ژن و کورسی و کەسایەتی

ڤیان مه‌جید فه‌ره‌ج - 2-08-2018 - 1760 جار خوێندراوەتەوە


كادری ژنی حزبه‌كان له‌ هه‌رێم به‌ پشتیوانی قسه‌ی سه‌ركرده‌و كه‌سانی هه‌ره‌ باڵای ناو حزبه‌كانیان ره‌نگه‌ ببنه‌ كه‌سایه‌تی، به‌ڵام نابنه‌ سیاسی.

مام جه‌لال به‌هه‌مو ته‌مه‌نی داكۆكی له‌ ژن ده‌كردو ده‌یان ژن له‌رێگای هه‌ل و ده‌رفه‌ته‌كانی ئه‌وه‌وه‌ بونه‌ پارله‌مانتارو وه‌زیرو سه‌ركردایه‌تی له‌ناو یه‌كێتی، تا ماوه‌یه‌كی كورتیش پێش ئێستا هه‌ردو فراكشنی پارله‌مانی یه‌كێتی له‌ پارله‌مانه‌كانی به‌غداو هه‌ولێر ژن ده‌یبردن به‌رێوه‌و ئێستاشی پێوه‌بێت ژناناێكی زۆر له‌ناو یه‌كێپی سه‌رۆكی لیستو سكرتێری پارله‌مانو سه‌ركردایه‌تی ومه‌كته‌ب سیاسین، كه‌چی ژن كائینێكی مردوی بێكه‌سه‌ له‌ناو یه‌كێتیدا.

كاك نه‌وشیروان له‌به‌رامبه‌ردا هه‌مو ته‌مه‌نی رقی له‌ كه‌سایه‌تی نه‌شمیله‌یی ژن بوه‌، نزیكایه‌تی ژنی قبوڵ نه‌بوه‌و له‌هه‌ندێ باردا به‌ موسیبه‌ت و نیچه‌ ئاسا سه‌رلێشێوێنه‌ری پیاوی سیاسی ته‌ماشای ژنی كردوه‌، له‌كه‌سه‌ یه‌كه‌مه‌كان بوه‌ پێشمه‌رگایه‌تی ژنی ره‌تكردۆته‌وه‌ له‌ شاخو پێی باش نه‌بوه‌ ژن بێ نێرینه‌یه‌كی خێزانه‌كه‌ی ده‌رفه‌تی بونه‌ پێشمه‌رگه‌ی پێ بدرێ.

بۆخۆم زۆر ورد له‌وباسه‌دا دیراسه‌ی نوسینه‌كانیم كردوه‌ گه‌رچی له‌ هه‌ندێ جێگه‌دا ده‌ڵێ وایان پێوتوم و وانیم، به‌ڵام ئه‌مه‌ راستیه‌كه‌یه‌، هاوشێوه‌ی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان ژنی ره‌تكردۆته‌وه‌ وه‌ك كه‌سایه‌تی ژنبون، ژنی له‌ ته‌نوره‌و مكیاژ و بۆندا ته‌حه‌مول نه‌كردوه‌. به‌ڵام عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان له‌وه‌دا له‌ نه‌وشیروان مسته‌فا جیا بوه‌ كه‌ ژنی به‌ چه‌كدار قبوڵبوه‌ و یاخی بوه‌ له‌ ره‌وتی باوی حزبه‌كانی باشور و كۆمه‌لگه‌ی كوردی. له‌كۆتایشدا ده‌بینین ئه‌م سه‌ركرده‌یه‌ كادری سیاسی و عه‌سكه‌ری ژنی باشتری له‌وه‌ی مام جه‌لال پێ په‌روه‌رده‌ كراوه‌، كاك نه‌وشیروانیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌رگایه‌كی فراوانی به‌ڕوی ژناندا كرده‌وه‌ و به‌تایبه‌ت له‌ خاوه‌ندارێتی كردن له‌و نه‌وه‌ نوێیه‌ی ژنان كه‌ ئیمتیازی خوێنیان نه‌بو، هه‌روه‌ك به‌ خه‌باتی خێزانه‌كانیانه‌وه‌ نه‌ده‌نازین. به‌ڵام ئه‌وه‌یئه‌مین و ئۆجه‌لان  ته‌با ده‌كا ئه‌وه‌یه‌ هه‌ردوكیان تێگه‌یشتون له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا ده‌بێ ژنان له‌ عه‌قڵیه‌تی پیاوه‌كان كه‌به‌رده‌وام به‌نێوان رانیان ده‌یانبینن، به‌دوربگیرێن، تا ببنه‌ كه‌سایه‌تی. به‌ڵام یه‌كه‌میان هه‌وڵی داوه‌ ژن دوره‌په‌رێز بگرێ تا خۆراگر ده‌بێ، واتا كه‌مته‌رخه‌می پیاوسالار به‌كه‌سایه‌تی ژن خۆی رشتوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌هه‌مو كه‌س زیاتر خودی خۆی له‌عه‌قڵیه‌تی پیاوه‌ هاوسه‌نگه‌ره‌كانی تێگه‌یشتوه‌، دوه‌میان ، واتا ئۆجه‌لان،ژنی داوه‌ته‌ ده‌م قورساییه‌كان تا خۆراگر ده‌بێ، و به‌خاتری ئه‌مه‌ وزه‌ نێریه‌نه‌ییه‌كه‌ی پیاوه‌كانیشی ته‌زاندوه‌ كه‌ به‌ بڕوای من تا راده‌یه‌ك، ئه‌گه‌ر چی له‌گه‌ڵ پێوه‌ری دیمۆكراسی و مافی مرۆڤدا یه‌كناگرێته‌وه‌، به‌ڵام عه‌داله‌تی زیاتر تیایه‌و ئه‌نجامه‌كه‌شی سه‌نگینتره‌.

پێم وایه‌ له‌ده‌ره‌ه‌ی ئه‌م عه‌قڵیه‌تی خێڵه‌كی خه‌ساندنه‌ هیچ ده‌وایه‌ به‌ده‌ردی ژنی باشوری نایه‌ت به‌ڵام گرفته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێ عه‌قڵیه‌تێكی ئه‌ڵته‌رنه‌تیڤ له‌دایك بێ جا له‌ناو خودی ئه‌م حزبه‌ كۆنانه‌دا یان له‌ده‌ره‌وه‌یان كه‌ عه‌قڵی نێرایه‌تی بخه‌سێنێ و له‌گه‌ڵیشیدا بتوانێ هه‌زمی ژن به‌ته‌نوره‌و بۆنه‌وه‌ بكا تا بتوانێ نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كی دیمۆكرات بكا. تا تێ بگا ریشتاشین و قاتله‌به‌ركردنی پیاوان هاوشێوه‌ی ته‌نوره‌و بۆنله‌خۆدان و قژ به‌ردانه‌وه‌ی ژنانه‌ و ده‌بێ پێوه‌رێك هه‌بێ بۆ خۆكۆنترۆلكردنی تاك له‌ ئاست ئه‌م جۆره‌ به‌ریه‌كه‌وتنه‌ جێنده‌ریه‌دا. چونكه‌ كۆتكردنی تاك به‌ كۆمه‌ڵێك پێوه‌ری كه‌سی نایه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ پێوه‌ره‌كانی دیمۆكراسیدا، وه‌كچۆن به‌خشینی پۆست به‌ ژن له‌سه‌ركردایه‌تی و پارله‌مانه‌كاندا مانای بڕوابون به‌ ژن و كه‌سایه‌تی ژن ناگه‌یه‌نێ!  بیرمان نه‌چێت، له‌گه‌ڵ زیادبونی ژماره‌ی لیسته‌كان و حزبه‌ كێبه‌ركێكاره‌كاندا ره‌وتێكی پۆپولیستی سه‌راپای لیسته‌كانی گرتوه‌و له‌ناویشیدا ژنان به‌ پله‌یه‌كی باڵاتر وه‌ك كاڵایه‌كی جوانكاری بۆ لیسته‌كان به‌كاردێن. ئه‌م كاڵایه‌ی كه‌ عومقێكی سیاسی روكه‌شی هه‌یه‌و  له‌رێگه‌ی كورسیه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌سایه‌تی بۆ داده‌تاشرێ، نه‌ك ناتوانێ نوێنه‌رایه‌تیه‌كی راسته‌قینه‌ی لیسته‌كه‌ی و ره‌گه‌زه‌كه‌ی بكا، به‌ڵكو له‌ سروشتدا ته‌نها ئیزافه‌یه‌كه‌ بۆ سه‌ر كۆی پرۆسه‌ی به‌ كاڵا كردنی كورسیو پێگه‌ فه‌رمیه‌كان. چونكه‌ ه‌و كورسی و پێگه‌ فه‌رمیانه‌ شایسته‌ییان له‌ كۆمه‌ڵێ دسپین و پرۆفیشناڵیتیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ده‌گرن كه‌ به‌داخه‌وه‌ ژنان و پیاوانی ئه‌م یه‌ك دو خوله‌ی دواینی هه‌ڵبژاردنه‌كان هیچ به‌هاو پێوه‌رێكی پێوه‌ نه‌هێشتن تا له‌رێگه‌یانه‌وه‌ ژن و كورسی و كه‌سایه‌تی پێ بێورێ.

تێبینی لێره‌ ته‌نوره‌و بۆن، واتای ئازادی تاكه‌كه‌س دێ زیاتر له‌وه‌ی ته‌فسیری ئیدۆلۆجیای به‌رته‌سكی بۆبكرێ.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP