چۆن بیر له‌ هه‌ڵبژاردنێكی دیموكراسیانه‌ بكه‌ینه‌وه‌؟

ئاری ئه‌حمه‌د - 6-09-2018 - 5352 جار خوێندراوەتەوە


دیموركراسی  به‌بێ سنوقی ده‌نگدان نابێت, په‌یوه‌ندێكی دیالێكتی له‌نێوان دیموكراسی و هه‌ڵبژاردندا هه‌یه‌, ناكرێت له‌ غیابی هه‌ڵبژاردنێكی پاك دیموكراسی جێگای باس بێت, هه‌ڵبژاردن وه‌كو میكانیزمێكی سه‌ره‌كی پڕۆسه‌ی دیموكراسی سه‌یر ده‌كرێت, له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ ڕێگه‌وه‌یه‌وه‌ گه‌ل موماره‌سه‌ی مافه‌ سیاسیه‌كه‌ی خۆی ده‌كات, هه‌ڵبژاردن پڕۆسه‌یه‌كه‌ كه‌ هێز و لایه‌نه‌ سیاسه‌ جیاوازه‌كان كێبڕِكێ ده‌كه‌ن به‌مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی زۆرینه‌ی ده‌نگی ده‌نگده‌ران و بردنه‌وه‌ی كورسیه‌كانی په‌رله‌مان یان هه‌ر پۆستیكی دیكه‌ی باڵا.

ئه‌گه‌ر بمانه‌وه‌ێت هه‌ڵبژاردنێكی دیموكراسییانه‌ ئه‌نجام بده‌ین ده‌بێت زۆرترین ته‌ركیزبخینه‌ له‌سه‌ر ئه‌م سێ بواره‌ كه‌ بریتین (یاسای هه‌ڵبژاردن, سیستمی هه‌ڵبژاردن و بازنه‌كانی ده‌نگدان), چونكه‌ ئه‌مانه‌ خاڵی جه‌وهه‌رین له‌ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا, له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی یاسایه‌كی هه‌ڵبژاردنی یه‌كگرتوو نیه‌ بۆ هه‌موو كۆمه‌ڵگایه‌ك بگونجێت, به‌هۆی جیاوازی له‌ سیسته‌مه‌ سیاسیه‌كان, یان جیاوازی له‌ شێوازی هه‌ڵبژاردن له‌ وڵاتێكه‌وه‌ بۆ وڵاتێكی دیكه‌, به‌ڵام كۆمه‌ڵێك بنه‌مایه‌كی جێگیرمان هه‌یه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنێكی دادپه‌روه‌رانه‌, كه‌ پێویسته‌ له‌ وڵاته‌ دیموكراسیه‌كان له‌به‌رچاوبگیرێن له‌وانه‌ جیاوازی نه‌كردن له‌نێوان كاندیده‌كان و مسۆگه‌ركردنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن, وه‌ به‌په‌رۆشی ده‌وڵه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی زه‌مینه‌سازی گونجاو بكات و تێدا هاوڵاتیان بتوانن ئازادانه‌ گوزارشت له‌ ئیراده‌ی خۆیان بكه‌ن, وه‌ دیاریكردنی ماوه‌ی نێوان هه‌ڵبژاردنێك بۆ هه‌ڵبژاردنێكی تر كه‌ ماوه‌كه‌ نه‌ زۆر كوربێت نه‌ زۆریش درێژه‌بكێشت, پیویسته‌ یاسای هه‌ڵبژاردن ڕێگه‌نه‌داته‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ی میلشیای چه‌كداریان هه‌یه‌ به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ن, له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته‌ نهێنی ده‌نگدان بۆ ده‌نگده‌ر فه‌راهه‌بكات, و بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری  نێگه‌تیڤ دروستن نه‌بێت له‌سه‌ر ئیراده‌ی ده‌نگده‌ر.
هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ڕێگه‌ی كۆمسیۆنێكی سه‌ربه‌خۆ بیلایه‌ن ئه‌نجامگیرده‌بێت, نه‌ك كۆمسیۆنێك كه‌ له‌لایه‌ن حیزبه‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌ دامه‌زرابێت, خاڵیكی تری گرنگ كه‌ جیگای ئاماژه‌یه‌ بریتیه‌ له‌ سیسته‌مه‌كان هه‌ڵبژاردن دیاره‌ له‌ دنیای دیموكراسی دا چه‌ند جۆریك سیسته‌می هه‌ڵبژاردنمان هه‌یه‌ وه‌ك "سیسته‌می هه‌ڵبژاردنی زۆرینه‌, سیسته‌می هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رایه‌تی  رێژه‌ی, سیسته‌می هه‌ڵبژاردنی تێكه‌ڵاو" ئه‌م سیسته‌مانه‌ به‌پی هه‌لومه‌رج و ڕێكه‌وتنی نێوان لایه‌نه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردن دیاری ده‌كرێن, ئاشكرایه‌ هه‌ریه‌ك له‌م سیسته‌مانه‌ لایه‌نی باش و خراپیان هه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی دیار كاریگه‌ریان له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌لبژادن ده‌بیت, ته‌به‌نی كردنی هه‌ریه‌ك له‌م سیسته‌مانه‌ وه‌ستاوه‌ له‌سه‌ر خواست و ئاستی هۆشیاری پێشكه‌تووی ئه‌و وڵاته‌نه‌ی په‌یڕه‌ویان لێده‌كه‌ن.

هه‌رچی سه‌باره‌ت به‌ بازنه‌كانی ده‌نگدان فاكته‌رێكی سه‌ره‌كیه‌ له‌ ئاڕاسته‌كردنی هه‌ڵبژاردندا به‌جۆرێك كاریگه‌ری ڕاسته‌و خۆی به‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانییه‌وه‌ ده‌بێت, پێویسته‌ ده‌سته‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ هه‌ڵسێت به‌ دابه‌شكردنی بازنه‌كانی ده‌نگدان, وه‌بتوانێت یه‌كسانی به‌دیبهێنت, ئه‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ی سه‌رژمێریه‌كی دروستی ژماره‌ی دانیشتوان و دابه‌شكردنی جوگرافیای ناوچه‌كان یان هه‌رێمه‌كان.

نابیت وابیر له‌ هه‌ڵبژاردن بكرێته‌وه‌ كه‌ ته‌نیا مافی نوخبه‌یه‌كی سیاسییه‌ به‌ڵكۆ پێویسته‌ مافی گشتی بێت, وه‌ هه‌ڵبژاردن گشتی ده‌بێت كاتێك  ڕێگه‌ به‌ هه‌موو هاوڵاتیانی پێگه‌شتوو بدرێت به‌پی یاسای به‌شداری بكه‌ن له‌ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن, كڕۆكی هه‌ڵبژاردنی دیموكراسیانه‌ ئاڵۆگۆر و ده‌ستاو ده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات دێنێته‌كایه‌وه‌, تێدا زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ گۆڕانی به‌سه‌ر دادێت.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP