رۆبۆت یا کۆیلەکانی کۆمەڵگە!

شۆڕش خالید ئاژگەیی - 2-09-2018 - 3050 جار خوێندراوەتەوە

پێشکەوتنە بەرچاوەکانی کۆمەڵگە لە بوارگەلی تێکنۆلۆژی و داهێنانە خێراکان و چنینەوەی بەرهەمەکانی شۆرشی زانیاری لە ئاستی جیاجیادا مایەی هەڵوەستە لەسەر کردن و تێرامانن.
مرۆڤ بە درێژایی میژوو هاوتەریب لەگەڵ بەرەوپێشەوە چوونی ژیان و گەشەی کۆمەڵگە، هەمیشە لە هەوڵی پێشخستن و ئاسان کردنی ژیان و بەرزکردنەوەی کوالێتی گوزەران و فەراهەم کردنی هەلومەرجەکانی خۆشگوزەرانی و سەقامگیریدا بووەو سڵی لە ئەفراندنی ئامرازەکانی داهێنان و گەشە پێدانی عەقڵ و جووڵاندنی هزر بە ئاراستەی  بەختەوەری و داهێنان نەکردۆتەوە و توانیویەتی دەسکەوتی زۆر لەم بوارەدا بەدەست بێنێ.

یەکێک لەو بوارانەی هەنوکە مرۆڤی داهێنەر توانیویەتی پێشکەوتنی بەرچاوی تێدا بەدەست بخات، دروست کردنی رۆبۆتەکانە. 
مەبەستی من لێرەدا رۆبۆتە مرۆڤ ئاساکانی کۆمەڵگا نین، بەڵکو ئەو رۆبۆتانەن خودی مرۆڤ بەرهەمیان دێنێ و لە رێی داهێنانی بەرنامە کۆمپیۆتەری و دیجیتالیەکان وچاودێری خودی مرۆڤەوە ئەنجامدانی کۆمەڵێک ئەرک وبەرپرسیارەتیان پێ دەسپێرێ.

ئێمە کەم تازۆر گوێبیستی هاتنە مەیدانی رۆبۆتەکان و گەشەی  خێرای چەمکی زیرەکیی دەسکرد (artificially intelligent)  لە رووی کردارەوە بووینەتەوە. ئەم بوارە دەرفەتی ئەوەی بۆ دەرەخساندووین تاکو بتوانین لە دابەشکردنی بەشێک لە بەرپرسیارەتی و ئەرکەکانمانەوە بە رۆبۆتەکان، ئەرکی ئەنجام دانی کۆمەڵێک لە ئیشوکارە رۆتێنیەکانی رۆژانە لە کۆڵ خۆمان بکەینەوە.
بەڵام گەلۆ ئەم پێشکەوتنەی تێکنۆلۆژیا سوودبەخشە یا خراپە؟ داهاتووی ژیانی ئێمە وەک کۆمەڵە بوونەوەرێکی تەوەزەل و تەمبەڵ لە بارودۆخێکی وادا چۆن وێنا دەکرێ؟ ئایا ئەمە جۆرێک نیە لە سپاردنی کۆمەڵگاو ئەرک و کاروباری رۆژانەمان بە سیستەمێکی بێ روح وهەست ونەستی دەسکرد وەک تێکنۆلوژیا و نەمانی پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و کارلێکە سۆزداری و ئینسانیەکانمان بە رۆبۆتە بێ هەست و نەستەکانەوە؟

 ئایا سپاردنی چارەنوسی جڤاک و مرۆڤایەتی بە و رۆبۆتانەی کۆیلەئاسا رایاندەسپێرین بێ وەستان و بێ وچان ئەرکەکانی رۆژانەمان بۆ بەرێوە بەرن، جۆرێک نیە لە گەشەدان بە گۆشەگیری و پەراوێز کەوتن و دابرانی رایەڵەکانی کۆمەڵایەتی مرۆڤ لە یەکتری و نەمانی پەیوەندیە جڤاکیەکان و داماڵینی ژیان لە سۆزو عاتیفە و خۆشەویستی و یەکتر دواندن؟
سەرباری لێدوان و هەڵسەنگاندنە بەردەوامەکانی سیاسیەکان و خاوەن کاران و سەرمایەدار و خاوەن کۆمپانیاکان بەوەی داهاتووی زۆربەی کاروئەرکەکانی ڕۆژانە لە ئاییندەدا ئەخرێتە ئەستۆی رۆبۆتەکانەوە، بەشێکی تری کۆمەڵگاش بە دوودڵی و ترس و گومان و دڵە راوکێیەوە دەروانێتە ئەمجۆرە لە پێشکەوتنەی بواری تێکنۆلۆژیاوە. 

ئەو پرسیارەی لێرەدا جێی هەڵوەستە لەسەر کردنە و رووبەروومان دەبێتەوە ئەوەیە:ئاکامەکانی سپاردنی کۆمەڵگا بە رۆبۆتە پرۆگرام کراوەکان چین؟

 چی روودەدات ئەگەر هاتو ئەنجامدانی بەشێک لە ئەرک و کارو بەرپرسیارەتیەکانی رۆژانەمان بە تێکنۆلۆژیای زیرەکەوە سپارد؟ لەوانە ئۆتۆمبێل لێخورین، شەمەندەفەرە کارەباییە بێ شۆفێرەکان، پاسکیلەکان، گەسکە پرۆگرام کراوەکان، ئوتۆمبێلە بێ شۆفێرەکان.  یا کاتێک منداڵەکانمان لەجیاتی قسەکردن و یاری جەستەیی و هەڵپەرین و جموجۆڵ و راکردن و یاری کردن و گفتوگۆکردن لەگەڵ یەکتریەوە، بوون بە هاوڕێی هەمیشەیی ئایفۆن و ئایپاد و کۆمپیۆتەر و قسەکردنیشیان تەنیا لەگەڵ دەنگی خاتووونە نادیارەکەی ئایفۆن ( سیری Siri) بوو؟

بۆ نمونە مەزەندە کراوە لە دە ساڵی داهاتوودا نزیکەی ملیۆنێک و هەشت سەد هەزار لە کارانەی لەلایەن حەدیقەچیەکانەوە حاڵی حازر ئەنجام دەدرێن، بە رۆبۆتەکانەوە بسپێردرێن. تەنانەت لە ئەمریکا حاڵی حازر لە زۆربەی هوتێلەکاندا رۆبۆتەکان کاری خزمەتگوزاری ئەنجام دەدەن. بە جۆرێک هەموو رۆبۆتەکان گرێدراوی سێرڤێری سەرەکی هوتێلن و لەلایەن دەستەی کارگوزارانی هوتێلەوە بەرنامەیان بۆ دادەنرێت و توانای بەکار هێنانی ئاسانسۆرەکانیشیان بۆ فەراهەم کراوە. 

 بەرێوەبەری کۆمپانیای ئۆتۆمبێلەکارەباییەکانی تێسلێر ( Tesler) هۆشداری داوە بەوەی رەنگە لە ئاییندەدا گەشەی رۆبۆتەکان و سپاردنی کۆمەڵگا بەم ئامێرە ئێلێکترۆنیانە دەرەنجام و ئاکامی زۆر خراپ و پێشبینی نەکراوی لێ بکەوێتەوە وتام وچێژی ژیان بە تەواوەتی لە ناو ببات و لە لایەنی سۆزوچێژ وەرگرتن دایماڵێ.
بۆیە هۆشداریەکان لەم بوارەدا یەکجار زۆرن و هەمووشیان لە شوێن خۆیاندان. 

بەڵام گەرەکە ئەم راستیە لەبەرچاو بگرین. گەشەی خیڕای تێکنۆلۆژیا هەموو کونج و کەلەبەرێکی ژیانی گرتۆتەوەو لایەنگرانی ئەم تەوژمە ئەسپی خۆیان خێرا تاو دەدەن و وادیارە هێشتا تێنوێتیان نەشکاوە.
 لەگەڵ ئەمەشدا پێدڤیە ئەم راستیەش بخەینە روو. ئێمە خۆمان لە هەر بەرەیەکدا ببینینەوە، لایەنگر یا دژ، ناچارین ئەم راستیە لەبەرچاو بگرین. ئەم جۆرە لە بازدانی شۆرشی زانیاری و بوارەکانی پەیوەست بە تێکنۆلۆژیا، کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەخاتە  بەردەم کۆمەڵێک ئاڵنگاریەوە، پێشبینی کردنی ئاکامەکانی کارێکی ئەستەمە. 

لێ لە هەمان کاتیشدا جڤاکی مرۆڤایەتی دەخاتە بەردەم  کۆمەڵێک گۆرانکاری خێراوو سەر سووڕ هێنەرو رەنگە دواجار شیرازەی کۆمەڵگا تەواو دووچاری بارێکی دژواری سایکۆلۆژی و فکری و روحی بکاتەوە. 
مێژووش دەریخستووە گۆرانکاریەکانی کۆمەڵگا چ لە رووی تێکنۆلۆژیا و چ لە بوارەکانی هزرو عەقڵەوە هەمیشە کۆمەڵێک بەربەستی خراوەتە بەردەم گەشەسەندن و پەرەسەندنیەوە و مرۆڤ بە سروشت زۆر حەز لە گۆرانکاری و گۆرینی ئاراستەکانی ژیان و چوارچێوە فکرە باوەکەوە ناکات و رەنگە ساڵانێک و بگرە زیاتریش بە هەموو جۆرێک رووبەرووی شەپۆلی گۆهرینە جڤاکی و پیشەسازی و دیجیتالیەکان ببێتەوە. 

لە سەردەمانی پێشوو و رێک دوای شۆرشی پیشەسازی، بە سەدان کرێکاری کۆمپانیاکانی رستن و چنین لە بەریتانیا بۆ نارەزایەتی دەربرین لە کەڵک وەرگرتن لە ئامێرەکانی رستن و چنین و زامن کردنی کارو پیشەی خۆیان، رژانە سەر شەقامەکان و هێرشیان کردە سەر کۆمپانیاکان و تەواوی ئامیرەکانیان گڕ تێبەرداو سووتاندیان. 
لەم سەردەمەشدا دەرکەوتنی هەردوو کۆمپانیای ( Uber ) و ( AirBnB)، وەک دوو رکابەری کۆمپانیاکانی تەکسی و گواستنەوە لە ئەورووپا و ئەمریکا بووە هۆی توورەیی و تەنانەت شەری دەستە یەخەی نێوان کارمەندان و کارگوزارانی هەردوو کەرتی تایبەتەوە. 

بۆیە هەموو جۆرە گۆرانکاریەک هەمیشە کۆمەڵێک بەربەستی لەلایەن ئەوانەوە دەخرێتە بەردەمی، کەوا هەست بە مەترسی لە ناو چوونی بەرژەوەندیەکانیان دەکەن و ترسی بێکاربوون و لەدەستدانی سەرچاوەی بژێوی ژیان، هانیان دەدات دژایەتی گۆرانکاریەکان بکەنە ئەرکێکی ئەخلاقی خۆیانەوە. 

بەڵام گۆرانکاریەکانی کۆمەڵگا زۆر لەوە خێراتر و تیژترن ئێمەمانان بتوانین رێگریان لێ بکەین. هاوتەریب لەگەڵ پێشکەوتنە پیشەسازیەکان، شۆرشی تەکنۆلۆجیا و گواستنەوەی دیجیتالی و شۆرشی زانیاریەکان ئاراستەیەکی خێراو سەرسوور هێنەری گرتۆتە بەر و هیچ کەس توانای دانانی بەربەستی لەبەردەمیدا نیە و ناتوانێ بیوەستێنێ.

گومانی تێدانیە زۆربەی هەرە زۆری ئەو کارو پیشەو ئەرکانەی ئێستا لە لایەن مرۆڤەکانەوە ئەنجام دەدرێن، لە داهاتوودا بە رۆبۆتەکانەوە دەسپێردرێن. 
ترس وبەدگومانی بەهۆی گەشەی خێرای تێکنۆلۆجیا و پیشەسازی و گواستنەوەی دیجیتاڵی حاڵەتێکی ئاسایی و سروشتیە، لێ لە جیاتی گەورە کردنی ترس و دڵەراوکێ و بەدگومانیەکانەوە، گەرەکە ئێمە لە رووی هزرو دەروونەوە خۆمان لەو واقعە تازەیەی مرۆڤایەتی رابێنین و بە دانانی رێوشوێنی گونجاوو شایستەو مامەڵەی لۆژیکی و عاقڵمەندانەوە ئامادەی گۆرانکاریە خێراکان بین و بە پەرچەکرداری تووند و نالۆژیکی و رقو قین و دڕدۆنگیەوە رووبەروویان نەبینەوە. 
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP