ئۆپۆزسیۆن لە بازنەی پلانی دەسەڵاتدا

عومه‌ر عه‌لی محه‌مه‌د - 6-08-2018 - 2527 جار خوێندراوەتەوە

ئەگەر وەك چاودێرێك لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی سەیری بارودۆخی كوردستان بكەیت و شیكاریەكی سیاسی بێ‌ لایەن بكەیت، ئەوكاتە دەزانیت كە كوردستان لەچ ئاستێكی دواكەوتوودایە لە ڕوی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتیەوە، ئەگەر لە ریزبەندی نەتەوە یەكگرتووەكانیشدا لەروی گەشەپێدانەوە بۆی بگەڕێیت دەچێتە ریزبەندی كۆتا وڵاتەكانی جیهان و لەبەرئەوەش كە وڵاتێكی سەربەخۆ نیە و لەگەڵا عێراقدا حساب دەكرێت هەمان پلە بەندی ئەو وەردەگرێت، ئێمە هەموومان گەندەڵیەكانی دەسەڵات دەزانین و دەزانین كە چۆن ئەم هەرێمەیان بەم ئاستە گەیاندووە بەجۆرێك كە ئێستا لەریزی سۆماڵا و ئەفغانستان خراپتر بێت، وڵاتێكی وەك ئەسیوبیا لەدوای هەڵبژاردنەكانی مانگی شوباتی ئەمساڵەوە گەشەی زۆری بەخۆوە بینیوە، پاش ئەوەی( ئەبی ئەحمەد) بوە سەرۆك وەزیرانی ئەم وڵاتە دەستی دایە كۆمەڵێك چاكسازی و بەمەش لە ماوەی چەند مانگێكدا چووەتە پێنجەمین وڵاتانی جیهان لەڕوی گەشەپێدانەوە بەپێی ریزبەندی نەتەوە یەكگرتووەكان.


بەڵام كوردستان سەرەڕای بوونی سەرچاوەیەكی دارایی باش لە نەوت و گاز و شتەكانی تر، توانایەكی مرۆیی باش، زەویەكی بەپیت بوونی ژینگەیەكی گەشتیاری، رۆژ بەرۆژ ئاستی گەشەپێدانی دادەبەزێت و هاوڵاتیان بارودۆخی ژیانیان خراپتر دەبێت و گەندەڵی زیاتر باڵا بەسەر حكومەت و ئیدارەكەیدا دەكێشێت و زیاتر حكومەت بە حیزبی دەبێت و رۆڵی دامەزراوەكان ناكارا دەبێت و پەرلەمان بێ‌ بایەخ دەبێت و تەنها رۆڵێكی سادە دەبینێت كە جێبەجێكردنی ئەجێندای مەكتەبی سیاسیی دوو پارتە سیاسیەكەیە، ئەم دوو پارتە دەستیان گرتووە بەسەر بازاڕ و هەموو شتێكدا و بەتایبەتیش كەرتی نەوت كە بە ناشەفافی ماوەتەوە، لەبەرئەوە لە كوردستان لە جیاتی پرۆژە بۆ پێشكەوتن و گەشەپێدان پڕۆژە هەیە بۆ دواكەوتن و گەشەپێدانی گەندەڵی و زیاتر زاڵا كردنی رۆڵی حیزب و بڕیارەكان بەسەر پەرلەمان و حكومەت و دادگاكاندا.


لە بەرامبەر ئەم دۆخە ناهەموارەدا، ئایا رۆڵی ئۆپۆزسیۆن چیبوەو چۆن روبەڕوی ئەم دۆخە بوونەوەو ئێستا لە چ ئاستێكدایە، لە كوردستاندا ئەركی ئۆپۆزسیۆن لەلایەك زۆر گران و ئاڵۆزە، لەلایەكی تریش كەوتۆتە ژێر بەرپرسیاریەتێكی گەورەوە، چونكە پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان بە ئەو ئاستە سادەیەی كە هەیانە لەڕووی هێزەوە، كە خاوەنی بچوكترین دەسەڵات و بەشدار نین تیایدا بەتایبەتی لەڕووی هێزی سەربازی و ئەمنی و ئابوریەوە، بەڵام بەرامبەرەكانیان هەموو ئەو پێگانەیان بە تەواوی كۆنترۆڵكردووە، راستە زەمینەی گەشەی ئۆپۆزسیۆن و هەستكردن بە رۆڵە ئیجابیەكەی لە چاودێری دامەزراوەكانی حكومەت و یاسادانان و بودجە، لە وڵاتێكدایە كە دەستورێكی شەرعی هەبێت و تیایدا مافە سیاسی و مەدەنیەكانی هاوڵاتی و كۆمەڵە سیاسیەكان و كۆمەڵگەی مەدەنی دیاری بكرێت و بە دەستور مافەكان چەسپابێت و ئۆپۆزسیۆن وەك بنەمایەكی دیموكراسی سەیر بكات لە پێناو چەسپاندنی دادگەری و مافەكانی هاوڵاتی و شەفافیەت و گەشەپێدان بەشێوەیەكی گشتی.


بەڵام لە كوردستاندا دۆخەكە پێچەوانەی ئەم بۆچوونەیە و دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن تەنها تا ئاستێك قبوڵە كە پرۆسە سیاسیەكە وەك پرۆسەیەكی دیموكراسی دەربكەوێت و بەم فۆڕمەوە بتوانێت مامەڵە لەگەڵا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بكات لە دەرەوە، بەڵام هەرگیز ئۆپۆزسیۆنێكی پێ‌ قبوڵا نیە كە ببێتە بەدیل و دەسەڵاتی پێ‌ چۆڵا بكات یان گەشە بە دیموكراسی بدات و دامەزراوەكانی وەك دادگاكان و حكومەت و پەرلەمان رۆڵی كارای خۆیان بگێڕن، لەبەرئەوە كوردستان بارودۆخێكی تایبەتی هەیە و ئۆپۆزسیۆنیش دەبێت هەست بەم راستیانە بكەن. پاش تێپەڕبوونی 27 ساڵا بەسەر دەسەڵاتی كوردیدا ئۆپۆزسیۆن لە ئێستایدا لە دۆخێكی خراپ و لاوازدایە ،چونكە بە درێژایی ئەو ساڵانەی رابردوو نەیتوانی ببێتە بەدیل و بۆ تەنها جارێكیش نەگەیشتە دەسەڵات، هەركاتێكیش ئۆپۆزسیۆن ئەوەندە كەوتە پەراوێزی ناوەندی بریاری سیاسیەوە ئیتر شەكەت دەبێت و جەماوەریش زۆر متمانەی پێ‌ نامێنێت و هاوڵاتیانیش بێ‌ متمانەیی رویان تێ‌ دەكات و لە ئەنجامیشدا بەرامبەر پرۆسە سیاسیەكە بێ‌ متمانە دەبن، سەرئەنجام بڕیار دەدەن كە بایكۆتی هەڵبژاردنەكان بكەن و نەچن بۆ دەنگدان.


ئەمە ئەو بارودۆخەیە كە بەشێوەیەكی گشتی بۆ هەڵبژاردنەكانی وڵاتانی ناوچەكە دروست بووە هەر لە ئێران و ئەردەن و میسر و تونس و ئێستا ئەم پەتایە گەیشتۆتە كوردستانیش و بینیمان كە ئاستی بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا چەند كەمی كردبوو، بێگومان بۆ پەرلەمانی كوردستانیش كەمتر دەبێتەوە.
ئۆپۆزسیۆنی كوردستان دەبوایە خوێندنەوەیەكیان بۆ خۆیان بكردایە لە رابردوودا ،ئینجا بڕیاری بەشداری یان بەشداری نەكردنیان بدایە بۆ پەرلەمانی كوردستان.


چونكە ئەو بارودۆخەی كە لە دوای 12/5 هاتە ئاراوەو دەسەڵات بەو شێوەیەو بە رون و ئاشكرا دەستی خستنە هەڵبژاردنەكان و دەستكاری سندوقەكانی دەنگدانی كرد، دەبوایە هەموویان هەڵوێستێكی شێلگیرانەیان هەبوایە و بیانتوانیایە لەپێناو گێڕانەوەی بەهاو شكۆ بۆ دەنگی هاوڵاتیان شتێكیان بكردایە و بەرنامەیەكی نوێیان هەبوایە و ببونایە بە پشتیوانێكی گەورە بۆ خەڵكی ناڕازی، چونكە لە ئێستادا ئۆپۆزسیۆن تەنها هێزێك كە هەیبێت هێزی جەماوەری ناڕازیە و دەبوایە بە بەرنامەیەكی نوێوە ئەو بیتوانیایە رابەرایەتی ئەو خەڵكە ناڕازیەی بكردایە و ئامادەی هەموو قوربانیەك بوایە بە پۆست و ئیمتیازاتەكان و سەركردە باڵاكانی خۆیان لەناو خەڵكدا بونایەو لەم رێگەیەوە راستی دروشمەكانیان بسەلماندایە. بەڵام سەد مەخابن بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ هیچ توێژینەوەو لێكدانەوەیەكی سیاسیی، بەهەمان فۆڕمی پێشوو بڕیاریاندا بچنەوە هەڵبژاردنی ئایندەی پەرلەمانی كوردستان و هیچ گۆڕانكاریەكیان لە خۆیاندا دروست نەكرد.

 

تەنانەت نەیانتوانی بۆچوونەكانیشیان یەكبخەن لەوەی كە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیەتێكی یەكگرتوودا بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن، یان بە ربڕیارێكی دەستەجەمعی بڕیاری پاشەكشە بدەن، بەم هەنگاوەشیان گەورەترین هێزی خۆیان كە جەماوەرە ناڕازیەكە بوو زیاتر بێ‌ متمانە كرد و لەنێوان خۆیان و جەماوەرەكەیاندا بۆشاییەكیان دروست كرد، كە دواجار لە هەڵبژاردندا باجەكەی دەدەن، چونكە بەم هەنگاوەیان ئامانجە گەورەكەی دەسەڵات دێتەدی و دەچنە ناو بازنەی ئەو دید و تێڕوانینەی كە بۆ ئۆپۆزسیۆنی كێشاوە كە بوونیان لە پەرلەماندا تەنها بۆ روكەش بێت و نەبتوانن هیچ پڕۆژەیەك بسەپێنن و نە رێگە لە هیچ پڕۆژەیەكی دەسەڵات بگرن و بونیان تەنها بە ئاستێك بێت كە بڵێن لە هەرێمی كوردستان دیموكراسی هەیە و پارتەكان بەشداری پەرلەمانن و مافی بوونی فرەیی سیاسیی پارێزراوە.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP