خه‌ڵاته‌كه‌ى كۆچه‌ر بیركار وه‌ك خاڵى وه‌رچه‌رخان

عومه‌ر عه‌لی محه‌مه‌د - 15-08-2018 - 1706 جار خوێندراوەتەوە

وه‌رگرتنى خه‌ڵاتى فیڵدز له‌لایه‌ن كۆچه‌ر بیركار,(پڕۆفیسۆر له‌ زانكۆى كامبریدج ) دڵى هه‌موو كوردێكى خۆشكرد، چونكه‌ لێره‌وه‌ ده‌توانین بڵێین كه‌ زانستخوازانى كوردیش هاوشێوه‌ى هه‌موو تاكێكى جیهانى ده‌توانن كێبڕكێ له‌گه‌لأ زانا جیهانیه‌كاندا بكه‌ن و پێگه‌ى شایسته‌ و باڵا له‌ ریزبه‌ندى جیهانیدا وه‌ربگرن، ئه‌و خزمه‌ته‌ى كه‌ كۆچه‌ر بیركار كردى به‌ نه‌وه‌ى كورد و ناساندنى كورد هاوشێوه‌ى شۆڕشێكى گه‌وره‌ بوو، به‌ڵام ئه‌م توانى له‌ رێگه‌ى قه‌ڵه‌م و زانست و عه‌قڵه‌وه‌ پێشكه‌شى بكات و خۆى بناسێنێت، كه‌ ئه‌مه‌ش نوێترین شێوازى شۆڕشه‌ كه‌ به‌ فۆڕمێكى زانستى و له‌ چوارچێوه‌ى شۆڕشى زانیاریدا ده‌كرێت.

به‌ وه‌رگرتنى ئه‌م خه‌ڵاته‌ ئێستا ئێمه‌ى كورد هه‌ست ده‌كه‌ین كه‌ له‌م بواره‌دا چه‌ند دواكه‌وتووین و به‌ كه‌ره‌سه‌ى لاوازه‌وه‌ كار ده‌كه‌ین، چونكه‌ له‌ جیاتى ئه‌م بواره‌ ده‌بینین كه‌ كورد سه‌رقاڵى شتى زۆر بچوك و لاوه‌كیه‌ و هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ بوه‌ته‌ هۆى ئه‌وه‌ى ببێنه‌ یه‌كێك له‌ نه‌ته‌وه‌ په‌راوێز و دواكه‌وتووه‌كان  له‌سه‌ر ئاستى جیهان.

كورد به‌شێوه‌یه‌كى گشتى و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌تا ئێستاش نازانێت له‌ چ زه‌مه‌نێكدا ده‌ژی و ده‌بێت چۆن هه‌نگاو هه‌ڵبگرێ و چۆن كورد و كوردستان وه‌ك هه‌رێمێك له‌سه‌ر زه‌وى سه‌ده‌ى 21 بناسێنێت؟، چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌نگاوه‌ سیاسیى و ئابوریى و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بۆ ئه‌م زه‌مه‌نه‌ى ئێستا بوایه‌ و له‌ چوارچێوه‌ى پێشكه‌وتنه‌ جیهانیه‌كاندا بوایه‌ به‌تایبه‌تى له‌ بوارى شۆڕشى زانیارى و ته‌كنۆلۆژیادا، ئێستا ده‌بوایه‌ كورد له‌ دۆخێكى تردا بژیایه‌ و له‌ ئاستێكى زۆر پێشكه‌وتوى زانستیدا بوایه‌ و به‌پێى پلانى ستراتیجى گه‌شه‌پێدان هه‌نگاوى بنایه‌.

پێم وایه‌ هه‌موو به‌رپرسانى كورد و هاوڵاتیه‌كى كورد هه‌ستى به‌خۆشى و شادى كرد كه‌ گوێ بیستى وه‌رگرتنى خه‌ڵاتى فیڵدز بوون بۆ زانستى بیركارى له‌لایه‌ن كۆچه‌ر بیركاره‌وه‌، به‌ڵام به‌رپرسانى حكومه‌تى هه‌رێم نابێت ته‌نها به‌ پیرۆزبایى كۆتایى به‌ بابه‌ته‌كه‌ بهێنێت، به‌ڵكو پێویسته‌ بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ سه‌ره‌تاى كردنه‌وه‌ى رێگه‌یه‌كى نوێ و ئاسۆیه‌كى پرشنگدار بێت بۆ ئه‌وه‌ى كورد ده‌یان كۆچه‌ر بیركارى هه‌بێت نه‌ك ته‌نها یه‌ك كه‌س.

 حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌بێت هه‌ست به‌وه‌ بكات كه‌ له‌ ئێستادا دیارده‌یه‌كى مه‌ترسیدار هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ویش كۆچى به‌رده‌وامى خاوه‌ن عه‌قلأ و توانا و لێهاتنه‌كانه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ له‌ كاتێكدا كه‌ وڵات خاڵى ده‌بێته‌وه‌ له‌م كه‌سانه‌، ئایا وڵات به‌ره‌و كوێ ده‌چێت ؟ ئاینده‌ى كوردستان به‌ره‌و كوێ هه‌نگاو ده‌نێت؟. پاش 27 سالأ له‌ حوكمڕانى كوردى له‌ ئێستادا ئه‌كادیمیست و مامۆستاى زانكۆ و قوتابیانى زانستخواز به‌شێوه‌ى گشتى له‌ بارودۆخێكى خراپى ماددى و مه‌عنه‌ویدا ده‌ژین و زۆرینه‌یان ئاواته‌ خوازن كه‌ رۆژێك بێته‌ پێش كوردستان به‌جێ بهێلن و ئه‌وانه‌ش كه‌ بۆیان كرابێت رۆیشتون و ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌ رێگه‌ى تواناسازیه‌وه‌ چوون ئه‌گه‌ر بۆیان بكرێت ناگه‌ڕێنه‌وه‌، لێره‌دا پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا له‌ ئه‌مڕۆدا كه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى ئیداره‌یه‌كى كوردیدا و هه‌رێمێكى ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ نه‌وت و سامانى سروشتى و ده‌یان سه‌رچاوه‌ى تر بۆچى ده‌بێت ئه‌م هه‌سته‌ له‌لاى خاوه‌ن عه‌قلأ و توانا و لێهاتنه‌كانى كورد دروست ببن؟ ئایا بۆچى بوارێك ناڕه‌خسێت له‌ قوتابخانه‌ و زانكۆكانى خۆمان هه‌تا ببنه‌ پێگه‌ى پێگه‌یاندنى مرۆڤى به‌ توانا و پسپۆڕى به‌رز و دواجار وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاش پردێكى په‌یوه‌ندى له‌گه‌لأ زانكۆ به‌ناوبانگه‌كانى جیهان دروست بكات بۆئه‌وه‌ى زیاتر كوردستان به‌ره‌وپێش ببرێت و گه‌شه‌ بكات. 

له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پلانى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ گه‌شه‌ به‌م هه‌رێمه‌ بدات و بیكاته‌ نموونه‌ى پێشكه‌وتن و جوانى و گه‌یشتنى گه‌لى كورد به‌ ئاستى گه‌له‌ پێشكه‌وتووه‌كان، ده‌بێت سه‌ره‌تا گرنگى بدات به‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ پرۆگرامه‌كانى خوێندن له‌پێناو پێگه‌یاندنى قوتابیه‌كى كراوه‌ كه‌ تواناى ره‌خنه‌ و توێژینه‌وه‌و گفتوگۆو داهێنانى هه‌بێت، هه‌روه‌ها رێز له‌ خاوه‌ن پسپۆڕى و توانا زانستى و سیاسیى و كه‌سه‌ به‌تواناكان بگرێت و بارودۆخى تایبه‌تیان بر بڕه‌خسێنرێت و هاوكارى ماددى بكرێن له‌پێناو هێنانه‌دى خواست و ئاواته‌ زانستیه‌كانیاندا.

له‌لایه‌كى تره‌وه‌ گه‌شه‌ به‌ دیموكراسى بدرێت و بوارى ئازادیه‌كانى تاك فراوان بكرێت و مرۆڤى سه‌روه‌ر جێگه‌ى هه‌موو شته‌كانى تر بگرێته‌وه‌.

له‌لایه‌كى تره‌وه‌ گرنگى به‌ توێژینه‌وه‌ى زانستى بدرێت و بودجه‌ى تایبه‌تى بۆ ته‌رخان بكرێت هه‌تا له‌ئه‌م رێگه‌یه‌وه‌ هه‌موو قه‌یرانه‌ ئابورى و سیاسیى و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیش له‌ قه‌یرانه‌كان رزگار بكرێن و چاكسازیه‌كانیش له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ ئه‌نجام بدرێن.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP