حزبە دەنگ دزراوەکان و تەڵەی کۆمسیۆنی کوردستان

هیوا مارف - 11-07-2018 - 4273 جار خوێندراوەتەوە


هەموومان ئەوە ئەزانین لە هەڵبژاردنەکانی ١٢/٥ ی پەڕلەمانی عێراق چی ساختەکاری و تەزویرێکی زۆرکراوە بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان، ئەمەش ناڕەزایی هەندێک لە حیزبە عێراقی و کوردییەکانی لێکەوتەوە و حیزبە کوردییەکان وەک گۆڕان و هاوپەیمانی و یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی، لەگەڵ بڵاو بوونەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ئەم حیزبە ناڕازیانە هەوڵیاندا بۆ وەستاندنی ئەو ساختەکاری و تەزویرە پەنا بەرنە پەڕلەمانی عێراق بۆ هەمووار کردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، بە هەوڵ و ماندوبونێکی  زۆر توانیان هەموواری یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق بکەنەوە و توانیان یاسای نوێ بۆ هەڵبژاردنەکان دەربکەن و کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سڕبکەن لە جێگەی ئەوان نۆ دادوەر دابنرێت، هەوڵەکانی ئەم حیزبانە بۆ ئەوەبوو هەموو دەنگەکان بەدەست هەژمار بکرێتەوە بەڵام دادگای فیدڕاڵی بڕیاریدا کە تەنها ئەوسنوقانە بەدەست جیابکرێنەوە کە تانەیان لەسەرە،

ئەگەر سەیرێکی بڕیارەکەی دادگای فیدڕڵی بکەین ئەوە ئەبینین بۆ ڕازیکردنی هەردوو حیزبە ناڕازیی و حیزبە ڕازیەکان بووە لە هەڵبژاردنەکاندا و بەمەش کۆتای بەو کێشەیە بهێنێت کە لە عێراقدا ڕوویانداوە.
بۆ ئەوەی هەمان تەزویر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان روونەدات هەرزوو حیزبە ناڕازییەکان داوایەکیان پێشکەشی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی کوردستان کرد.
بەڵام من سەیرم لێ دێت کاتێک کە حیزبە ناڕازییە کوردیەکان داوایان لە کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی کوردستان کرد کە کار بە جیاکردنەوەی دەنگەکان بە  ئەلکترۆنی  نەکات و لەجیاتی ئەوە دەنگەکان بەدەست هەژمار بکرێت لە هەڵبژاردنی داهاتوو، هەرزوو کۆمسیۆن بەداواکاری ئەو حیزبانە ڕازیبوو، بڕیاریدا سیستەمی جیاکردنەوەی دەنگەکان بە ئەلکترۆنی بۆ هەڵبژاردنەکانی ٣٠/٩ هەڵبوەشێنێتەوە، ئەم زوو ڕازیبونەش جێگەی گومانبوو.

قسەی من لێرەدا ئەوەیە ئەبێت حیزبە دەنگ دزراوەکان خۆیان ئامادە بکەن بۆ هەڵبژاردنی ٣٠/٩ ی پەڕلەمانی کوردستان ئەگەر لە ئێستاوە یەکدەنگ نەبن و هەوڵێکی زۆر نەدەن بۆ وەستاندنی ئەو ساختەکاری  و تەزویرەی کە ڕویدا ئەوا هەمان شت لە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستاندا ڕوودەداتەوە و بەپێی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق دەنگتان بۆ دادەنێن و بۆ هەموو لایەنێکی ناو و خۆیی و دەرەکی ڕوون ئەکەنەوە کە ئەم حیزبە ناڕازیانە هەر خۆیان ئەوەندە حەجم و قەبارەیانبووە کە لە هەڵبژاردنەکاندا هێناویانە، ئەوکات هیچ هەڵبژاردەیەکتان لەبەردەستا نامێنێت و ناچار دەبێت ئەنجامی هەڵبژاردنەکان قبووڵ بکەن.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP