بەپەلە

هەفتەی ئاشتەوایی

سالار مه‌حمود - 27-08-2018 - 5439 جار خوێندراوەتەوە


ئەم هەفتەیە لە کوردستاندا چەند هەناگاوێکی سیاسی لە کوردستاندا نران بۆ سەرەتایەکی نوێ لە دروستکردنەوەی پەیوەندی و متمانە لە نێوان بەشێک لەلایەنە سیاسیەکان و لەناو لایەنەکانیشدا. ئەمەش ئاماژەیەکی باشە بۆ پەرەپێدانی ئەم هەنگاوانەو دروستکردنی بەرەیەکی نیشتمانی لە خزمەت خەڵک و تواندنەوەی بەستەڵەکی گرژیەکان.

سەردانی وەفدی یەکێتی بۆ لای بزوتنەوەی گۆڕان و پۆزشهێنانەوە بۆ ئەو رووداوە نەخوازراوەی بەرامبەر بە گردی زەرگەتە کرا سەردانی گۆڕی سەرکردەی کورد نەوشیروان مستەفاو دانانی تاجەگوڵی رێز لەسەر گۆڕەکەی.

راگەیاندنی هاوپەیمانی لەنێوان چوار لایەنە ناڕازیەکەی کوردستان ( گۆڕان و هاوپەیمانی و کۆمەڵ ویەکگرتوو) و دەستخۆشیەکەی د بەرهەم ساڵح لە هەنگاوەکەی یەکێتی بۆ لای گۆڕان. ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانیەکی نوێ لە دروستکردنی یەک فراکسیۆنی هەموو لایەنە کورستانیەکان لە پەرلەمانی عیراق.

داواکارم هەموو لایەنە کوردستانیەکان لەپەرلەمانی عیراق یەک هاوپەیمانی رابگەیەنن.
سەردانیکردنی مەزاری مام جەلال سیمبوڵی کۆکەرەوە، بەهەموو لایەنەکانەوە بەپێویست دەزانم، دەرکەوتنی سەرکردە گەرمیانیەکان پێکەوە لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەت لەگەرمیان هەنگاوێکی تری ئەرێنییە.

خوازیارم هەموو لایەنەکان (نەوەی نوێ، کۆمەڵ یەکگرتوو، هاوپەیمانی، گۆڕان، پارتی، یەکێتی) کۆبونەوەی هاوبەش بکەن بۆ دانانی ستراتیژێکی هاوبەشی نیشتمانی پێکەوەو ئامادەکردنی بەرنامەی هاوبەش بۆ گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەتی عیراق. بەرنامەکەش لەپەرلەمانی کوردستان پەسەند بکرێت.رەواندنەوەی تەمومژی دۆخی کەرکوک لەنێوان یەکێتی و پارتی و دانانەوەی پارێزگارێکی کوردی کەرکوکی. هەموو ئەم دەرکەوتە نوێیانە بکرێنە عەقدێکی سیاسی کۆمەڵایەتی لە کورستانداو هەنگاوی نیشتمانی بنرێت بۆ پەسەندکردنی دەستور لەکورستانداو تەواوکردنی کارەکانی لیژنەی ئامادەکردنی پرۆژەی دەستوری کوردستان.

هەنگاونان بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بەهەموو پارتەکانی کوردستان لەسەر ئاستی هەرچوار پارچەی کوردستان و دانانی ستراتیژی هاوبەشی نیشتمانی بۆ رووبەرووبوی هەوڵە ناشایستەکانی وڵاتانی ناوچەکە کە نیازیان پەرتکردنی ریزەکانی کوردستانە.

بەشداری پێکردنی رۆشنبیران و رێکخراوە مەدەنییەکان و کەسایەتیە سەربەخۆکان لەم پرسە بە گرنگ دەزانم..

بەرەو قۆناغێکی جدی ئاشتەوایی و خوازیارم هەمووان بەشداربین لە پڕکردنەوەی کەلێنەکان لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP