەراسیۆنەکە دوا بخەن.    
   
               


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP