بەپەلە

كەركوك، لە قودس و دڵەوە بۆ خاكی باب و باپیرانی توركان

هیوا سەید سەلیم - 22-08-2018 - 1980 جار خوێندراوەتەوە


ئەو شارەی كە پارتی و یەكێتی یەكێك بە دڵی كوردستان و ئەوی تر بە قودسی كوردانی دەزانی، وا لەو جەژنەدا باڵوێزی توركیا نوێژی جەژنی تیادەكات و شارەكەش بە شاری باب و باپیرانی خۆی ناودەبات، فاتح یەڵدز، باڵوێزی توركیا لە عێراق رۆژی جەژن لە شاری كەركوك  لەنێو كۆمەڵێك كەسی توركمان دەڵێت:(كەركووك خاكی باب و باپیرانمانە).

ئەو لێدوانەی باڵوێزی توركیا لایەنە یاسایەكەی لێدەرچێت كە جەنابی باڵوێز پێشێلی دەسەڵاتەكانی خۆی كردووە،  كاتێك لە وڵاتی خانەخوێ ئەو جۆرە لێدوانانە دەدات،  كە مەترسیە بۆسەر سیادەی دەوڵەتێك كە ئەو كاری دبلۆماسی تیادادەكات.

چونكە كاری دبلۆماسی بە پێی یاسای ڤێنا كە لە ساڵی 1961 دەرچووە، دەسەڵاتی نێردە دبلۆماسیەكانی رێكخستووە، هەر بەپێی ئەو یاسایە نێردە دبلۆماسیەكان بۆیان هەیە بەشداری لە بۆنە گشتی و نیشتمانیەكانی دەوڵەتی خانەخوێ بكەن.

بەڵام  ئەوەی باڵوێزی توركیا لە رۆژی جەژنى شاری كەركوك كردی، تێپەراندنی ئەو دەسەڵاتەیە كە یاسا بۆی دیاری كردووە.

لە بواری سیاسیشەوە دەتوانین بڵێین،  ئەو جۆرە لێدوانانەی كە بەرپرسە توركەكە لە كەركوك دای،  شتێكی تازە نیە،  چونكە دەوڵەتی توركیا و بەرپرسەكانی ئەو وڵاتە زیاتر لە بۆنەیەك ووتویانە: كە ئەوان شاری كەركووك بە هی خۆیان دەزانن.

هەر لەو دوو ساڵەدا لە رووداوەكانی هەڵكردنی ئاڵا لە  شاری كەركوك و  دواتریش لە پرسی ریفراندۆم توركەكان وەك رۆژی رووناك لەسەر كەركوك هاواریان لێهەڵساو هەڕەشەیان لە كورد كرد كە دەبێت كورد هەستیاری ئەو شارە بۆ توركیا بەبەرچاوبگرێت.

شاری كەركوك كە لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە قوربانی دەستی حزبایەتی خراپی پارتی و یەكێتی  بووە، كە دواتریش بووە قوربانی گەورەتری وەك ریفراندۆم و رووداوی  16 ئۆكتۆبەر، لە ئێستادا گەوەرترین هەرەشەی لەسەرە، ئەویش هەڕەشەی لە دەستدانی یەكجارەكی ناسنامەی كوردستانیەتە.

ئەگەر وانیە چۆن باڵوێزی توركیا كە وڵاتەكەی بەدەست چەندین كێشەی جدیەوە دەناڵێنێت،  دێت نوێژە جەژنانە لە كەركوك دەكات و ئەو شەكرە گەوره‌یەش لەبەرامبەر كەركوك دەشكێنێت؟!

لێرەدا دەیڵێینەوە كە لە چەند ساڵی ڕابردوو هەرچی بەسەر كەركوك بە تایبەتی و ناوچە كوردستانیەكانی تری دەرەوەی هەرێم بە گشتی هاتووە، كێماسیەكەی بۆ حوكمی حزبایەتی خراب و ململانێی حزبی دەگەڕێتەوە.

بۆیە دەبێت كورد هەڕەشەكانی سەر كەركوك بە جدی وەرگرێت و چیتر بە قسەی عاتفی هەڵنەخەڵتێت و بە پرۆژەو بەرنامە بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەو مەترسیانە بێتە مەیدان.

باشترین دەرفەتیش لە ئێستادا بۆ كورد و لایەنە سیاسیەكان هەڵكەوتووە، كە پرسی كەركوك بكاتە پێشمەرجی هەر رێكەوتنێك لەگەڵ ئەو لایەنانەی كە دەیانەوێت فراكسیۆنە كوردستانیەكان پشتیوانیان لێبكات بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

بەڵام ئایا حزبەكان ئەوە دەكەن؟  جارێ دیار نیە،  چونكە كە لە ئەزموونی رابردوویان دەڕوانین گلەی ناكرێت  كە بە گومان بین، وە بڵێین ئەو جارەشیان ئەوان لە پێناوی حزبایەتی و پۆستی حزبی پشت دەكەنەوە قودس و دڵەكە. 
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP