شاسوار عەبدولواحید، ڕابەری ئۆپۆزسیۆنێکی ساختە

دانەر ڕەشید - 31-07-2018 - 19447 جار خوێندراوەتەوە


کوردی باشور لەماوەی ٢٧ ساڵی ڕابردوودا، دەست و پەنجەی لەگەڵ شتگەلێکی تەمام ساختەدا نەرمکردووە، سیاسەتمەداری ساختە، مەلای ساختە، دەنگی ساختە، برنجی ساختە، دواین جاریش دروستبوونی "ئۆپۆزسیۆنێکی ساختە" لەلایەن کەسانێکی ساختەوە. کێشەی ساختە و ساختەچیان ئەوەیە دەتوانن بۆ ماوەیەکی کورت ژمارەیەکی کەم لە خەڵکی بە ساختەکاریەکانیان فریوبدەن، بەڵام هەرگیز ناتوانن بە جادوەکانیان بۆ ماوەیەکی درێژ چاوبەست لە تەواوی کۆمەڵگا بکەن.

شاسوار عەبدولواحید لە ئیستادا لەژێر ناوی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕابەرایەتی ئەم ئۆپۆزسیۆنە ساختەیە دەکات کە لەلایەن یەکێتی و پارتیەوە قوڕمیش دەکرێت. خەسڵەتی سەرەکی شاسوار و جوڵانەوەکەی بریتیە لە "هەڵتۆقین"، وەک ئاشکرایە هەموو هەڵتۆقینێکیش ناسروشتیە، هەموو شتێکی ناسروشتیش پاڵنەرێکی دەرەکی لە پشتە. شاسوار تەواوی مێژوی ژیانی ساختەیە و جێگەی پرسیارە، بازدانی لە کەبابچیەکەوە بۆ بازرگانێکی ملیۆنێر،  لە بازرگانێکی ملیۆنێری پشکخۆرەوە بۆ سیاسیەکی ساختە. پاشان بانگەشەی شاسوار و جوڵانەوەکەی بەوەی تەنها خۆی نەیار و ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیە، بەڵگەیەکی حاشا نەویستە کە ئەم هێزە ساختەیە تەنها و تەنها بۆ سڕینەوەی هێزەکانی دیکە هاتوەتە مەیدان. 

لە ماوەی ۲۷ ساڵی ڕابردوو یەکێتی و پارتی بە شەڕی براکوژی و برابەشکردنی پۆست و تاڵانکردنی داهات و فرۆشتنی خاکی کوردستانەوە نەوەستان، ئێستا هاتون دەیانەوێت بە دروستکردنی ئۆپۆزسیۆنێکی ساختە پێگەی سیاسی هێزە ئۆپۆزسیۆنە ڕاستەقینەکان لە هەرێمی کوردستان بێ ئەرزش بکەن. ئامانجی سەرەکی یەکێتی و پارتی لە دروستکردنی ئەم ئۆپۆزسیۆنە ساختەیە لاوازکردنی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانە و بێبەها کردنی هەوڵەکانیانە بۆ چەسپاندنی بنەماکانی دادپەروەری و ڕزگارکردنی هەرێم لە دەردی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات. 

ئێوە تەماشای شاسوار عەبدولواحید و جوڵانەوەکەی بکەن ئەوەندەی فۆکەسیان لەسەر پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی وەک گۆڕان و کۆمەڵ و هاوپەیمانیە، ئەوەندە باس لە فەرهود و قاچاغچێتی داهاتی هەرێم ناکەن لەلایەن یەکێتی و پارتیەوە.  یەکیتی و پارتیش لە میدیاکانیانەوە وای نیشاندەدەن کە تەنها نەیار و ڕکابەریان شاسوارە و ئەوەندەی مامەڵەی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ شاسوار دەکەن ئەوەندە بایەخ بە هێزەکانی تر نایەن. خولاسەی کەلام دوو حیزبی دەسەڵات دەیانەوێت ئەم هێزە ساختەکارە بکەنە قەزیە و بە ئەمری واقیع وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن بیسەپێنن بەسەر خەڵکی کوردستان. ئەگەرنا هەموو خەڵکی کوردستان دەزانێت، شاسوار لەناو کارمەندەکانی چاڤیلاند و ئین ئاڕتی کە خۆی خاوەنداریان دەکات هەڵبژاردن بکات، دەرناچێت، چجای ببێتە هێزی دووەم و سێیەم لە هەرێم.

خەڵکینە سەیرکەن ئەمانە هەموی رێکەوتن؟ نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە هەولێر دوو کورسی و لە سلێمانی دوو کورسی بۆ دانراوە. هەفتەی ڕابردوو لە هەولێر تەقە لە بارەگای نەوەی نوێ دەکرێت، بۆ بەیانیش لە سلێمانی هەمان ڕووداو دوبارە دەبێتەوە. شاسوار لەڕێی ئێن ئاڕتیەوە (کە بە حساب فرۆشتویەتی) لە ماوەی سێ ڕۆژدا هێرش دەکاتە سەر بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری .جارێک هەڵسوڕاوەکانی گۆڕان تۆمەتبار دەکات بە نەدانی کرێی مۆلیدە، لە کاتێکدا خۆی قەرزاری ١٠هەزار خاوەن پشکی چاڤیلاندە و هەموو پڕۆژەکانی گوندی ئەڵمانی و نالی سیتی بە سەقەتی و بێ خزمەتگوازری تەواوکردووە. جارێکی دیکەش هێرش دەکاتە سەر هاوپەیمانی و گومان دەخاتە نێودڵی هەوادارەکانیەوە کە د.بەرهەم ساڵح دەگەڕێتەوە ناو یەکێتی.

ئەوەی مایەی دڵخۆشیە جادوەکەی شاسوار زوو بەتاڵبوەوە و خەڵک باش لە ساختەیی خۆی و دارودەستەکەی تێگەیشتن خەڵک باش دەزانێت کەسێکی پارەی پشکی هاوڵاتیان بخوات، ناتوانێت ببێتە نوێنەری خەڵک و شەڕی مافەکانی خەڵک بکات. خەڵک باش دەزانێت کەژاوەکانی نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو جگە لە مناڵی خوار ١٨ ساڵ کەسی بەدەورەوە نەبوو، خێرە چوار کورسی پەرلەمانی هێنا؟ خێرە شاسوار لە گەرمەی خۆپیشاندانەکانی زستانی ئەمساڵ نێردرا بۆ لەندەن و وەک ئەوەی خومەینی بگەڕێتەوە بەسیناریۆیەک گەڕایەوە بۆ کوردستان و دواتر دەستگیرکراو پاشان موعەزەز موکەڕەم بە جلی ئوتوکراوەوە ئازادکرا؟ خێرەبێت ئیشەڵا چونکە "شکور هۆشیارە خەڵکی کوردستان، تێدەگات شاسوار ساختەکارە".

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP