هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

بە دامەزراوەیی کارکردن لە حیزب و حوکمڕانیدا

چیا ئیسماعیل عوسمان - 24-07-2018 - 3223 جار خوێندراوەتەوە

کاری دامەزراوەیی بریتیە لە کۆبونەوەی کۆمەڵێک کەس بەشێوەیەکی ئارەزومەندانەو ڕێکخراو، ئامانجی بەرز کردنەوەی ئاستی توانایی ئەنجامدانی کارو باشتر کردنیەتی، لە پێناو بەدیهێنانی کۆمەڵێک ئامانج، کە گرنگترینیان دابەش کردنی ئەرک و ڕۆڵ بەسەر کەسەکان و تیمەکاندا، هەروەها تیمی کار دروست دەکات لەسەر بنەمای پسپۆڕی.

گرنگی کاری دامەزراوەیی لەوەدایە کاری بەکۆمەڵ و دەستەجەمعی دێنێتە کایەوە، کە بە باشترین و بەرهەمدارترین کار ئەژمار دەکرێت، لەبەرئەوەی ڕۆڵەکان بە جۆرێک دابەشکراو و ڕێکخراون کە تەواوکاری یەکترن، هەروەها گەرەنتی بەردەوامی بە کار کردن دەدات و زۆرترین بەرژەوەندی گشتی دەستەبەر دەکات. هەروەها ئاڵۆزی و فەوزا لە کاردا ناهێڵێت، وە دۆخێکی هارمۆنی و زوو بەدەستەوەدانی ئەنجام دێتە دی، بەهۆی کەمی بەفیڕۆ چونی کات و سامان و هەوڵەکان.

کاری دامەزراوەیی پەیوەستە بە بەها باڵاو گرنگەکان لە ژینگەی کاردا، وەک شەفافیەت و دەستپاکی و ئەمانەتداری، هەنگاوی ڕون و دامەزراو دەنێت بەرەو بەدیهێنانی ئامانجەکان، وە هەوڵ دەدات سود ببینرێت لە سەرجەم توانا مرۆیی و مادیەکان کە بەردەستن.

بە گرنگی دەزانین پەیوەندی ڕاستەوانەی نێوان بە دامەزراوەیی کردن و حوکمی ڕەشید بخەینە ڕوو، سەرەتا پێویستە بوترێت کە دامەزراندنی هەرسیستمێکی سیاسی و کارگێڕی باش، کە خۆی دەبینێتەوە لە بونی هەڵبژاردنێکی ڕاستەقینە، وە جیاکاری نێوان دەسەڵاتەکان و بەشداری چالاکانەی هاوڵاتیان لە بەڕێوەبردنی کاروباریان وە بونی بنەمای شەفافیەت و لێپرسینەوەو ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی لەبەردەم یاساو ڕێزگرتن لە دەستور وە چاکسازی لە دام و دەزگای ئیداری ... هتد، کە حکومەتێک بتوانێت ئەم پرنسیپانە بهێنێتە دی پێویستیەکی زۆری بە دامەزراوەیی بونە .

هەروەها هەوڵدان بۆ بەکارهێنانی بەهای دامەزراوەیی لە بوارەکانی تردا لە ژینگەی سیاسی، کە دەبێتە تەواوکاری دەوڵەت بۆ هێنانە کایەی سیستمێکی سیاسی دامەزراوەیی کە ڕێخۆشکەر بێت بۆ بەرجەستە بونی حوکمی ڕەشید. ئەم بوارانەش حیزبە سیاسیەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی و کەرتی تایبەتن.

لە گرنگترین ئەو چاکسازیانەی پێویستە بکرێت لە دامەزراوەی حوکمڕانی بریتیە لە چاکسازی ئیداری، چونکە دەزگای ئیداری بەشی سەرەکی دەسەڵاتە لە کۆمەڵگەدا و سەرپەرشتی جێبەجێ کردنی سیاساتی حکومەت دەکات لە بوارە جیاوازەکاندا، هە ربۆیە پێویستە دەزگای ئیداری بنیات بنرێت لەسەر بنەمایەکی بابەتیانەو ڕاست و دروست، چونکە دەزگای ئیداری دەوڵەت هۆکاری بەهێزی توانای حکومەتەو هەر ئەویش کاتێک لاواز بێت هۆکاری لاوازی ئەدای حکومەتە.

لێرەوە دامەزراوەیی ئەم دەزگا هەستیارە (دەزگای ئیداری)، دەرگایەکە بۆ بە دامەزراوەیی بونی کۆی سیستمی حوکمڕانی لە وڵاتدا.

بۆ ئەوەی بتوانرێت بە دامەزراوەیی بون بکرێتە کلتورێکی بەر بڵاوی ناو کۆمەڵگەو بەرەو چەسپاندنی لە کایەی حکومڕانی وڵاتدا، سەرەتا پێویستە بە دامەزراوەیی بون لە نێو حیزبە سیاسیەکانەوە دەست پێ بکرێت کە بەشێکی سەرەکین لە سیستمی سیاسی و حوکمڕانی وڵات.

لەبەرئەوەی حیزبی سیاسی ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە دیاری کردنی داهاتوی وڵات، وە گوزارشت لە بۆچونەکان دەکات لە کۆمەڵگاداو هۆکاری گەشە کردنی سیاسەت و کەناڵی بەشداری هاوڵاتیان لە حوکمڕانیدا فەراهەم دەکات، وە دەبێتە نێوەند لە نێوان دەسەڵات و هاوڵاتیدا. وە لە هەڵبژاردنەکاندا کاندید پێشکەشی دەنگدەر دەکات، وە سەرکردە بەرهەم دەهێنێت.

گرنگی بە دامەزراوەیی کار کردن لە نێو حیزبی سیاسیدا لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە بونی یان نەبونی ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی دەبێت لە ئەداو کاریگەری ئەو حیزبە لە کۆمەڵگەداو پاشان کاریگەری لە کۆی سیستمی سیاسی بە تایبەت کاتێک دەگاتە دەسەڵات.

لە وڵاتانی دنیای سێ، یەکە سیاسی و کارگێڕیەکان زۆر کەم بە ڕۆحی دامەزراوەیی بون کار دەکەن، بە هۆی نەبونی ئیرادەی تاکەکانی خاوەن دەسەڵاتی ناو ئەو یەکانە، کە ئەمەش لە دواجاردا بە سەلبی دەشکێتەوە بەسەر سەرجەم کایەکانی ژیانی ئەو دەوڵەتانەو وە هۆکاری گەشە نەکردن و پیادە نەکردنی دیموکراسیەکی بەرهەمدارە.

نا ڕونی و ئاڵۆزی لە کاری سیاسی کە کۆمەڵگەی وڵاتانی گەشەسەندوی پێ دەناسرێت بە شێوەیەکی گشتی، کە هەندێک جار لە ڕێگەی ئاڵۆزی لە بینای پەیکەری حیزب و نەبونی ویستی کەسی دەسەڵاتداری ناو حیزبەکان بۆ دابەزاندنی دەسەڵات و بە دامەزراوەیی کار و بڕیارەکان.

بۆ ئەوەی کایەی حیزبایەتی بەرەو بە دامەزراوەیی بون بەرین، پێویستە حیزب ڕەچاوی کۆمەڵێک پرنسیپ بکات کە هۆکاری سەرەکی بە دامەزراوەیی بون و مومارەسەی دیموکراسین لە ناو دەزگاو ئۆرگانەکانیدا، لەوانەش:

- پابەند بونی تەواوی حیزب بە پەیڕەوی ناوخۆ ، بە تایبەت لە بڕگە سەرەکیەکانی ماوەی بەرپرسیارێتی و بەستنی کۆنگرە بە مەبەستی بەردەوام نوێ بونەوە.
- پابەند بونی حیزب بە بەها دیموکراسیەکان و ڕێز گرتن لە ڕای جیاواز و فراوان کردنی بنکەی بەشداری کردنی ئەندامان لە دروستکردنی بڕیارە گرنگ و ستراتیجیەکاندا.
- پابەند بون بە بنەمای لێپرسینەوەو پاداشت کردن لە بەرامبەر کەمتەرخەمی و چالاک بونی ئەندامان لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا.
- دابەشکردنی پۆست و بەرپرسیاێتیەکان لەسەر بنەمای پسپۆڕی و کارایی و ئەزمون، واتە کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو.

بۆ ئەوەی بزانین کە حیزبێک یان هەر یەکەیەکی سیاسی تا چەندێک پابەند بوە بە دامەزراوەیی بون و مومارەسەی دیموکراسی لە ناو دەزگاکانیدا چەند پێوەرێک هەیە، لەوانەش، هێزی ڕێکخستنی نێو خۆیی حیزب و بەردەوامی و ئامادەیی بزاوتی سیاسی چالاک و توانای کاریگەر بون لە مەیدانی سیاسیدا، وە تێپەڕاندنی قەیران و ململانێ نێو خۆیی یەکان ، وە پێشکەش کردنی چارەسەر و بژاردەی جیاواز سەبارەت بە ڕوداو و پێشهاتەکان، هەروەها پاراستنی مەرجەکانی پابەند بون بە پێوەرە دیموکراسی و بنەماکانی شەفافیەت لە نێو خۆی خۆیدا، لە هەڵبژاردنە نێوخۆیی یەکان و چۆنیەتی دروست کردنی بڕیار دەگرێتەوە.

لە هەمان کاتدا چەند دەرئەنجامێک هەن کە ئاماژەن بۆ چەندێتی پابەند بونی حیزب بەو پێوەرانەی کە باس کران کە ئەوانیش خۆیان دەبیننەوە لە :
تۆکمەیی پەیکەری ناوخۆی حیزب لە ڕوی بونی کادری چالاک و ئامادە کراو.
بونی شەفافیەت لە سەرچاوەی داهات و چۆنیەتی خەرجی.
بونی بەرنامەی ڕاهێنان و پێگەیاندنی سەرکردەو ئامادە کردنی کادری بەتوانا.
بونی سەنتەری توێژینەوەو فراوانی تۆڕی پەیوەندیەکانی.
بە خێرایی دۆزینەوەی ڕێگە چارە بۆ قەیران و کێشە نێوخۆیی یەکان، بە بێ ئەوەی ڕێگە بە گەورە بون لەدەست دەرچونی بدات.
بەردەوام ئامادە بونی حیزب بە پرۆژەوە بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی ئەندامان و جەماوەرەکەی.

ئەمانەش هەموی لە ڕێگەی میکانیزمی بڕیاردانی دروست کە دەبێتە هۆی پتەوی و یەکانگیری حیزب.

بە سەرنج دانێک لە حیزبەکانی کوردستان دەبینین لە زۆربەیاندا ڕەچاوی پەیڕەوی ناخۆ ناکرێت، وە زۆر کەم نەبێت دەستاو دەستی دەسەڵات ناکرێت و سەرکردەکانیان مەودایەکی درێژ لە پۆستەکانیاندا دەمێننەوەو زۆربەی جار بە مردن نەبێت واز ناهێنن، وە بونی ململانێ ی توند و باڵ باڵێن و قۆرخ کردنی بڕیاری حیزب لەلایەن کەسێک یان چەند کەسێکی دیاری کراوەوە، وە لاوازی لە ڕێگاکانی پێشوازی لە ئەندامان و غەم ساردی بەرامبەر متمانەی جەماوەرەکانیان، وە نەبونی ویست و پلان بۆ ئامادە کردنی سەرکردەی نوێ و بەتوانا.

لێرەوە بە گرنگی دەزانم کە هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری کە بزوتنەوەیەکی سیاسی نوێ یە لە کوردستاندا و خاوەنی سامانێکی مرۆیی نەوعی و چالاکە و تێدەکۆشێت بۆ بەدیهێنانی دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، وە گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی بەرەو حکومی ڕەشید، ئەم بزوتنەوەیە بەو پێیەی خاوەنی دیدگا و پرۆژەیەکی نیشتمانی ناوازەیە، توانیویەتی سنورەکانی ئایدیا و ڕەگەزو ناوچەو ئاین تێپەڕێنێت، دەیەوێت بازدانێکی جۆرایەتی بدات بە پرۆسەی حیزبایەتی و کاری سیاسی لە کوردستاندا ئەوەش بە کار کردنی بە دامەزراوەیی لە نێو خودی خۆیدا و نوێگەری بهێنێتە کایەوە لە پەیڕەوی ناوخۆو پەیکەری ڕێکخراوەیی و پابەند بونێکی تەواو بە کاری دامەزراوەیی، جیاواز لە مۆدێلە کلاسیکەکانی حیزبایەتی لە کوردستاندا، بە ئومێدی ئەوەی بتوانێت لە ئاست داخوازیەکانی ئەندام و لایەنگرو جەماوەری کۆمەڵگەی کوردی بێت.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP