هەرئێستا

پاشاگەردانی کاروانی مەعریفە

شۆڕش خالید ئاژگەیی - 14-07-2018 - 2451 جار خوێندراوەتەوە


هاورێیەکی نووسەر پێی وایە کاروانی مەعریفەمان لە پاشاگەردانیەکی کوشندە دایە. ئەو پێی وایە چەند بنووسی و چەند هاوار بکەی، ناتوانی کۆمەڵگەی کوردی لەو چەقبەستوویی و وێڕانکاریەی گشت بوارەکانی ژیانی گرتۆتەوە رزگار بکەی.
ئەو دەڵێ:
لە هەرێمێکدا ( نان) بۆتە یەکێک لە سەرەکیترین کێشەکانی بەردەم تاکی کوردەوە...
لە نیشتیمانێکدا ( موچە) وەک یەکێک لە بنەما سەرەکیەکانی ژیان بۆتە مەتەل و هەواڵی بە پەلە و مژدەبەخشەوە...
لە وڵاتێکی دابەشکراوی سەر زۆن و ناوچە و ڕەنگەکان، ڕۆژ هەیە گەر بتەوێ سەردانێکی ئەو سەر ئەوسەری بکەی، نازانی چ رەنگێک بکەیتە بەرخۆت...
لە نیشتیمانێکدا کەواسەت ساڵە کەوتۆتە بەر کەڵپەو جڕنۆکی دوژمنان و نەیارانیدا و لەم و لەولا بە هەموو شێوازێک پەلامار دەدرێ و دانیشتوانەکەی ئاوارەو ماڵوێران و زیندە بەچاڵ کراون و دەکرێ...

لە هەرێمێکی بچکۆڵانەی شەکەت و ماندوودا، کەوا بچوکترین بنەماکانی ژیانێکی شایستە بە مرۆڤ بوونی تێدا شک نابەی، کەرتی تەندرووستی وێران و پەروەردەی کاول و ئابوریەکی بە شەخسی و حزبی کراوە...
لە هەرێمێکدا بۆتە تەختەی شانۆی گڕێدانی هاوپەیمانی و مۆر کردنی ڕێکەوتنەکان بۆ تۆخ کردنەوەی دابەشکاری و دابەش کردنی خێرو بێرەکان و هێشتنەوەی دانیشتوانی وەک سەر سواڵکەری بەردەرکی پاشاکان...
لە هەرێمێکدا زیاتر لە دوو دەیەو نیوە نەتوانراوە یا نەویستراوە کێشە سەرەکیەکانی وەک ئاوو کارەبای چارەسەر بکرێ...

لە پارچەی کوردستانی دابەشکراودا هەر رۆژەوە گوێمان لە دروشمێكی زل و باق  بریقەداری لە خشتەبردن و فرۆشتنەوەی نیشتیمان پەروەریەوە دەبێ...
لە وڵاتێکدا کەمترین بنەماکانی سەربەخۆیی بە هۆی ململانێ درێژخایەنەکانەوە نابینی و ئەوەی هەشبوو لەگۆڕ نراو پێچرایەوەو دیسان بوو بە خەون و خەیاڵی شاعیرانە...

لە شوێنێکی ئەم گیتیەدا کەوا نەوت و سامانی ژێر زەوی و سەر زەوەیەکی هێشتا بە نیشتیمانی نەکراوەو لەگەڵ نەوە خستنەوەی خاوەن شکۆکاندا سەرچاوەو چاڵ و بیرەکانیشی کیشەی موڵکداریان زیدەتر دەبن...

لە وڵاتێکدا هەر بابایەو سەرقاڵی هەڵێنجانی خێرو بێری بیرەکانەو لە گیرفان وپڕکردن و بەرز کردنەوەی کۆشک و تەلارە سەر سووڕهێنەر و زەبەلاحەکاندا کێ بەرکێیانەو باکیان بە گەلی برسی و تینۆ و هیلاک و ماڵوێرانەوە نیە...
لە کوردستانێکدا بچوکترین بنەماکانی دادپەروەری و یەکسانی پیادە ناکرێ و هەرچی قسەی زلە بۆتە مەرەکەبی سەر کاغەزەوە...
لە هەرێمێکدا سێ پارێزگاکەی ناتوانن پێکەوە هەلکەن و هەر ڕۆژەوە بەیت و بالۆرەیەکی تازە دەنێنەوەو خەڵکی بە شتێکەوە سەرقاڵ دەکەن....

لە نیشتیمانێکدا خواپێداوو دەوڵەمەند و بەرپرسە وردو درشتەکانی گاڵتەیان بە ئازارەکانی گەلەوە دێت و باکیان پێیەوە نیە...

هیچ ئومێدت بە پێشکەوتن و بەرەو پێشەوە چوون و نوێ بوونەوەی عەقڵەکان و شارستانیەت و یەکسانی و دادپەروەری و ویژدانەوەنەبێ.

من نازانم وتەکانی ئەم هاوڕێیە چەندی ڕاستن، لێ تا ڕادەیەکی زۆر لەگەڵ بۆچوونەکانیدام....ئێوە چ دەڵێن؟

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP