بەپەلە

ئه‌مه‌ریكاو رۆژئاواى كوردستان

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج - 2-08-2018 - 4599 جار خوێندراوەتەوە


رۆژئاڤاى كوردستان ، كوردستانى سوریا ، ئه‌و به‌شه‌ى كوردستان كه‌ پێشتر ڕوو به‌ ڕووى عه‌ره‌باندن و لێسه‌ندنه‌وه‌ى ناسنامه‌ بووه‌ته‌وه‌ ، له‌ دواى سه‌رهه‌ڵدانى داعشه‌وه‌ رۆژئاواى كوردستان  چووه‌ قۆناغێكى تره‌وه‌ ، ئه‌وه‌ش به‌و به‌رگریه‌ جوامێرانه‌یه‌ى كوڕو كچه‌ شه‌ڕوانه‌كان له‌ كۆبانى و له‌ خۆر ئاواى كوردستانیان كرد ، له‌ میدیاى ده‌ره‌وه‌ ئه‌و شه‌ڕوانانه‌ بوونه‌ خاوه‌نى ناوبانگێكى گه‌وره‌ و ئه‌وه‌ش حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدارانى ناچاركرد رێزیان لێبگرن و به‌ ده‌نگیانه‌وه‌ بچن ، له‌ سه‌ر شه‌ڕى كۆبانى كتێب و وتارو ریپۆرتاژى زۆر بڵاو كرانه‌وه‌ ، په‌یه‌ده‌ بووبه‌ هێزێكى ناسراوو دیارى ناوچه‌كه‌ بۆ شه‌ڕى داعش ، په‌یه‌ده‌ هه‌رهێزى شه‌ڕ نه‌بوون ، ئه‌وان هێزى پێكه‌وه‌ ژیانى ئاشتیانه‌ى گه‌لان و هێزى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و هێزى دیموكراتیزه‌ كردنى ناوچه‌كه‌شن ، سه‌ره‌ڕاى دژایه‌تى هه‌مه‌لایه‌نه‌ سه‌ره‌ڕاى بوونى ئه‌نه‌كه‌سه‌و لایه‌نه‌كانى دیكه‌ ، سه‌ره‌ڕاى داعش و توركیاو دژه‌كان ، په‌یه‌ده‌ بووبه‌ هاوپه‌یمانێكى راسته‌قینه‌ى وڵاتانى رۆژئاوا بۆ شه‌ڕى توند ڕه‌وى ، وزه‌ى سه‌ره‌كى بیرو باوه‌ڕو هێزى بازوى په‌یه‌ده‌ په‌كه‌كه‌و ئاپۆن ، كه‌س ناتوانێت ئه‌مه‌ نادیده‌ بكات ، گرفتى سه‌ره‌كى وڵاتانى رۆژئاواو ناتۆو هاوپه‌یمانى دژى داعش ئه‌وه‌یه‌ نایه‌وێت ئه‌و راستیه‌ وه‌كو خۆى ببینێت ، به‌و راده‌یه‌ى كه‌ په‌كه‌كه‌ له‌ لیستى تیرۆر ده‌ربكاته‌ ده‌ره‌وه‌ ، بۆ ئه‌مه‌ من ته‌نها هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر سیاسه‌تى ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌م .
ئه‌مه‌ریكیه‌كان زۆر باش ده‌زانن په‌یه‌ده‌ كێن ، چۆن دروست بوون ، چ جۆره‌ شه‌ڕكه‌رو جه‌نگاوه‌رێكى ئازان ، هه‌روه‌ها چه‌ند بڕوایان به‌ دیموكراتى و پێكه‌وه‌ ژیانى ئاشتیانه‌ى گه‌لان هه‌یه‌ له‌ به‌ر رۆشناى بیرو تێزه‌كانى عه‌بدوڵا ئۆچ ئالاندا ، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌ره‌ڕاى دۆستایه‌تى و هاوپه‌یمانه‌تى نێوان په‌یه‌ده‌و هێزى سه‌ربازى ئه‌مه‌ریكا ، كه‌چى نایانه‌وێت په‌كه‌كه‌ وه‌ك هێزێكى كاریگه‌ر له‌ ناوچه‌كه‌ بناسن ، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكا په‌كه‌كه‌ له‌ پێناوى ئازادى بیرو ڕاو ئازادى بوون و زماندا چه‌كى هه‌ڵگرتووه‌ ، نه‌ك بۆ تیرۆرو كارى تیرۆریستى ، ئه‌مه‌ریكیه‌كان له‌مه‌دا ئه‌وه‌نده‌ى ڕووپارماى بۆ توركیا ده‌كه‌ن ، ئه‌وه‌نده‌ نایانه‌وێت له‌ كورده‌كان نزیكبنه‌وه‌ ، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش به‌ زیان بۆ ئه‌مه‌ریكا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا ببێت یان نا كورد ناچاره‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ى خۆى هه‌ر بكات ، جا ئه‌وه‌ له‌ ته‌ك توركیاو سوریاو ئێران و عێراقدا بێت ، یان له‌ ته‌ك داعش و فه‌نده‌ مه‌نتالى ئیسلامیدا .
به‌رزو نزمى له‌ په‌یوه‌ندیه‌كانى رۆژئاواى كوردستان و ئه‌مه‌ریكادا ، هێشتنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیه‌كان له‌ چوارچێوه‌ى هاوكارى سه‌ربازیدا و ته‌نها له‌ دژى داعش ، لێگه‌ڕان له‌وه‌ى كورده‌كان ببنه‌ قوربانى وه‌ك ئه‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا له‌ عه‌فرین له‌ ته‌ماشاكه‌رێك زیاتر نه‌بوو خزمه‌ته‌ به‌ درێژه‌ دان به‌ مانه‌وه‌ى توندڕه‌وى له‌م ناوچه‌یه‌ ، هه‌ڵبه‌ت ده‌سه‌ڵاتدارانى ئاكه‌په‌ى توركیاش هۆیه‌كى گرنگى مانه‌وه‌ى توند ڕه‌وین ، لێره‌دایه‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ نێوان دۆستایه‌تى بو به‌رژه‌وه‌ندیدا ده‌كه‌وێته‌ دۆخێكى ناجۆره‌وه‌ ، هه‌ر بۆخۆى هێشتنه‌وه‌ى په‌كه‌كه‌ له‌ لیستى تیرۆردا لاى ئه‌مه‌ریكا واته‌ خزمه‌تكردن به‌ توندڕه‌وى له‌ ناوچه‌كه‌ .
قسه‌كردنى ئێمه‌ به‌م جۆره‌و به‌رده‌وام گرێدانى په‌یه‌ده‌و په‌كه‌كه‌به‌یه‌كه‌وه‌ له‌ لایه‌ك و توركیاو توندڕه‌وى له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ ، كه‌ پێده‌چێت ئه‌مه‌ریكا له‌ په‌یوه‌ندى گرتنى له‌ گه‌ڵ په‌یه‌ده‌دا پێویستى به‌ هه‌نگاوى زیاترو كاریگه‌ر تر بێت ،وه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌ په‌یوه‌ندیه‌كان بگه‌نه‌ ئاستێكى به‌رزترو ئه‌مه‌ریكا له‌ كۆشكى سپى و پنتاگۆن و ناوه‌نده‌ فه‌ڕمیه‌كاندا پێشوازى له‌ نوێنه‌رانى خۆر ئاواى كوردستان بكات و دۆسیه‌و فایلى تایبه‌ت به‌و پرسه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا ئاماده‌ بكرێت ، ناكرێت ئه‌مه‌ریكیه‌كان به‌م جۆره‌ى ئێستا سه‌یرى پرسى كورد له‌و پارچه‌یه‌ى كوردستان یان له‌ پارچه‌كانى دیكه‌ بكه‌ن ، پێویسته‌ بۆ ئه‌م پرسه‌ ئاماده‌كارى زیاتر بكه‌ن و هه‌ر به‌وه‌وه‌ نه‌وه‌ستێ كۆنگرێسمانێك یان ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نى پیران ، یان دیبلۆماتێك جار جاره‌ ناویان به‌رێت ، وه‌ك چۆن پێشتر به‌و جۆره‌ مامه‌ڵه‌ له‌ ته‌ك ئه‌و پرسه‌دا كراوه‌ ، ئه‌مه‌ریكیه‌كان بۆ بینینى وێنه‌ى راستى په‌یه‌ده‌و په‌كه‌كه‌و گه‌لى كوردو خواسته‌كانى پێویسته‌ خه‌ڵكانى شاره‌زاو بێلایه‌ن بنێرن بۆ ئاماده‌ كردنى راپۆرت له‌و چوار چێوه‌یه‌دا نه‌ك كه‌سانێك به‌ گوازتنه‌وه‌ ى وێنه‌كه‌ هه‌ستن كه‌ لاى ده‌سه‌ڵاتدارانى ناوچه‌ شتێك و لاى په‌یه‌ده‌و كورد شتێكى تر ده‌ڵێن ، یان ئه‌وه‌ى به‌و جۆره‌ مامه‌ڵه‌ له‌ ته‌ك پرسه‌كه‌دا بكه‌ن كه‌ به‌رژه‌وه‌ندى كاتى خۆیان له‌ كوێدایه‌ ، كوردو گه‌لانى دیكه‌ى خۆرئاواى كوردستان پێویسته‌ له‌وه‌ دڵنیا بكرێنه‌وه‌ ، كه‌ ناكرێت ئه‌وان بۆ هه‌میشه‌ قوربانى بن و پرسه‌كه‌یان به‌ هه‌ڵواسراوى بمێنێته‌وه‌ ، مامه‌ڵه‌كردنى ئه‌مه‌ریكا له‌ته‌ك ده‌سه‌ڵاتدارنى ناوچه‌كه‌ به‌و جۆره‌ى ئێستا خزمه‌ته‌ به‌ مانه‌وه‌ى سته‌مكارى و نادادى و كوشت و بڕو به‌رده‌وامى توند ڕه‌وى .
جێى نیگه‌رانیه‌كى قوڵه‌ هه‌ندێ جار ئه‌مه‌ریكاو ئه‌وروپا هیچ پێوه‌رێكیان نیه‌ بۆ چۆنێتى مامه‌ڵه‌ له‌ گه‌ڵ قوربانى ، بۆنمونه‌ خوێندنه‌وه‌ى خۆرئاواى كوردستان و په‌یه‌ده‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى ئه‌وه‌ى كه‌ دیرۆكى په‌یه‌ده‌ به‌ستراوه‌ به‌ په‌كه‌كه‌وه‌ بانه‌ئه‌وان ئه‌وه‌ بڵێن ، نه‌په‌كه‌كه‌ش ، به‌ڵام ئه‌و په‌روه‌رده‌یه‌ ،چۆنێتى شه‌ڕى سته‌مكارى ، ئه‌و بیرو باوه‌ڕه‌ له‌وه‌ زیاتر ناسه‌لمێنێت ، ئه‌وه‌ش نه‌كێماسیه‌و نه‌خراپى ، راسته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ ئه‌مه‌ریكا پێش ئه‌وه‌ى خۆرئاواى كوردستان به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستا یان به‌ جۆرێكى تر به‌ جێبهێڵێت ، چاره‌سه‌رى كێشه‌ى كورد بكات له‌ توركیا واته‌ له‌ باكورى كوردستان ، چاره‌سه‌رى كێشه‌ى كورد له‌ باكورى كوردستان به‌ ئاشتى ، واته‌ تێگه‌یشتن له‌ ناوه‌ڕۆكى كێشه‌كه‌ ، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌ بێت ئه‌مه‌ریكا زیاتر كار له‌ سه‌ر گۆڕینى سیاسه‌تى توركیا بكات ، نه‌ك دژایه‌تى كردنى په‌كه‌كه‌ ، یان هه‌وڵدانى ئه‌وه‌ى كه‌ په‌كه‌كه‌ و په‌یه‌ده‌ له‌ یه‌كتر جیا بكرێنه‌وه‌ ،به‌ باوه‌ڕى من ناسینه‌كه‌ بۆ توركیا وه‌ك دوژمنێكى سه‌ر سه‌ختى كورد راستتره‌ تا ئه‌و سیاسه‌ته‌ى ئه‌مه‌ریكا ، ئه‌مه‌ریكیه‌كان پێیان وایه‌ په‌كه‌كه‌و په‌یه‌ده‌ جیاواز له‌ یه‌ك سه‌یر بكرێن ، ئه‌مه‌ش تێنه‌گه‌یشتنه‌ له‌ كێشه‌ى كورد .
ئه‌گه‌ر چى كێشه‌ى قوڵ له‌ نێوان هه‌موو حزبه‌ كوردیه‌كانیشدا هه‌بێت ، به‌ڵام كوردبوون و كوردستانى بوون كۆیانده‌كاته‌وه‌ ، ئه‌مه‌ریكیه‌كان خۆیان به‌ شه‌ڕى ناوخۆدا تێپه‌ڕیوون ، هه‌ڵبه‌ت قوربانى زۆریشیان له‌و شه‌ڕه‌دا داوه‌ ، بۆیه‌ ناكرێ بیانوو بۆ جیاوازى نێوان پارته‌ كوردیه‌كان ، جا پارته‌ نزیكه‌كانى یه‌كتر ، یان ناكۆكه‌كان بێننه‌وه‌ ، بۆ ئه‌مه‌ریكا دۆستایه‌تى كردن له‌ گه‌ڵ كورد جگه‌ له‌ ڕووه‌ سیاسیه‌كه‌ى ، له‌ ڕووى ئابوریشه‌وه‌ زۆر گرنگتره‌ له‌ دۆستایه‌تى له‌ گه‌ڵ توركیا ، یان ئێران و عێراق ، كوردستان ئه‌گه‌ر ببێته‌ ده‌وڵه‌ت جگه‌ له‌وه‌ى ده‌كرێ بازاڕێكى زۆر باش بێت بۆ ئه‌مه‌ریكا ، هه‌روه‌ها خاوه‌نى سامانێكى زۆرو زه‌وه‌ندى نه‌وت و گازه‌ كه‌ ساڵه‌هایه‌ نه‌یاره‌كانى كوردده‌یبه‌ن و خێرو بێره‌كه‌شى بۆ سته‌مكارى و نادادى خه‌رجده‌كرێت ، كوردستانى رۆژئاوا پێگه‌یه‌كى گرنگى ئابوریه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌مه‌ریكا ئه‌مه‌ش له‌ به‌رچاو بگرێت و به‌ وردى خوێندنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ بكات كه‌ ئه‌و گه‌ره‌كێتى چى بكات .
له‌ جیاوازى كورده‌كان بگه‌ڕێ و دۆستایه‌تیان بكه‌ ، جیاوازیه‌كان خۆیان چاره‌سه‌ر ده‌بن ، تره‌مپ یان هه‌ر سه‌رۆكێكى تر ده‌بێت ئاوا سه‌یرى پرسه‌كه‌ بكات ، دواى ده‌ساڵ یان بیست ساڵى تر په‌شیمان بوونه‌وه‌ هیچ سودێكى نابێت ، كیسنجه‌ریش له‌ یاداشته‌كانیدا جۆرێك له‌ په‌شیمان بونه‌وه‌ هه‌یه‌ ده‌رباره‌ى ئه‌و ناهه‌قیه‌ى له‌ كورده‌كانى باشور كرا ، لێ دواى چى ؟.

ئه‌وه‌ى له‌ سه‌ر خۆرئاواى كوردستان بووه‌ بۆ دۆستایه‌تى كردویه‌تى :
خۆرئاواى كوردستان بۆ دۆستایه‌تى ئه‌مه‌ریكاو وڵاتانى دیكه‌ بۆ نمونه‌ فه‌ڕه‌نسا هیچ درێغى نه‌كردووه‌ ، هه‌وڵى داوه‌ وێنه‌یه‌كى جیاواز له‌وه‌ى هه‌یه‌ نیشانبدات ، شه‌ڕى توندڕه‌وى كردووه‌و قوربانى گه‌وره‌ى داوه‌ له‌و پێناوه‌دا ، هه‌وڵى ئه‌وه‌ى داوه‌ سیستمێكى دیموكرات و لێبورده‌وپێكه‌وه‌یى دروست بكات ، له‌ چوارچێوه‌ى كانتۆنه‌كاندا هیچ پێكهاته‌یه‌كى فه‌رامۆش نه‌كردووه‌ ، مه‌گه‌ر لایه‌ن یان حزبگه‌لێك له‌ ده‌ره‌وه‌ى پێكه‌وه‌یدا خزمه‌تى به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى وڵاتانى ناوچه‌كه‌یان كردبێت ، وه‌ك ئێران و توركیا ، ئه‌وه‌ى له‌ سه‌ر رۆژئاواى كوردستان بووه‌ ، به‌ زیاده‌وه‌ كردویه‌تى ، شاهیده‌كان و ئه‌وانه‌ى سه‌ردانى رۆژئاواى كوردستانیشیان كردووه‌ ، ئه‌و راستیانه‌ زۆر باش ده‌زانن ، كه‌واته‌ ئه‌وه‌ لایه‌نى تره‌ به‌ ئه‌ركى خۆى هه‌ڵنه‌ساوه‌ .

شه‌ڕوانه‌كانى رۆژئاواى كوردستان ده‌سته‌و یه‌خه‌ شه‌ڕى داعشیان كردووه‌ ، چاویان له‌ ئاینده‌ى باشتر بووه‌ ، به‌ موو سه‌رپێچى هه‌نگاوه‌كانى هاوپه‌یمانى دژى داعشیان نه‌كردووه‌و ، له‌ سه‌ر زه‌وى ئه‌وان هۆكارى سه‌ركه‌وتنى شه‌ڕه‌كان بوونه‌ ، شه‌ڕى خوێناوى كۆبانى زندووترین شاهیده‌ ، شه‌ڕى 73رۆژه‌ى مه‌نبه‌ج ، شه‌ڕى ره‌قه‌ ، هه‌موو ئه‌وشه‌ڕانه‌ى ئه‌وان كردویانه‌ ، چاكه‌ى ئه‌مه‌ به‌ په‌لامارى توركیاو ناتۆ بۆ سه‌ر عه‌فرین درایه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ى له‌ عه‌فرین ڕوویدا له‌ سه‌ر ده‌ستى توركیاو چه‌ته‌كانى به‌ ماناى وشه‌ جینۆساید بوو ، هه‌ڵبه‌ت سه‌ره‌تایه‌كیش بوو بۆ ئه‌وه‌ى توركیا ترسى له‌ كاردانه‌وه‌ى ئه‌وانى تر بشكێت .
خۆر ئاواى كوردستان مه‌به‌ستى بووه‌ سه‌رنجى ئه‌مه‌ریكاو هاوپه‌یمانان به‌لاى هه‌نگاوه‌كانى خۆیدا رابكێشێت ، ئه‌مه‌ش به‌ ئامانجى ئه‌وه‌ى ئه‌وه‌ نیشانبدات كه‌ ئه‌وان شه‌ڕى ماف و بون و ئازادى ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ ئازاد و ئارام بژین ، ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ى داگیركاریه‌كانى توركیاو په‌لاماره‌كانى داعشه‌ ، ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدا توركیا له‌ لایه‌كه‌وه‌ هاوكارى چه‌ته‌ توندڕه‌وه‌كانى خۆى ده‌كات و په‌یوه‌ندى ژێر به‌ ژێرى له‌ ته‌ك داعشا هه‌بووه‌ و به‌ یه‌كه‌وه‌ به‌ داعش و په‌یه‌ده‌ى ده‌ڵێ تیرۆریست .

بۆ ئه‌مه‌ریكاو هاوپه‌یمانه‌كانى شه‌رمێكى گه‌وره‌یه‌ وه‌ڵامى ئه‌ تۆمه‌تانه‌یان پێنه‌بێت ، یان بێده‌نگى لێبكه‌ن ، وه‌ك ئه‌وه‌ى به‌رده‌وام ئه‌وه‌یان كردووه‌ .

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP