بەپەلە

قۆناغێكی نوێ بە قازانجی خەڵك

عوسمان گوڵپی - 27-08-2018 - 8629 جار خوێندراوەتەوە


گەر سەرنجێكی چەندساڵی ڕابردوو بدەین بەڕوونی لەوە تێدەگەین هەرێمی كوردستان بەدۆخێكی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی خراپدا تێدەپەڕیوە و   چەندین هۆكار بۆ هاتنەكایەی ئەم دۆخە خراپە هەیە و دەشكڕێ بڵێین هەندێك لە هۆكارەكان نێوخۆیی نین بەڵكو گۆڕانكاریەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگ  و دەستوەردانەكان دیوێكی هۆكارەكانی ئەم دۆخە خراپەن، بەڵكو ئەوەی پشكی شێری بەردەكەوێت نێوخۆی خۆمانە كە دەسەڵات ڕێڕەوێكی ناتەندروستی پەیڕەو كردوە بۆ پاراستن و مانەوەی خۆی و لەدەست نەدانی بەرژەوەندیەكانیان لە بەرامبەر ئۆپۆزسیۆنێك كە بانگەشەی گرتنە دەستی دەسەڵاتی دەكرد

بەداخەوە لەم نێوەندەدا هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەدۆخێكی ئابوری و كۆمەڵایەتی خراپدا تێپەڕی و دۆخی سیاسی هەرێمیش پاشەكشەیەكی گەورەی كرد و ئەتوانم بڵێم لە رووی نزیك بونەوەلە دیموكراسی و ڕاستەقینەو میكانیزمی حكومڕانی بازش دەیان هەنگاو هاتینە دواوە و گەر لە ڕابردوودا هیوایەك بۆ هاتنەكایەی دەسەڵاتێكی باشتڕ هەبوبیت بەڕێگەی تەندروست ئەوا ئێستا ئەو هیوایە زۆر لاوازبوە و خەریكەهاوڵاتیان دەگەنە ئەو باوەڕەی كە دۆخی هەرێم هیچكات بەرەوباشتر ناڕوات. ئەشكرێ بڵێین هێزە سیاسیەكان بە قەبارەی جیاواز پشكی ئەو بێ هیواكردنەیان بەردەكەوێت و دەشبینین ڕەشبینیەكی زۆر شەقامی كوردی داپۆشیوە، ئەمەش خراپترین دۆخێكە كە هەر وڵاتێكی  پێدا تێپەڕێت چونكە ڕۆح و هێزی  گۆڕانكاری بەتەواوی دەكوژێ
بۆیە دەبێت سەرجەم هێزە سیاسیەكان كە بەرپرسیاریتی گەورەیان لەسەرە لەم دۆخەدا بەخۆیاندا بچنەوە و هەڵوێستەیەك لەسەر سیاسەتی ڕابردویان و ئەو هەموو ناكۆكیەبكەن كە دۆخی كۆمەڵایەتی و سیاسی وئابووری كوردستانی گەیاندە ئێرە
پێویستە سەرەتای هەنگاوێك دەستپێ بكەین بەتەواوی جیاوازبێت لە ڕابردوو. 
دەسەڵات دان بەوەدا بنێت كە ئەم جۆرە ئیدارەدان و حكومڕانیە شكستی خوارد و لە سایەی ئەم مۆدێلە حكومڕانیە حیزبیە دا كۆمەڵگە ڕۆژ بەڕۆژ لە دابەشكاری زیاتر نزیك دەبێتەوە و كۆمەڵگەیەكی پەرتەوازەی بێ ئینتیما بەرهەم دێت، نەك خەونە گەورەكانی نیشتیمان بەڵكو خەونەكانی تاكێكیشی تێدا دەمرێ، لە بەرامبەر دەسەڵاتیشدا هێزە سیاسیەكان پێویستە بە ڕابردوی خۆیاندابچنەوە و لەوە تێگەشتبن ئەگەر لە زەمەنێكی كورتی چەند ساڵی ڕابردوودا ئەو مۆدێلە ئۆپۆزسیۆنیە پێویستیەك بوبێ بۆ هوشیاركردنەوە و شكاندنی هەندێك كۆد، بەڵام ئێستا دەبێ لەوە تێگەشتبین بەردەوام بوون لەسەر ئەو مۆدێلە نامانگەیەنیتە ئەو وێستگەیەی كە بانگەشەی بۆكرا چونكە نەتوانرا بە باشی لەگەڵ گەشەی ئاسای ئۆپۆزسیۆن بوندا هەنگاوهەڵبگرین و دەتوانم بڵێم وەرزی گەشەی ئۆپۆزسۆن زۆری مابوو لەم ژینگە سیاسیەدا ئەگەرچی چەندین ئیجابیاتی بەدوای خۆیدا و هەنگاوێكی گرنگ بوو وەك سەرەتای قۆناغی ئۆپۆزسیۆن بوون

ئەگەر ئێستا توێژینەوەیەكی وردی زانستی بكرێت لە سەر ژینگەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوری هەرێم ، ئەوا دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی كە دەبێت بە سیاسەت و بیركردنەوە و حیزبایەتی كردن وەك چەند ساڵی ڕابردودا بچینەوە و لە ئیستادا كۆمەڵگەی كوردی و ژینگەی سیاسی ناوچەكە جۆرێكیتر لە سیاسەتكردن دەخوازێت و دەبێت تەواوی هێزەكان پێكەوە دابنیشن و قسەلەسەر داڕشتنەوەی فۆرمێكی نوێ بكەن بۆ داهاتوو، دەبێت پێكەوە پەند لە ڕابردووی پڕلەشكست وەربگرن و تێڕوانینەكانیان یەكخەن لەسەر بەرژەوەندیەگشتیەكانی نیشتیمان، بۆ داهاتوش خاڵی هاوبەش بدۆزنەوە كە قازانجی خەڵك بەسەنتەر بگیرێت و ئاسایشی ژیانی خەڵك خاڵی هاوبەشی كاری داهاتووی هێزەكان بێت
چیتر پێویستە هێزەكان جەنگ لەسەر خۆشبەختی خەڵك بكەن و ئامانجیان گەشەسەندنی ئابوری هەرێم و سەقامگیری ژیانی خەڵك بێت.
دەبێت قۆناغی ناكۆكی و منافەسەی ناشەریفانە و یەكترسڕینەوە بگۆڕین بە تەبایی و یەكترقبوڵكردن و گفتوگۆ، ئیدی دەبێت زمانی تەخوین كردن كۆتایی پێ بهێنین و كاری پێكەوەیی بكەین و بەرژەوەندیە باڵاكان بكەینە ئامانج و متمانە بگێڕینەوە

ئەمە تەنها ڕێگا چارەیەكە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە بەقازانجی خەڵك گەرنا لە داهاتودا هەرێمی كوردستان دەبێتە كۆمەڵگەیەكی داڕوخاوی پەرتەوازە و چارەسەری زۆر قورس دەبێت و تەواوی خەونەكانیش ماڵئاوایی یەكجارەكی دەكەن و گەنجەكانمان جگە ڕاكردن لە نیشتیمان بەدوای هیچی ترەوە نابن
بۆیە هێشتا كاتماوە بۆ بەخۆدا چونەوە و چانسێكی باش هەیە بۆ باشكردنی ژیانی خەلك و گێڕانەوەی هیواو ئومێد و  بۆ ئەوەش نابێت لەم دۆخەدا هێزەكان بچوك بیربكەنەوە چونكە بچوك بیركردنەوە دەمانباتەوەبۆ چوارچێوەی بەرژەوەندی شەخسی و حیزبی، ئەمەش واتە سوڕانەوە بە نێو بازنەی شكستەكاندا


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP