هەرئێستا

میدیای کوردی لە چاوەڕوانی خنکانی ئایلانەکاندا

سۆران ره‌شید - 9-08-2018 - 2617 جار خوێندراوەتەوە


شتێکی ڕوونە، میدیا کە زاڵترین ئامڕازەکانی پەیوەندییەکردن و گەیاندنە، دەتوانێت پەرە بە شتە باشەکان بدات و ڕێگری لە خراپەکان بکات و یارمەتی بڵاوبوونەوەی بدات، ھەرچەندە بەداخەوە پێچەوانەکەشی ڕاستە، بۆیە دەزگا میدیاییەکان، ھاوڕێ لەگەڵ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بوونەتە بەشێکی گرنگی ژیانی ھەموو تاکێکی کۆمەڵگە.

میدیا، بە ھەموو جۆر و بەشەکانییەوە، پەیامی جۆراوجۆر دەگەیەنێتە کۆمەڵگە، بابەت و شتەکانیان دەگەیەنێت و ھۆشیاریان دەکاتەوە و دواتر کاریگەری دەبێت لەسەر ئاڕاستەکردن و ھەڵوێست و کاردانەوەی تاک بۆ ئەو ڕووداو و بابەتانە.

لە ئێستادا، میدیا لە ھەرێمی کوردستان سەرقاڵی ڕوماڵی چەندین بابەتی سیاسی و ئابوری و چەند قەیران و ناکۆکییەکن، بۆ نمونە، کەمی کارەبا و ئاو، دواکەوتنی موچە و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و ناکۆکی لایەنەکان، راستە ئەوە ئەرک و مافێکی بنچینەیی میدیایە کە قسە لەسەر ئەو بابەتانە بکەن. 

بەڵام جیاواز لە پێویستی ڕوماڵی بابەتە گەرم و جێی مشتومڕەکانی ناو خەڵک، پێویستە ڕۆڵی بنیادکەرانەی زیاتر ببینێت، ئەویش ڕاکێشانی سەرنجی خەڵکە بۆ بابەتگەلێک کە ئاگایان لێی نییە، بۆیە میدیا پێویستە گرنگ و مەترسی و دەرئەنجامەکانی ئەو بابەتانە بخاتەڕوو کە کۆچی نایاسایی (کۆچ بە قاچاخی) یەکێکە لەوانە.

بەپێی نوێترین ئاماری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراق لە ھەرێم ، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، نزیکەی ٢٤ ھەزار ھاوڵاتی ھەرێم کۆچیان کردوە بۆ دەرەوە، بە گشتی و لە چوار ساڵی ڕابردووشدا، ٥٥٠ ھەزار ھاوڵاتی عێراق بە ڕێگەی نایاسایی کۆچیان کردووە.
ھەر بەپێی ئامارەکان، تەنھا لە سەرەتای ئەمساڵەوە، زیاتر لە ١٥٠٠ کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا خنکاون کە ژمارەیەکیان خەڵکی ھەرێمی کوردستانن و تەنھا لە دوو مانگی ڕابردووشدا، زیاتر لە ٤٠٠ کۆچبەری نایاسایی ھەرێمی کوردستان کە لە زیندانەکانی تورکیا دەستگیرکرابوون، دیپۆرتی ھەرێم کراونەتەوە.

کێشەی سەرەکی میدیاکانی کوردستان لەم بوارەدا ئەوەیە، بە بەردەوامی ڕوماڵی کۆچی نایاسایی ناکەن تاوەکو چیرۆکێک یان ڕووداوێکی تراژیدی و ئامارێکی ترسناک نەبینن، بۆ نمونە، لەدوای بڵاوبوونەوەی وێنەکانی تەرمی ئایلانی کوردی کە منداڵێکی کۆچبەری کورد بوو لە کەنار ئاوەکانی دەریای ئیجە لە ساڵی ٢٠١٥، شاشەی ھەموو تی ڤیی و ڕوپەڕی ھەموو ڕۆژنامەکانی گرتەوە، بەڵام دواتر ڕوماڵەکانیان بە تەواوی خاو کردەوە تاوەکو رووداوێکی دیکە جەرگبڕ کە نقومبوونی بەلەمێکی کۆچبەرانی کورد بوو لە ساڵی ٢٠١٦، جارێکی تر بابەتی کۆچی نایاسایی بووە سەردێڕێ یەکەمی میدیاکان.

لەدوای دەرکەوتنی داعش لە ھەرێمی کوردستان و عێراق، شەپۆلێکی گەورەی کۆچی نایاسایی بەرەو وڵاتانی ئەوروپا دەستیپێکرد، خەڵکی دەیان و سەدان رووداوی ناخۆش و تراژیدیایان بینی، سەدان کۆچبەر خنکان، ھەزاران کێشەی کۆمەڵاتی لێکەوتەوە، بە ملیۆنان دۆلار بە ھەدەردران و چوونە دەرەوەی وڵات، بەڵام ڕوماڵی میدیا لە ئاستی پێویستدا نەبووە، چەند راپۆرت و ھەواڵێکی کەمی لێکراوە بەبێ لێکۆڵینەوە و بەرنامەی بەدواداچوونی درێژ و تێروتەسەر.

لەکاتی ڕووماڵەکانیشدا، میدیا تەنھا باسی لە ھۆکارەکانی کۆچکردنی خەڵکی ھەرێمی کوردستان کردووە بۆ دەرەوە، بەڵام زۆر بە کەمی ھەوڵدراوە لە میدیاکانەوە خەڵکی ھۆشیاربکرێنەوە لە مەترسییەکان کۆچ و ھاندانی خەڵک بۆ کۆچنەکردن.

بۆیە بە ڕای من، پێویستە میدیاکان لە ھەرێمی کوردستان چەند ھەنگاوێک بنێن بۆ باشترکردنی ڕوماڵەکیانان لەم ڕووەوە.

پێویستە دەزگا میدیاییەکان بە بەردەوامی ڕوماڵی کۆچ و کۆچی نایاسایی و مەترسی و دەرئەنجامەکانی بکەن، دۆکیومێنتاری قوڵتر و بەرنامەی زیاتر بکەن تاوەکو کۆچبەر و ئەوانەشی بە نیازی کۆچن، لە مەترسی ڕێگا و دەرئەنجامەکانی کۆچ و سیاسەتی وڵاتان شارەزا ببن، پێویستە میدیا کاری زیاتر بکات لە نیشاندانی بەدیلەکانی کۆچ و ھەلی مانەوەی گەنجان لە وڵات.

ھاوشێوەی زۆربەی میدیا و ئاژانسە جیھانییەکان کە ڕیپۆرتەر و ڕۆژنامەنوسی تایبەت دانراون بە بابەتی کۆچ، پێویستە لە ناو دەزگاکانی ھەرێمی کوردستاندا، ڕۆژنامەنوسی شارەزا و تایمەتمەند دابنرێن کە بە بەردەوامی لەسەر ئەو بابەتە کار بکەن و تیمی ڕوماڵی کۆچی نایاسایی فراوانتر بکرێت، ھەندێجار، پێویستە پشت بە ڕۆژنامەنوسی فریلانس ببەسترێت بۆئەوەی بە وردی و فراوانی و لەسەرخۆ کار لەسەر بابەتەکە بکات.

پێویستە باشترین و نوێترین خولی فێرکاری و پێدانی زانیاری بکرێتەوە بۆ ڕۆژنامەنوسان تاوەکو بتوانن لە بوارەکەدا شارەزا ببن و بەئاگا بن لە داتا و ئامارەکانی کۆچ و نوێترین زانیاری لەسەر بابەتەکە، بە تایبەت پەیوەست بە ھەرێمی کوردستان.

پێویستە ژوری ھەواڵی دەزگاکان راگەیاندن سیاسەتێکی داڕشتن و نوسینی بێلایەنیان ھەبێت دەربارەی بابەتەکە، نابێت بابەتی کۆچ تێکەڵی بابەت و ناکۆییە سیاسی و ئابوریییەکان بکرێت.

پێویستە ڕۆژنامەنوس و ڕیپۆرتەرەکان زانیاری دروست و ورد و پشتڕاستکراوە بەکاربھێنن بۆ ئەوەی گرنگ و جدیەتی بابەتەکە لەخەڵک تێبگەیەنن.

پێویستە میدیاکان پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ ڕێکخراوە حکومی و ناحکومییەکانی بواری کۆچبەراندا ھەبێت و ڕوماڵی کار و چالاکییەکانیان بکرێت و ھەوڵ بدرێت دەرفەتیان پێ بدرێت تاوەکو قسەی خۆیان بکەن.

نیشاندانی چاوچنۆکی و فێڵەکانی قاچاخچی و ڕێگاکانی ھەڵخەڵەتاندنی کۆچبەران لەلایەن قاچاخچییەکانەوە، ئەرکێکی گرنگی میدیایە و پێویستە مەترسی ئەم بابەتە بۆ کۆچبەر بخرێتەڕوو، زۆر گرنگە میدیا باسی ژیانی ناو کامپ و ئەو وڵاتانە بکرێت کە کۆچبەر ڕووی تێدەکەن.

بۆیە لە کۆتاییدا دەڵێم، بەبێ ڕوماڵێکی میدیایی باش و کاریگەر، کێشە و قەیرانە مرۆییەکان بە تەواوی کاریگەرییە خراپییەکانیانەوە بەردەوام دەبن و ئاشکرا نابن بۆ خەڵک و سودی لێ نابینن.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP