بەپەلە

له‌دوای (72) ساڵ پارتی بۆ هێزی یه‌كه‌مه‌؟؟

فارس نەوڕۆڵی - 14-08-2018 - 19854 جار خوێندراوەتەوە

بۆ خوێندنه‌وه‌ و تێگه‌شتنی دروست له‌سه‌ر هه‌ر بابه‌تێك پێویسته‌ خوێندنه‌وه‌ بۆ ڕه‌گ و ڕیشه‌ مێژوییه‌كه‌ی بكه‌ین ، ئێستا یادی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌ ، ئه‌مڕۆ (72) ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زراندنی پارتی تێده‌په‌ڕێت ، كه‌چی چۆن ئه‌وسا له‌ خه‌بات و شۆڕش حزبی پێشڕه‌و بووئێستا له‌سه‌رده‌می نوێدا حزبی هه‌ڵبژاردن و پرۆسه‌ى دیموكراتییه‌،یار و نه‌یاریش ئه‌م و ئه‌و پرسیاره‌ ده‌كه‌ن چۆن؟ و بۆچی؟ پارتی له‌ هه‌ڵبژاردندا ده‌نگی یه‌كه‌مه‌ بۆچی به‌م هه‌موپیلان و ململانێیه‌ هه‌ر حزبی یه‌كه‌م ده‌بێت.


ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ مێژوو ده‌بینن پارتی له‌ زه‌مه‌نێكدا دروست ده‌بێ كورد په‌رته‌وازه‌ و بێهێز و یه‌ك ئاڕاسته‌ى نییه‌ جگه‌ له‌وه‌ دروست بونی پارتی ڕاسته‌ له‌ 1946 بوه‌ ، به‌ڵام ڕوحی مقاوه‌مه‌ و كوردایه‌تی پاك كه‌ له‌ پشت دروست كردنی پارتی بوه‌ ، ئه‌و هێزه‌ ڕوحییه‌ كه‌ (مسته‌فا بارزانی) له‌ دیدگای عه‌داله‌ت و حه‌ق خوازی (شێخ عه‌بدول سه‌لام بارزانی و شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی ) وه‌رگرتبوو.


پێش دروست بونی پارتی مسته‌فا بارزانی ئه‌و په‌رته‌وازه‌ییه‌ی كورد و هێزی ناوچه‌یی تێپه‌ڕاند ، بارزانی زه‌مه‌نێك بۆ هاوكاری (شێخ محمودی حه‌فید) دێته‌ سلێمانی ، كه‌ ئه‌مه‌ گرێدانێكی ڕوحی بو بۆ یه‌كانگیری ڕوحی شۆڕشگێڕی له‌ باشوری كوردستان.


دواتر بارزانی به‌هێزێكه‌وه‌ سنوره‌ ده‌ستكرده‌كان ده‌شكێنێت و ده‌چێته‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بۆ هاوكاری (كۆماری كوردستان له‌ مه‌هاباد) دوای ماندوبون و تێكشكاندنی به‌ربه‌سته‌ جوگرافی و سایكۆلۆژیه‌كان مسته‌فا بارزانی و ده‌سته‌یه‌ك له‌ تێكۆشه‌رانی كورد بیر له‌ دروست كردنی پارتی ده‌كه‌نه‌وه‌  هێزێك كۆی گروپه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و ڕۆشنبیریه‌كانی كوردستان كۆكاته‌وه‌ و ئاڕاسته‌یان بكات بۆ ئامانجه‌كانی كوردایه‌تی كه‌ خۆی له‌ مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورددا ده‌بینیه‌وه‌ تا گه‌شتن به‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان.


هه‌ربۆیه‌  پارتی له‌گه‌ڵ دروست بوونیدا جگه‌ له‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆی حزب په‌یڕه‌وێكی تری هه‌بوو كه‌ ئامانجی دوور مه‌ودای خۆی تێدا دیاریكردبوو، له‌م په‌یڕه‌وه‌دا باسی ئه‌وه‌ده‌كات كه‌ گه‌لی كوردستان له‌ ڕێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ له‌ پارێزگاكانی كوردستان به‌ ده‌نگدانی نهێنی مافه‌كانی خۆی یه‌كلا ده‌كاته‌وه‌ ،دروست له‌ ڕیفراندۆمدا به‌رجه‌سته‌بوو ئیتر له‌ دواى دروست بوونى پارتییه‌وه‌ بزوتنه‌وه‌ی كوردایه‌تى چووه‌ قۆناغێكى نوێوه‌ بوو به‌ هێزێكى سه‌رتاسه‌رى و هه‌موو ناوچه‌كانی پێكه‌وه‌ گرێ دا هه‌ر بۆیه‌ ده‌كرێ دروست بوونى پارتى به‌وێستگه‌یه‌ك له‌ وێستگه‌كان ئاسایشى نه‌ته‌وه‌ى كوردستان سه‌یربكه‌ین لێره‌وه‌ پارتى و ڕێبازى بارزانى له‌ پانتایی جوگرافیاى كوردستان ڕه‌گی داكوتا و ئاوێته‌ى قوڵى ڕوحی كوردستان بوو بارزانى ، له‌ كوردستانى گه‌وره‌ بوو به‌ كاریزماو ڕابه‌رى ڕۆحى كوردایه‌تى دواى كه‌وتنى كۆمارى كوردستان له‌ لایه‌ن پیلان گێڕان و گه‌له‌ كۆمه‌كه‌ى دوژمنانه‌وه‌ ، بارزانى به‌ هێزێكه‌وه‌ به‌ره‌و یه‌كێتى سۆڤیه‌تى ئه‌وسا ده‌ڕوات ئه‌م ڕۆیشتنه‌ى بارزانى بهێنه‌ پێش چاوى خۆت له‌ هه‌لوو مه‌رجێكى سیاسى و سه‌ربازى و جوگرافى ته‌واو  ئاڵۆز و سه‌ختدا له‌ ئاو و هه‌وایه‌كى سه‌ختدا بێ نان و ئاو نه‌ شاره‌زایی ڕێگا بوونى خێزانێكى زۆر له‌گه‌ڵیا ئه‌م بڕیاره‌ و ئه‌م چوونه‌ بۆ یه‌كێتى سۆڤیه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ ناو هه‌ر گه‌لێكى دیكه‌دا بوایه‌ ئێستا ده‌یان زنجیره‌ دراما و فیلمی سینه‌مایی و ڕۆمانى له‌سه‌ر به‌رهه‌م هێنرابوو ، دواتر ساڵى 1958 له‌ كوده‌تاكه‌ى 14 ى ته‌مووزدا بارزانى دێته‌وه‌ عێراق و له‌گه‌ڵ (عبدالكریم قاسم) ڕێكده‌كه‌ون له‌و ڕێكه‌وتنه‌دا خاڵێكى زۆر گرنگ ده‌چه‌سپێت كه‌ ده‌ڵێت (كورد و عه‌ره‌ب شه‌ریكن له‌م نیشتیمانه‌دا ) ئه‌م ده‌ستكه‌وته‌ ئه‌وه‌ى ڕه‌ت كرده‌وه‌ كه‌ به‌ عێراقیان ده‌ووت عێراقى عه‌ره‌بى خۆ ئه‌گه‌ر عێراق هه‌ر عه‌ره‌بى بێت واته‌ خاوه‌نداریه‌تى عێراق هى هه‌موو عه‌ره‌ب بێت كه‌واته‌ عێراقیش خاوه‌نداریه‌تى نیشتیمانى عه‌ره‌ب و پشكى هه‌یه‌ له‌ ڕێكه‌وتنه‌كه‌ كورد و عه‌ره‌بى به‌ هاوبه‌ش و شه‌ریك له‌ عێراق چه‌سپاندووه‌ كه‌واته‌ كورد ده‌بێته‌ هاوبه‌ش له‌ هه‌موو نیشتیمانى عه‌ره‌ب به‌ جوغرافیا و سامانه‌كه‌یه‌وه‌ ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ هه‌ر وێستگه‌یه‌كى گرنگه‌ له‌ ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یی كوردستان دواى هاتنى به‌عسیه‌كان و ڕووبه‌ڕوو بونه‌وه‌ى پارتى دواجار به‌عس ناچار ده‌بێت چۆك دا بدات و ڕێكه‌وتنى 11 ی ئازار له‌گه‌ڵ ئیمزا بكات كه‌ له‌و ماوه‌یدا  كوردستان بوژانه‌وه‌ى ئابوورى كه‌لتورى و ئه‌ده‌ب و زمان به‌خۆیه‌وه‌ دى پاش ماوه‌یه‌ك دوژمنان پیلانى جه‌زائیریان ڕێكخست و بۆ ماوه‌یه‌ك شكستیان به‌ شۆڕشى كورد هێنا به‌ڵام دواجار ئه‌وان كه‌وتن و ته‌واو بوون به‌ڵام پارتى و كورد هه‌ستانه‌وه‌ له‌ دواى ڕاپه‌ڕینى 1991 و دروست دواى یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردن كه‌ سه‌رۆك (مسعود بارزانى) له‌ كۆیه‌ داواى حوكمى یاسایی كردوو تێپه‌ڕاندنى قۆناغى شۆڕشى بۆ دامه‌زراوه‌ى حوكمڕانى له‌و كاته‌وه‌ كوردستان به‌قۆناغى سه‌ختدا تێپه‌ڕیوه‌ ، قۆناغى به‌ریه‌ك كه‌وتنه‌ قورسه‌كان ، پارتى له‌وماوه‌یه‌دا تووشى زۆر به‌ریه‌ك كه‌وتنى ده‌ره‌كى و ناوخۆیی بۆته‌وه‌ به‌ڵام به‌ خۆڕاگرى مایه‌وه‌ پارتى به‌و هه‌موو قۆناغه‌ سه‌ختانه‌ له‌ 1946 تا ئێستا تێپه‌ڕیوه‌ هێشتا وه‌ك هێزى یه‌كه‌م و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى كوردستان و عێراقدا ماوه‌ته‌وه‌ و له‌ پێشبڕكێدایه‌ بۆچى؟؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى پارتى ڕه‌گى له‌ مێژووى كوردستاندا داكوتاوه‌ و به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ گۆڕانكاریه‌كاندا قسه‌ى تازه‌ى هه‌یه‌ جگه‌ له‌وه‌ى ئه‌و قه‌یران و ئه‌و شه‌ڕانه‌ى له‌ لایه‌ن داگیركه‌رانه‌وه‌ شه‌ڕى داعش و هێرشى حه‌شدى شعبى و بڕینى مووچه‌ و بودجه‌ له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌ لایه‌نه‌كان حكومه‌تیان به‌ته‌نیا جێهێشت به‌ڵام پارتى وه‌ك هه‌میشه‌ شانى دایه‌ به‌ر قه‌یرانه‌كان به‌تایبه‌تى دواى ڕیفراندۆم كورد ڕوبه‌ڕووى په‌لامارى هه‌مه‌ لایه‌نه‌ بوویه‌وه‌ ئه‌وه‌ بوو پارتى چوو له‌ ڕێگاى دیبلۆماسیه‌تى (نێچیرڤان بارزانى) یه‌وه‌ ئه‌و قۆناغه‌ سه‌خته‌ى تیپه‌ڕاند ، ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین پارتى بوون بۆیه‌ پێویسته‌ و بۆیه‌ هێزى یه‌كه‌مه‌ واقعى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى وه‌ك هه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كات ، كارى نواندن و ته‌مسیل ناكات  خۆڵ له‌ چاوى خه‌ڵك ناكات ڕاستگۆیانه‌ له‌گه‌ڵ په‌یامه‌كه‌ى خۆى هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات و وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى خه‌ڵك ڕاستگۆیانه‌ ده‌داته‌وه‌ ده‌ڵێت ئه‌مه‌ ئێمه‌ین ئه‌وه‌شمان پێ ده‌كرێت ، پارتى چى بكات بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ك هێزى یه‌كه‌م بمێنێته‌وه‌؟؟ سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌ كردنى به‌رده‌وامى هه‌ربزوتنه‌وه‌ و هێزێكى سروشتى له‌گه‌ڵ هه‌ل و مه‌رجى ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تى و فه‌رهه‌نگیدا هاوكاته‌ و ده‌بێت له‌گه‌ڵ گۆڕانى ئه‌و چه‌مكانه‌دا ئه‌و هێزه‌ش خۆى بگۆڕێت چونكه‌ شێوه‌ و بارودۆخى ئه‌و وڵاته‌ ئامانج و سه‌ركه‌وتنى ئه‌و بزوتنه‌وه‌ و هێزه‌ سیاسیه‌ دیارى ده‌كات ئێستاش ململانێكان جیاوازن و جه‌نگیش له‌سه‌ر شێوازه‌ دێرینه‌كان نیه‌ ، ئێستا ململانێی پارتى دوو لایه‌نه‌یه‌ لایه‌نێكى له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ى ماڵى كورد و پێشبڕكێیی دیموكراسی له‌ناو ماڵى كورد، بۆ یه‌ به‌ڕایی به‌نده‌ وه‌ك كادرێكى پارتى بۆ درێژه‌دان به‌م كاروانه‌ى پارتى .


پێویسته‌ پارتی چی بكات وه‌ك هێزی یه‌كه‌م بمێنێته‌وه‌؟


1- ئیداره‌دانى ململانێ و پێشبڕكێیه‌كی دروست له‌ پرۆسه‌ى دیموكراسى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى ترى كوردستان.
2- شه‌ڕى گه‌نده‌ڵى به‌ كردارى بكات چى له‌ ناو حوكمه‌ت و چى له‌ ناو حیزب .
3- كارى جدى بكات بۆ جێبه‌جێ كردنى عه‌داله‌ت چى له‌ ناو حكومه‌ت و فه‌زاى گشتى و چى له‌ ناو حیزب .
4- خه‌باتى به‌رده‌وام بۆ ئامانجه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ كه‌ سه‌ربه‌خۆییه‌ به‌ تایبه‌تى له‌ ڕێگاى فكر و مه‌عریفه‌یه‌كى نه‌ته‌وه‌یی دروست و تێگه‌یاندن و پێگه‌یاندنى گه‌نجان و لاوانى كوردستان بۆ ئه‌م ئامانجه‌.
5- پارتی به‌رنامه‌ی خه‌ڵك جێبه‌جێ بكات نه‌ك چاوه‌ڕوانبێت خه‌ڵك به‌رنامه‌ى پارتی جێبه‌جێبكات ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ ئاوێته‌بون و مانه‌وه‌ مانه‌وه‌ى له‌ هێزی یه‌كه‌م.
6- كرانه‌وه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی زیاتر له‌ ئێستا.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP