بەپەلە

موزایەدەو پەرتەوازەیی دەمانگەیەنێتە چی؟

عوسمان گوڵپی - 7-08-2018 - 2282 جار خوێندراوەتەوە


ئەوەی لای هەموومان ڕوونە ئەوەیە کە کەسمان لە دۆخی سیاسی و ئابوری هەرێمی کوردستان ڕازی نین و چارەنوسێکی نادیار لەبەردەم داهاتوی عێراقیشدایە و لە دووڕیانی سەقامگیری و ئاڵۆزیدا  ئاخۆ بە چ ئاراستەیەکدا درێژە بەڕێگا دەدات، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لە نێوان ناکۆکی و دەستوەردانی زلهێزاندایە و بوەتە وێستگەی ململانێی فراوانکردنی دەسەڵاتیان و بەهێزکردنی ئابوریان

ئەوەی مەبەستی منە وێنە بچوکەکەیە کە هەرێمی کوردستانە لە ژێر کاریگەری وێنە گەورەکەدا، قسەم لەسەر ئەوە نیە کە نەتوانرا ئەزمونێکی جوانی حکومڕانی نیشان بدرێت ، بەڵکو بوینە بەشێك لە ئەزمونە ناشیرینەکانی ناوچەکە و دەمێکە ئەوە وتراوە، ئۆپۆزسیۆنیش بەتەنیشت دەسەڵاتەوە نەیتوانی وەك بەدیل خۆی تەرح بکات و بەشێوازێکی تەندروست لە دایك نەبوو ئەگەرچی هەنگاوێکی گرنگ و گۆڕانکاریەکی جدی بەسەر وێنە نێوخۆییەکەدا هێنا، بەڵام بەداخەوە نەمانتوانی درێژە بە هەنگاوی تەندروستی ئۆپۆزسیۆن بدەین و ئەگەر راستگۆیانە سەرنج بدەین بەتەنیشت دەسەڵاتێکی شکستخواردوەوە ئۆپۆزسیۆنیکیش بوونی هەیە کە بەداخەوە نەخۆیان دەیانزانی و نە هاوڵاتیانیش دەیانزانی خەریکی چین و لەکوێی پشتیوانی خەڵك ولە کوێی حکومڕانیدان؟ بەتایبەت چوار ساڵی ڕابردوو. هۆکارەکان ئەکرێ لای من و تۆ جیاوازبن بەڵام دەرئەنجام گەشتین بە ئیستا.

ئەوەی ئێستا هەیە نامانگەیەنێتە هیچ و پێموایە بەرلە هەمووشتێك دەبێت بیرکردنەوەمان بەرامبەر بەهەندێك مەسائیلی گرنگ بگۆڕین و بە تێڕوانینماندا بچینەوە بەرامبەر بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیش  ، ئەبێ دان بەوەدا بنێین پاوەنکاری دەسەڵات و خزم خزمێنە و بەرژەوەندی حیزبی و موزایەدە و پەرتەوازەیی و   دووڕووی لە مامەڵەکردن لەگەڵ یەك و شکاندن و تەشهیر بەیەك و داڕشتنی پیلان دژی یەك  نامانگەیەنێتە هیچ و دەبێت گفتو گۆ و یەکتر قبوڵکردن و منافەسەی شەریفانە و تەکبیری پێکەوەیی و دڵسۆزی و پلان و بەرنامە بکەینە جێگرەوەی پێچەوانەکانیان، ئەبێ لە خۆمان بپرسین چیمان دەستکەوت لەم مامەڵە ناتەندروستە؟ هاوڵاتیان و بژێویان گەشتن بەچی؟ قەوارەی سیاسی هەرێم گەشتۆتە کوێ ؟  ئەی بەردەوامیدان بەم سیاسەتە شکستخواردوە حکومڕانی دەمانگەیەنێتە کوێ؟. 

بەڕای من تا دان بەڕاستیە تاڵەکاندا نەنێین ناتوانین پلانێکی تەندروست بۆ داهاتو دابڕێژین، دەبێت هەریەك لای خۆیەوە پێداچونەوە بە ڕابردوی خۆیدا بکات و دەست بخاتە سەر برینەکان و چارەسەرەکان قبوڵ بکات ئەگەرنا ناگەینە هیچ و چارەسەر بەتاکە پرۆژە کاتێکی زۆری پێویستە و  گۆڕانکاریەکانیش خێران و ئەگەر وریا نەبین بەقازانجمان نین.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP