وەهمی پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراقی ئازاددا

د. عەلی دلاوەر - 8-08-2018 - 3905 جار خوێندراوەتەوە


لە دوای پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق و سەرهەڵدانی سەرەتاکانی دیموکراسی لە کۆمەڵگای عێراقیدا، پرۆسەی دیموکراسی و هەڵبژاردن بە شێوەیەکی خراپ لە لایەن زۆربەی هێزە سیاسییەکانەوە شێوێنرا، دواتر ئەم شێواندنەیان قۆستەوە لە پێناوی بەدەست هێنانی هەست و سۆزی خەڵک و کۆکردنەوەی دەنگ، پاشان دەنگی خەلکیان بۆ سەفەقاتی ئابوری و بەرژەوەندی خۆیان بەکارهێنا. بێگومان ناکرێ لە عێراقدا باسی هەڵبژاردن بکەین و لە پاڵیدا باسی ساختەکاری نەکەین، ئەوە شتێکی ئاشکرایە کە هەمیشە بە شێوەیەکی دیار بونی هەیە. بەڵام ئەگەر شیکردنەوەیەک بکەین کە وای دابنێین هەڵبژاردنێکی بێ ساختەکاری لە عێراقدا بەڕێوە دەچێت، بۆمان دەردەکەوێت کە هێزە عێراقییەکان بە شێوەیەکی گشتی لە ڕێگەی جوڵاندی هەستی مەزهەبی و نەتەوەییەوە سۆزی دەنگدەرەکانیان بەلای خۆیاندا ڕادەکێشن و بە ئەندازەی ساختەکارییەکە کاریگەرییان دەبێت لەسەر هەڵبژاردن.

بۆ نمونە هەر لە یەکەم هەڵبژاردنەوە لە ڕێگای زیندوکردنەوەی ناکۆکی چەندین ساڵەی سوننە و شیعەوە، شیعەکان وەکو تۆڵەیەک لە دژی سوننەکان دەنگیان کۆدەکردەوەو بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە حوکمی وڵات دەخەنە دەست شوێنکەوتوانی (ال البیت)، لەولاشەوە هەرچی سوننە بو بانگەشەی ترسی لە ناوچوونی سوننەی دەکرد لە لایەن شیعە داخ لە دڵەکان وداوای دەنگی لە مەزهەبەکەی خۆی دەکرد، وە لایەنە کوردییەکانیش لە ڕێگەی جوڵاندنی هەستی نەتەوایەتییەوە توانییان دەنگی شەقامی کوردی بەلای خۆیاندا ڕابکێشن و دەنگێکی باشی پێ کۆبکەنەوە. بۆیە لەمەوە دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە دیموکراسی هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانییەوە لە کۆمەڵگەی عێڕاقیدا بە شێوەیەکی دروست لە دایک نەبووە، هەر لە سەرەتاوە لە سەر بنەمای ڕق و تۆڵە سەندنەوە هاتۆتە کایەکەوە. سیاسییەکان زۆربەیان ناڕاست بون لەگەڵ دەنگدەرەکانیاندا، وەکو کێکێک تەماشای عیڕاقیان کردووەو و هەر کەسەو دەیویست بەشی خۆی وەربگرێت، تەنانەت زۆربەی ئەوانەی کە پاکیش بون کاتێک دەیانبینی دەورەبەرەکەیان خەریکی کۆکردنەوەی سامانن، ئەوانیش بڕیارییان دەدا کە دەست بدەنە گەندەڵی و تێوە بگلێن لە کۆتاییدا.

هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن ئەگەر هەڵسەنگاندنێ بکەین بۆ ئاستی گوزەرانی خەڵکی لە عێڕاقدا بۆمان دەردەکەوێ کە هاوڵاتیان هەمیشە هەر لە نائومێدی و بێزارییەکی زۆردا ژیاون، ئەو بەشداریکردنە کەمەی هاوڵاتیان لە کۆتا هەڵبژاردندا ئەوەمان پێ دەڵێت کە هاوڵاتیان وردە وردە باوەڕیان بە دیموکراسی نامێنێت وە دەرەنجامی ئەمەش پەنا بردنە بۆ چەک بۆ یەکلا کردنەوەی کێشەکان. کە ئەمەش بێ شک گەڕانەوەیە بۆ دواوە. هەرچەندە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان رێژەی بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنەکاندا بۆ نزیکەی لە سەدا ٤٥ بڵاو کردەوە، بەڵام هەندی ڕاپۆرتی بیانی ئاماژە بۆ نزیکەی لە سەدا ٢٠ دەکات.

لە لایەکی دیکەوە دوای هەر هەڵبژاردنێک، هاتنی چەندەها وەفدی هەرێمی و بیانی بە دوادا دێت بە تایبەتی ئێرانی و ئەمریکی کە ئەمەش وا دەکات کە عێڕاق هەرگیز خاوەنی پڕۆژەی سیاسی خۆی نەبێت و هەمیشە پاشکۆی ئەجێندای وڵاتانی دیکە بێت. کە ئەمەش جگە لەوەی کە سەربەخۆیی وڵات پارێزراو ناکات، وا دەکات کە بەهۆی هەژمار کردنی عێڕاق لەسەر چەند وڵاتێک کە گەمارۆی نێودەوڵەتییان لەسەرە، عێڕاقیش زەرەرمەند بێت. بونی جەنگی بەردەوام لە وڵاتەکەدا وای کردووە کە هەمیشە لە پاڵ هیزە نیزامییەکاندا، میلیشیاش بونی هەبێ. ئەمە جگە لە دانانی بوجەیەکی زۆر بۆ ئەم جۆرە هێزە چەکدارانە کە وای کردبو هەیمەنەیەکی زۆری ڕاگەیاندن و ئابوری و سیاسییان هەبێ، وا دەکات کە دوای نەمانی جەنگیش هەر بونیان هەبێ لە ژێر ناوی جیاجیادا، وە بەشداری هەڵبژاردنەکانیش بکەن و وا بکەن لە کاتێکدا کە ئەگەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی ئەواندا نەبێت، هەڕەشەی بەکارهێنانی چەک بکەن.

بەداخەوە کۆمەڵگای عێراقی بە شێوەیەکی گشتی هۆشیار نییە تا بزانێت دەنگ بە کێ بدات و کێ شایەنییەتی ئەویش بەهۆی دروست کردنی چەند پیرۆزکراوێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی. لە ڕابردوودا کۆمەڵگای عێراقی ئەیناڵاند بە دەست بونی دیکتاتۆرێکی توندڕەوەوە کە هەر ئەوە مابوو کە هاونێشتمانیان کڕنوشی بۆ بەرن. بەڵام بەهۆی کەمی هۆشیاری سیاسییانەوە لە پاش ڕوخانی سەدام حسێن، خۆیان چەند بتێکی دینی و سیاسییان بۆخۆیان دروست کرد، کە هەتا مردن بەیعەتیان پێ بدەن ئەگەر هەرچییەکیش بکەن. تەنانەت ئێستا وای لێ هاتووە کە بردنی موڵک و سامانی گشتی و واستە کردن و خزم خزمێنە بۆتە دیاردەیەکی دیار لە ناو کۆمەڵگای عێڕاقیدا. هاونیشتیمانیان ڕێزلە گەندەڵەکان دەگرن. بە واتایەکی دیکە گەندەڵی وردە وردە ناکرێتە جێگەی گفتوگۆ و پێوەری سیاسی، وەک ئەوەی بڵێی فڵانە بەرپرس دەوڵەمەندە لەبەر ئەوەی پۆستەکەی ڕێگەی پێ دەدات. کە بەداخەوە ئەمانە ڕێک پێچەوانەی ئەو دروشمانە بون کە پێش١٥ ساڵ لەمەو پێش هەڵیان گرتبو.

پاشان کاتێ کە هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێ لە هەر وڵاتێ ، لە پێناو ئەوەیە کە پارتە سیاسییەکان پێشبڕکێ بکەن لە پێناو خزمەتگوزاری زیاتر بۆ نیشتمان، بەڵام بەداخەوە لە عێڕاقدا هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن هیچ پێشبڕکێیەکی لەو جۆرە نابینرێ لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا. لە بواری کەرتی کشتوکاڵی و پیشەسازی، وە تەنانەت نەبونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ هاوڵاتیان وەکو کارەبا و ئاو و شوێنی نیشتەجێبون. ڕێژەی وشکبونی ڕوباری دیجلە و فوڕات ڕو لە زیاد بونە، هیچ بەنداوێکی دیار لەسەر ئەو دو ڕوبارە دروست نەکراوەو ڕێژەی بێکاریش ڕو لە هەڵکشانە. 

لە ناو پڕۆسەی دیموکراسیدا، پێویستە ئەوانەی کە بەشدار دەبن لە هەڵبژاردنەکاندا، هەم مەدەنی بن هەم بە ئەنجامەکانیش ڕازی ببن. کێشەیەکی گەورە هەیە لەعێڕاقدا هەندێ لایەن هەیە بێ چەکن و بێ کۆمپانیان( کە زۆر کەمن) بەڵام دەچنە هەڵبژاردنەوە بەرامبەر بە هەندێ لایەن کە چەکدارن و خاوەنی کۆمپانیاو پارەیەکی زۆرن. کە ئەمە وا دەکات بە دڵنیاییەوە هاوسەنگ نەبن لە ڕوی هەڵمەتی هەڵبژارن و لە ڕوی ئەمنییەوە. بۆیە لە عێڕاقدا بە داخەوە هەندێ ''کۆمپانیای چەکدار'' هەن بە پارتێکی مەدەنی لە قەڵەم دەدرێن و هیچ جیاوازییەکیان نابێت لەگەڵ پارتە مەدەننیەکانا کە ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن. تەنانەت دوای هەڵبژاردنەکانیش هەندێ جار لە ژێر هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکدا، وا لەبەرامبەر دەکەن کە بە ئەنجامەکان ڕازی بن و میدیاکانیان دەمکوت کەن. 

بەداخەوە ئێستا کۆمەڵگای عێراقی ڕوی لە داڕوخانێکی گەورەیە، بێ ئومێدییەکی زۆر باڵی کێشاوە بەسەر فەزای سیاسی و کۆمەڵایەتیدا. هیچ بەهایەک بۆ هاونیسشتیمانیبون نەماوە. خاوەن کارەکان و ئەوانەی هەندێ سەرمایەیان هەیە وردە وردە وڵات جێدەهێڵن ڕو لە وڵاتانی تر دەکەن و لەوێ کاری خۆیان دەکەن، چونکە لەوێ هەم یاسایەک هەیە کە مافیان دەپارێزێت هەم خوێندنێک و پەروەردەیە هەیە کە ئایندەیەکی گەش بۆ نەوەکانیان فەراهەم دەکات. 

ئەمەش وا دەکات کە ڕێژەی بێکاری و نەخوێندەواری ڕو هەڵکشان بکات لە عێڕاقدا. تەنانەت ئەوانەی کە هەندێ بواری کارکردنیان بۆ ڕەخساوە لە ناوەوە، دەبێت شەریکی سیاسییەکان بن وە هەروەها هەرگیز بەردەوام بونی کارەکانیان زامن ناکرێت. چونکە چەند گروپێکی سیاسی هەن و هەر یەکێ لەمانە پشتگیری چەند خاوەن کارێک دەکەن. بۆیە زۆر ئاساییە ئەگەر ئەم گروپە سیاسییانە لە پێناوی بەرژەوەندییەکانیاندا بە جەنگ بێن و سیاسەت و بازرگانی تێکەڵ بکەن و دەرەنجامیش هاوڵاتیان باجە قورسەکە دەدەن. بەداخەوە هیچ وتەیەک و پەیامێک نییە کە بۆ هەڵبژاردنی داهاتو کە هێزە چاکەخوازەکان بە دەنگدەرەکانیانی بڵێن. بۆیە بە ئاسانی دەتوانین بڵێین کە هەڵبژاردن لە عێراقدا تەنها ''وەهمێکە''. 

ئەگەر بیر لە چارەسەر بکەینەوە، دەبێت هەمو پارتە سیاسییەکان لە چەک دابمالڕێن، سیاسییە گەندەڵکارەکان هەرچەندە ئەستەمە بدرێنە دادگا، بەڵام دەکرێت کە لە حکومڕانی دوربخرێنەوە، جاریکی دیکە وەکو سەرەتاکانی تەواوبونی پڕۆسەی ئازادی عیڕاق سەرلەنوێ ئیعادەی پێکهێنانی دەوڵەتی عێراقی بکرێتەوە. مافی پارتەکان دیاری بکرێت. لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە حکومەتێکی تێکنۆکرات دروست ببێ وەکو قۆناخێکی سەرەتایی کە پێک بێت لە شارەزایانی ئابوری و سیاسی یاسایی تاکو ئامادەکاری بکات بۆ قۆناخێکی تر کە ناوی ''عێراقی نوێ'' بێت. پارەو سامانی وڵات بۆ هاونیشتیمانیانی دابین بکات لەڕێگەی دروستکردنی نەوەیەک کە پەروەردەو زانستێکی بەهێزی هەبێت کە پاڵپشت بێت بە سیستمێکی تەندروستی بەهێز. لە دوای ئەم هەنگاوانە، دەتوانین خەون و پلانی گەورەتر دروست بکەین و هەنگاوی بۆ بنێین و کەرتی کشتوکاڵی پیشەسازی و تەنات پلانی هەبوونی وزەی ناوەکی بۆ ساڵانی ئایندە دەستەبەر بکەین.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP