کاتی ئەوەیە داهێنان لە سیاسەتدا بکەین

موئمین یاسین زەڵمی - 2-09-2018 - 4819 جار خوێندراوەتەوە


وا بڕیارە 30ی ئەیلول هەڵبژاردنی دواخراوی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام باسوخواس  لەسەر سێ تێرمی جیاواز کە ئەوانیش "بەڕێوەچون، دواخستن، بایکۆت" بەردەوامە، هەوڵ ئەدەم بە کورتی تیشک بخەمەسەر چەند ڕاستییەکی پێویست.

گومانی تێدا نیە هەڵبژاردن هۆکاری تەندروست و مەدەنیانەی چەسپاندنی دیموکراسی و دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵاتە و هیچ ئەلتەرناتیفێکی تریشی نیە، بۆیەش ئەگەر هەڵبژاردنیش نەبوو هەر دەبێ بە شوێنیدا بگەڕێین و هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام کام هەڵبژاردن و کام پڕۆسەی ئاشتییانەی دەستاودەست کردنی دەستەڵات؟

ئێستا زانیارییەکان مەترسی جیاواز لەسەر ئەو هەموو ساختەکاری و تەڵەکەبازییە دەخەنەڕوو کە شەرمە پڕۆسەی دیموکراسی بەم شێوەیە ناشیرین بکرێت، مانای نیە دوای پانزە ساڵ هەڵبژاردن، هەمان تۆماری دەنگدەران هەم قانونی شکستخورادوو و پێشێلکراوی کۆن و هەمان کۆمیسیۆنی حزبیی گوێڕایەڵ و بێ دەستەڵات جارێکیتر ئەو هەموو کەسایەتی و کاندیدە بەڕێزانە لەکەدار بکات.

بایکۆت لە ئێستادا باشترین بژاردەی سیاسییە، بەڵام نە بایکۆتی سیاسی و نە بایکۆتی هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد، بەڵکو بایکۆتی ساختەکاری و تەزویر و تەڵەکەبازی کە ڕۆژ بە ڕۆژ قوڕی قەیران وئاریشەکانی میللەت خەستتر دەکاتەوە.

بایکۆتی پڕۆسەیەکی وەک هەڵبژاردنی 30ی ئەیلول نەک هەر واجبێکی سیاسی و ئەرکێکی مەدەنییە بەڵکو هاندەرێکی سەرەکییە بە ئاڕاستەی گێڕانەوەی شکۆی هەڵبژاردنی تەندروست و کاری سیاسیی و سەروەری یاسا. 

بایکۆت، نەک هەر مەرگی سیاسی وسڕبوونی کاری کۆمەڵایەتی- مەدەنی نیە بەڵکو دەرفەت وەرگرتنە بۆ زەمین و زەمانی گونجاوتر کە لە ئایندەی نزیکدا هێزە چاکەخوازەکان دەتوانن مانایەکیتر بۆ هەڵبژاردن و کاری سیاسی و خزمەتی گەورە بۆ ڕاستکردنەوەی حزبایەتی بەرژەوەندیخوازانە بگێڕنەوە و بەرژەوەندی باڵای گەل و نیشتیمان بە "سیاسەتێکی تەندروست" بخەنە پێش هەموو بەرژەوەندییە تەسکەکانەوە.

بۆیەش پێویستە چاکەخوازان و خەمخۆرانی سەروەری یاسا و چەسپاندنی دیموکراسی و بەرپاکردنی عەدالەت بایکۆت بکەنە "داهێنانی سیاسیی" و نەهێڵن جارێکیتر تەزویر و ساختەکاری سومعەی هەرێمی کوردستان و میلەتەکەی لەکەدار بکەن.
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP