بای بای..ڕێکخستن

دڵشادی عومەر کاکی - 15-07-2018 - 5642 جار خوێندراوەتەوە

  
ڕێکخراوی شەهید،    
                                                   
ئەوە سەردەمانێک بو کە جەورو ستەم هێندە سەری کردبووە نێو جەرگی ئەو گەلە ،ئیتر  ڕێگە چارە وبیرکردنەوە بۆ دەربازبوون لەو ستەمەی کە دەیویست زمان وژیان وخاکمان لی زەوت کات تەنهاو تەنها کاری حیزبی وئۆرگان وخۆڕێکخستن بوو.. بۆ ئەوسەفەرو کاروانە پڕلەمەترسییەش تاک و تەرای فیداکار و خۆنەویست،خەڵکانی دڵئازاو پێشەنگ دەبوونە ڕابەر و ڕێکخەری هەر حیزب وبزوتنەوە و جوڵانەوەیەکی نهێنی، کە پەرچەکردار و ئەنجامی لێوڕێژی ئازارەکانی گەل وستەمداریی دەسەڵاتێکی بێباک بوو لە خوێن ڕشتن.     

پەزەکان خۆیان ڕێدەکەن     

جارێک دوجار، گاڵۆک و گۆچان.. سەرپشتی پەزێک و دوانیان دەکوتێ و ئیتر پەزەکان خۆیان بەرەو ئاوایی مل دەنێن،حیزبێک و دوان..سیان و چوار دەستەوبەرە و کۆمەڵەکان ..کۆمەڵانی خەڵک، جودا دەکەنەوەو لێکیان دادەبڕن، حیزب دەکەوێتە نێوان خێزان و براکان لەت دەکات و بەشدەکات،حیزب هەڵمان دەبژێرێت و هەڵیدەبژێرین ،حیزب دەمانپۆڵێنێ و ڕێکماندەخات و ئێمەش ماڵی حیزب ئاوەدان دەکەینەوە بە کاری ڕێکخستن و بە ئۆرگانیزەکردنی کۆمەڵگا..لاوان جیادەکەینەوە..ژنان ..کرێکاران وجوتیاران کاسبکاران،کەمئەندامان.پێویستیمان بەکورتەباڵاکانیشە،،تەنانەت شەهیدەکانیش بەشدەکەین،ئاخر ئەوانە میراتی حیزبن.. بۆ حیزب شەهید بوون .تا ئەبەد سامان ومیراتی ئێمەن .

بای بای ڕێکخستن 

منداڵان لە باخچەی ساوایانەوە دەست پێدەکەن خۆیان ڕێکدەخەن کاری خۆیان دەکەن..دەستکاری شتی یەکتر ناکەن کورسیەکانیان وەک یەکە قاپەکانیان وەک یەک خواردن دەگرێت بۆ یاریکردن دوای یەک نۆرەیان دێ،هەموویان بەقەد یەکن. منداڵان  بەکارو کردەوەکانیان خەریکی ڕێکخستنی ڕێکخراوێکی نهێنین. ناوی دەنێن دیمۆکراسییەت لە باخچەی ساوایان.     

ڕێکخستنە دێرینەکان     

ئەوسات وسەردەمەی لەژێر ستەمدا بووین ڕێکخستن مەبەست و پەیام وپەیمانێکی لە پشتەوە بوو. لەو مێژوەدا ڕێکخستن بۆ ئازادی و بۆدادو بۆ یەکسانی و بۆ مافی گشتی و بۆ گەل و بۆ نیشتیمان بوو،ئەدی ئێستا ڕێکخستن  بۆچی و لەپای چی؟؟     

ئێستا حیزبەکان ئازادیخواز و دیمۆکراتخواز و نوێخواز و ئاشتیخوازن ئەوانی دی ئەهلی هەق وئەهلی ئیمان وشەریعەتن ،ئەهلی تەقواو ئەهلی عیرفانن، ئیتر بۆخاتری ئەم هەموو دروشمە جوانەی کە کەمتر نیە  لەدروشمەکانی گەلانی ئازاد ..گەردنی ئەو خەڵکە ئازادکەن ڕێکیان مەخەن ئەوه‌ی مێگەلە بۆ ئێوە دەسەڵات نییە چاوێک بیەشێ دەبێ دەری بهێنین..دەبێ لە باخچەی ساوایانەوە دەست پێ بکەینەوە ،  بۆ ڕواندنی دیمۆکراسییەت. 


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP