دایه‌لۆگی حزبی یان دایه‌لۆگی نیشتمانی

سەپان ئەنوەر - 27-08-2018 - 12499 جار خوێندراوەتەوە


قسە زۆر دەکرێت لە سەر دیالۆگی نیشتمانی ئەم قسەیە تازە نیە لەوەو پێش زۆر جار لە لایەن جووت حزبی فەرمانڕەواو ئۆپوزسیۆن و ئێستاش لە لایەن حزبە ناڕازیەکان بۆتە بنێشتە خۆشەی سەرزاریان بەتایبەت دوای هەڵبژاردنە ساختەکاریەکەی ۱۲ ئایار .
 
 ئەم داواکاریە دەرەنجامێکە زۆرجار دوای کۆتایی ململانێ و توندو تیژی یان حکومڕانیەکی ناتەندرست و نادادیەکی زۆرو بێ ئومێدبوون لە چاکسازی ریشەیی ، دەبێتە پاکێج و مەرجی پێشوەختە لە لایەن ئەو حزب و رێکخراوانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتن یان وەک ئۆپپۆزسیۆن کاریان کردوە بەو ئیعتبارەی کە ئەوان لایەنی سەرەکین لە ڕاستیشدا هەر وایە ، ناکرێ چیتر  روئیای سیاسی و چاکسازی ئەو چوار لایەنە فەرامۆش بکرێت ، بۆیە پێوستە هەمووان بژداربن بۆ نە هێشتنی هۆکارەکانی ململانێ  و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە چەق بەستووەی کە دەسەڵاتی جووت حزب بەرهەمهێنەرو خولقێنەری سەرەکی ئەم دۆخەن . 

ئەمرۆ ئەرکێکی نیشتمانیە لە سەر دەسەڵات  نیازپاکی خۆی پیشان بدات و دەسپێشخەری بکات و هەنگاوی جدی و كردارەکی بنێت بۆ دیالۆکی نیشتمانی نە ک دیالۆگی حزبی و بە عقلیەتێکی خێڵەکی و بنەماڵەیی و دور لە پەراویز خستنی هیچ کەس و لایەنێک بۆ ئەوەی متمانە یەکی سەلیم بگەرێتەوە نێوان دەسەڵات و لایەنە ناڕازیەکان و دۆخی سیاسی و ئابوری هەرێم بچێتە قۆناغی سروشتی . 

بنەمای دیالۆگی نیشتمانیش بریتی نیە لە بوغرایی سیاسی و نمایشی هێزو دەسەڵات و بەسەر لایەنەکانی تر ، پێوستە روئیایەکی یەکگرتوو هەبێت بۆ ئەوەی کۆمەلگە یەکی یکگرتوو بونیات بنێین دور لە دابەشکاری جوگرافی ناوچەگەرێتی و نەفەسی حزبی ،  هەروها لاپەرەیەکی نوێ هەڵبدرێتەوە بۆ ئەوەی گیانی یەکتر قبولکردن ببێتە خالێ هاوبەش و نزیکبوونەوە لە پێناو چاکردنی باری لاری سیاسی وئابوری هەرێم و نەهێشتنی تاکڕەوی لە بریاردان لە سەر پرسی نیشتمانی و ئەو پرسانەی کە راستەوخۆ پەیوەندیان بە گوزەرانی تاک بەتاکی کۆمەڵگەوە هەیە . 

 لایەنێکی گرنگ هەیە کە پێوستە جووت حزبی دەسەڵاتدار دانبنێت بە هەڵەکانی بسیت و حەو ساڵی حوکمڕانی  رابوردویان و داوای لێبوردن لە نیشتمان و هاوڵاتیان بکات و زەمینە سازی برەخسێنێت بۆ زیاتر چەسپاندنی بناماکانی دیموکراسی  لە  رێگەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دوور لە دزینی ئیرادەی کۆمەڵگە  لە ڕێی سندوقەکانی دەنگدانەوە بۆئەوەی  تاک نوێنەری شەرعی خۆی هەڵبژێرێت و لە ڕێگەی دامەزراوە شەرعیەکان و یاسا سەروەر بێت و ناعەدالەتی و گەندەڵی بنبڕبکرێت و بە ئاراستەی هەنگاونان بە رەو چەسپاندنی داپەروەری و فراوانکردنی پانتایی لە بڕیارە چارەنووسازەکان و نە هێشتنی بندەستی لە قە راری سیاسی.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP