هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

هاده‌پ له‌ بازنه‌ى چه‌پى ته‌قلیدیدا

عومەر عەلی محەمەد - 23-07-2018 - 4751 جار خوێندراوەتەوە


چه‌پى كورد له‌ باكوردا، ئێستادا كه‌ خۆى له‌ PKK و HDP و پێشتر BDP خۆى ده‌بینیه‌وه‌، له‌به‌رده‌م بارودۆخى نوێى توركیا به‌تایبه‌تى له‌دواى هه‌ڵبژاردنه‌كانى 24 حوزه‌یران، ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌م به‌رپرسیاریه‌تى نوێ و ده‌توانین بڵێین له‌ هه‌ندێك وێستگه‌شدا پێویستى به‌ به‌خۆداچوونه‌وه‌و داڕشتنى به‌رنامه‌ى سیاسى نوێ هه‌یه‌، چونكه‌ له‌دواى ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ پارته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان ناتوانن به‌شێوه‌ ته‌قلیدیه‌كه‌ى پێشوو كارى سیاسى درێژه‌ پێبده‌ن و بچنه‌وه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌ گۆڕانكارى ریشه‌یى نه‌بێت.

چه‌پى كورد به‌رابه‌رایه‌تى هاده‌پ كه‌ له‌دواى 2012وه‌ به‌ گه‌رمى به‌شدارى هه‌ڵبژاردنه‌كانى كردووه‌، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كه‌ توانیویه‌تى به‌ربه‌ستى 10% ببڕێت، به‌ڵام له‌دواى ئه‌وه‌ نه‌یتوانیوه‌ هه‌نگاوى به‌ره‌وپێشتر بنێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ى ده‌بینرێت له‌سه‌ر ئاستى گشتى توركیا هاده‌پ وه‌ك ته‌نها پارتێكى سیاسى مه‌ده‌نى نه‌مایه‌وه‌و تێكه‌لأ بوو له‌گه‌لأ زۆر دۆسیه‌ى تردا، به‌تایبه‌تیش له‌ژێر چه‌ترى PKKدا نه‌یتوانى رزگارى ببێت و به‌رده‌وام پشتیوانى له‌ سیاسه‌ته‌كانى كردووه‌.

له‌دواى قه‌یرانى سیاسى سوریا و دروستبوونى په‌یه‌ده‌ و پشتیوانى لێكردنیان له‌لایه‌ن پارتى كرێكاران و دروستكردنى كانتۆنه‌كان، پارتى كرێكاران چووه‌ قۆناغێكى نوێوه‌و زیاتر ویستى كه‌ وه‌ك هێزێكى كاریگه‌ر رۆڵى كارا بگێڕێت، به‌تایبه‌تیش له‌ كوردستانى باكوردا، ره‌وتى سیاسى كورد له‌ كوردستانى باكور كه‌وته‌ ژێر كاریگه‌رى ئه‌م ره‌وته‌ نوێیه‌و ئه‌وانیش پشتیوانیان له‌ په‌یه‌ده‌ و كانتۆنه‌كانى كرد له‌ سوریاو ویستیان ئه‌م ئه‌زموونه‌ش بگوازنه‌وه‌ بۆناو كوردستانى باكور و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش صلاح الدین ده‌میرتاش و یوكسیكداغ پشتیوانیان له‌ سیاسه‌تى بنیاتنانى كانتوانى هاوشێوه‌ى سوریا كرد و بونه‌ پشتیوانى لێدانى خه‌نده‌ق له‌ناو شاره‌كان، به‌مه‌ش به‌ ته‌واوى HDP تێكه‌لأ به‌ سیاسه‌تى پارتى كرێكاران بوو، هه‌روه‌ها له‌ سه‌ردانه‌كه‌ى ده‌میرتاش بۆ روسیاش دژایه‌تى توركیاى كرد له‌كاتى خسته‌خواره‌وه‌ى فرۆكه‌یه‌كی جه‌نگى روسیا له‌ لایه‌ن سوپای توركیاوه‌، به‌م هه‌نگاوانه‌ هاده‌پ چوه‌ به‌ره‌ى شه‌ڕى پارتى كرێكاران دژ به‌ ده‌وڵه‌ت و ده‌وڵه‌تیش له‌كاتى ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى شه‌ڕ له‌گه‌لأ پارتى كرێكاران، هاوشێوه‌ى ئه‌وان كه‌وته‌ دژایه‌تى كردن و لێدان و گرتن و فشارێكى زۆریشى له‌سه‌ر هاوسه‌رۆكان و كوتله‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌یان دروست كرد و هه‌ندێكیان حه‌سانه‌ى په‌رله‌مانیان له‌سه‌ر هه‌ڵگیراو دواجار ده‌میرتاش خرایه‌ زیندانه‌وه‌.
ئێستا له‌م بارودۆخه‌دا كه‌ جارێكى تر به‌شدارى هه‌ڵبژاردنیان كردۆته‌وه‌و توانیویانه‌ به‌ربه‌ستى 10% ببڕن و ده‌میرتاشیش وه‌ك كاندیدى كورد به‌شدارى هه‌ڵبژاردنى كردووه‌، ئایا ده‌بێت په‌یه‌ده‌ چى بكات و چۆن ببێته‌ نوێنه‌رى ئه‌و هاوڵاتیانه‌ى كه‌ ده‌نگیان پێ داوه‌و چۆن به‌ پلان و به‌رنامه‌یه‌كى نوێوه‌ كارى سیاسى بكات؟، ئه‌م دۆخه‌ى ئێستا جیاوازه‌ له‌ دۆخى پێشوو به‌تایبه‌تیش له‌ كاتێكدا كه‌ سیستمى سیاسى له‌ په‌رله‌مانیه‌وه‌ گۆڕاوه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تى و ئۆردوغان زۆربه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كانى له‌ده‌ستدا كۆبۆته‌وه‌و رۆڵى په‌رله‌مانیش لاواز كراوه‌و له‌ خولى یه‌كه‌میشدا و به‌ جیاوازیه‌كى زۆر له‌ پێش كاندیده‌كانى تر ئۆردوغان توانى متمانه‌ى خه‌ڵك به‌ده‌ست بهێنێته‌وه‌، ئه‌م بارودۆخه‌ نوێیه‌ نه‌ك بۆ هاده‌پ به‌ڵكو بۆ هه‌موو ئۆپۆزسیۆن زۆر دژواره‌.

هاده‌پ له‌ ئاڕاسته‌ى سیاسى ئێستادا واده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هۆى وه‌ك پارتێكى چه‌پ خۆی نمایش ده‌كات و كارى ستراتیجى له‌گه‌لأ چه‌پى توركیدا ده‌كات و له‌ كایه‌ى فراوانى توركیا كارده‌كات، به‌تایبه‌تیش له‌ڕووى نزیكى و كاركردنى له‌گه‌لأ جه‌هه‌په‌.

نزیكبوونه‌وه‌ى هاده‌پ له‌ جه‌هه‌په‌ و پشتیونى كردن له‌ محه‌ره‌م ئینجه‌ كاندیدى جه‌هه‌په‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تى و وه‌ستانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئۆردوغان وایكردووه‌ كه‌ له‌ روه‌ توركیه‌كه‌شیه‌وه‌ بكه‌وێته‌ به‌ر جۆرێكى تر له‌ توڕه‌یى ئۆردوغان له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ توڕه‌یى به‌شێك له‌ هاوڵاتی لیبرالأ و موحافه‌زه‌كارى كورد، ئه‌مه‌ش به‌ رونى له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ى دوایدا ده‌ركه‌وت، كه‌ بینیمان ده‌نگى هاده‌پ له‌ شاره‌ كوردیه‌كان كه‌مى كردووه‌ و ده‌نگى ئه‌كه‌په‌ زیادى كردووه‌.

ئه‌م شێوازه‌ كاركردنه‌ى هاده‌پ به‌ ئاڕاسته‌ى چه‌پى رادیكال، بوه‌ته‌ هۆى ورده‌ ورده‌ دوركه‌وتنه‌وه‌ى له‌ ده‌نگده‌رى كورد، چونكه‌ هاده‌پ ئه‌گه‌ر له‌ڕووى ئایدیۆلۆژیاشه‌وه‌ چه‌پ بێت ده‌بێت به‌ ئاڕاسته‌ى چه‌پى ئازادیخواز هه‌نگاو هه‌ڵبگرێت نه‌ك چه‌پى رادیكالأ.له‌ هه‌مان كاتدا خه‌بات بكات بۆ گه‌شه‌پێدانى دیموكراسی نه‌ك قوڵكردنه‌وه‌ی ململانێی ئایدیۆلۆژى .

هاده‌پ ئه‌بێت ئه‌و راستیه‌ بزانێت كه‌ چه‌پى كورد و چه‌پى تورك ناتوانن به‌یه‌ك ئاڕاسته‌ى سیاسى كاربكه‌ن و زۆرجاریش له‌ هه‌ندێك وێستگه‌دا روبه‌ڕووى یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌. چونكه‌ چه‌پى تورك له‌ زۆر روه‌وه‌ كێشه‌یه‌كى له‌گه‌لأ ئه‌ردۆغاندا نیه‌ به‌تایبه‌تى له‌روى سه‌روه‌رى ده‌وڵه‌ت و پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى نه‌ته‌وه‌ى تورك و جه‌خت كردنه‌وه‌ له‌ پێناو توركیایه‌كى به‌هێز له‌روى سه‌ربازى وپاراستنى شوناسى تورك بوون و بوونى ئازادى سیاسى ته‌واو بۆ به‌شدارى سیاسى هاوڵاتیه‌كى تورك له‌ ژیانى سیاسى دا.
به‌ڵام به‌نیسبه‌ت چه‌پێكى كورد ئه‌گه‌ر بڕیاربێت له‌ پێناو كێشه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌كه‌دا كار بكات له‌گه‌لأ هه‌موو ئه‌م شتانه‌دا ناكۆكه‌ و ده‌بێت خه‌باتى بۆ بكات له‌پێناو ئه‌وه‌ى كه‌ بیانهێنێته‌دى بۆ هاوڵاتیه‌كانى، راسته‌ هاده‌پ وه‌ك پارتێك ناسراوه‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تى كورد بكات، به‌ڵام له‌ واقیعدا ناتوانێت ئه‌و كاره‌ بكات چونكه‌ هاده‌پ پارتى دیموكراتى گه‌لانى توركیایه‌ و خۆى به‌ پارتێكى چه‌پى عه‌لمانى پێناسه‌ ده‌كات و به‌رگرى له‌ شوناسى نه‌ته‌وه‌یى هیچ گه‌لێك ناكات، له‌ ئێستاشدا له‌ناو ئه‌و 67 ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ ته‌نها 27 یان كوردن و ئه‌وانى تریش چه‌پى تورك و نه‌ته‌وه‌كانى ترن، واته‌ كورد كه‌مینه‌یه‌ له‌ناو هاده‌پدا، له‌كاتێكدا AKP خاوه‌نى 77 ئه‌ندام په‌رله‌مانى كورده‌، كه‌واته‌ ئه‌مه‌ پێویستى به‌ هه‌ڵوه‌سته‌كردن هه‌یه‌ هه‌تا كایه‌یه‌كى سیاسى وا دروست بكرێت كه‌ هه‌موو كورده‌كان به‌ یه‌ك ئاڕاسته‌ى سیاسى كاربكه‌ن بۆ خزمه‌تى هاوڵاتى كورد نه‌ك ئادیۆلۆژیاى سه‌ربه‌ حیزبه‌كانیان، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌خوازێت هاده‌پ به‌ به‌رنامه‌یه‌كى سیاسى نیشتمانى نوێوه‌ كار بكات ،كه‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى داواكارى هاوڵاتى كورد بێت نه‌ك له‌ژێر داخوازى ئایدیۆلۆژیاو چه‌پى رادیكاڵدا كار بكات، چونكه‌ ئه‌م ئاراسته‌یه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ى زیاتر دوركه‌وتنه‌وه‌ى هاوڵاتى كورد و له‌هه‌مانكاتدا فشار و توڕه‌یى ئه‌كه‌په‌ش بۆسه‌رى زیاد ده‌كات.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP