قرپی وەزیری داناو خەزێنەی بەتاڵ

شۆڕش خالید ئاژگەیی - 4-08-2018 - 2604 جار خوێندراوەتەوە

دەگێڕنەوە دەڵێن ڕۆژێک لە مەملەکەتێکی سەر ئەم سەرزەمینەدا، لە دیارو وڵاتێکی ئەم  جیهانە پان و بەرین و پر لە سەیرو سەمەرەدا، لە دەڤەرێکی دڵرفێنی گۆی زەویدا، لە وارێکی ئاوەدانی پڕ لە خێر و بێر و بەرەکەتی ئەم هەسارەیەی ئادەمیزاد تەخت و وێران و ژینگەکەی ژەهراوی کردووە، پادشایەک هەبوو بە ناوی وەرخەرپاشای ئاڵتون زادە.

ساڵان هاتن و ڕۆیشتن، ڕۆژەکانی ڕۆژ ژمێر بوون بە مێژوو، ساتەوەختەکان بوون بە دیرۆک و تاج و تەختی پاشایەتیش ڕۆژ بە ڕۆژ بەرفراوان و مەزنتر دەبوو و خەرجیەکانیش بەرە بەرە ڕوویان لە هەڵکشان بوو و پاشای وڵاتیش  فریای دابین کردنی خەرجیە زۆرو زەوەندەکان نەدەکەوت و کەوتبووە ژێر فشارو پرتەو بۆڵەی دەوروو بەرەکانیەوە....

 ڕۆژێ لە ڕۆژان یەکێک لە وەزیرە دڵسۆزو وەفادارەکان بە پاشای وڵاتی راگەیاند:

" گەورەم....قوربان... فیدای هەناسەدانەکانت بم،  بە هۆی خەرجیە زۆرەکانەوە، خەزێنەی وڵات ئاوی تێ خزاوەو وەک بڵێی مۆرانەو مێروولە لێیان داوەو لە سەروەت و سامان و پارەو پوڵ و خشڵ و ئاڵتون و مرواری و ئەلماسەوە بەتاڵە و ئەگەرێکی زۆر بە هێز هەیە ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی و ئابوری و داتەپین و قەرزی دەرەکی و سواڵ کردن ببینەوە و نەتوانین ئیدارەی وڵات بە جوانی بکەین و ببین بە هۆی ڕەزامەندی عەوامی داماوەوە. لەم حاڵەتەشدا ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و ئاژاوەو پشێوی دەبینەوە و دەسەڵاتی جەنابتان دەکەوێتە بەر مەترسی هەڕفین و هەڵوەشانەوەوە." 

پاشاش دوای تێفکرین و ورد بوونەوە لە هەواڵە دڵتەزێنە ناخۆشەکەوە، فەرمانێکی شکۆمەندانەی دەرکرد و بەڕێز وەزیری دارایی و ئابوری ڕاسپارد میکانیزمێکی گونجاو بدۆزێتەوەو چارەسەرێکی بە پەلە و ڕیشەیی بۆ دۆخی بەتاڵ مانەوەی خەزێنەی داتەپیوو داڕماوی وڵات بخوات و ئەگەری سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی کەم کاتەوە و مشورێک لە دۆخەکە بخوات...

وەزیری داراییش بە پەلە کەوتە خۆ و  دوای پرس و ڕاکردن و  وەرگرتنی بۆچوونی ڕاوێژکارو شارەزایانی بواری ئابوری و دارایی و دۆزینەوەی میکانیزمە ون بووەکەوە، پڕۆژە پێشنیارێکی پێشکەشی جەنابی پاشا کرد، کە سێ خاڵی جەوهەری لە خۆ گرتبوو:
- زیاد کردنی باجەکان.
- دەست بەسەرا گرتنی نیوەی مەڕوماڵاتی خەڵک لە لایەن حکومەتەوە.
- قەدەغە کردنی قرپ هێنانەوە!!!

جەنابی پاشاش دوای بینینی پڕۆژە پێشنیارەکانی  وەزیری دانا، بزەیەک هاتە لەسەر لێوەکانی و دوای تاوێک بیر کردنەوەو تێفکرینی ورد ڕووی کردە وەزیری دانا و زاناو گوتی: 
"جەنابی وەزیر یەکەم و دووەمم قەبوڵ کرد، بەڵام سێهەمیان بۆ چیە؟ بۆ رێگە لە قرپ هێنانەوەی خەڵکی دەگرن؟ قرپ هێنانەوە و سامان چ پەیوەندیان بە یەکەوە هەیە؟"

جەنابی وەزیریش وتی:
"گەورەم...بەجێهێنانی خاڵەکانی یەکەم و دووەم بەندە بە زەمانەتی جێ بە جێ کردنی خاڵی سێهەمەوە. مادەی سێهەم لە پڕۆژە پێشنیارەکان بۆ ڕێگەدانە بە خەڵکی تاکو لەم ڕێگەیەوە ناڕەزایەتی و توورەییەکانیان بەتاڵ بکەنەوە. بە واتایەکی تر، سەرقاڵ کردنی خەڵکی بە مادەی سێهەمەوە ( قرپ نە هێنانەوە)، دوو مادەکەی تر بە تەواوەتی لە بیر خەڵکی دەباتەوە. خەڵکیش لەجیاتی بیرکردنەوە لە مادەی یەکەم و دووەم کە بۆ ئێمە زۆر گرینگ و ژیارین، بە مادەی سێهەمەوە مەشغول دەبن..."

"لە کۆتاییشدا، دوای پەرەسەندنی شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان، لە ڕوانگەی ڕێزگرتن لە خواست و داواکاریەکانی جەماوەرو بە تەنگەوەچوونی چارەسەرکردنی کێشەکانەوە و بە فەرمانی جەنابتان بەندی سێهەم هەڵدەوەشێنینەوە و خەڵکی شاد و کامەران و ڕەزامەند بەرەو ماڵەکانیان دەگەڕێنەوەو زەحمەتیەکانی جێ بەجێ کردنی دوو مادەی یەکەم قەبوڵ دەکەن و لەم ڕێگەیەوە ئاشتی و تەناهی و ئارامی و کامەرانی بەرقەرار دەکەین و وەک منەت بە جەماوەری دەفرۆشینەوە!"
بەمجۆرە هەم پێگەی بەڕێزتان بەهێزتر دەبێ هەمیش دەگەینە ئامانجە دوورو نزیکەکانمانەوە....!!!

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP