گۆڕان، لاشەیەکی گەورەو سەرێکی بچووک

ئارام قادر حەمەسور - 10-07-2018 - 4420 جار خوێندراوەتەوە


لەدوای مردنی نەوشیروان مستەفاوە ڕەخنەکان بۆ سەر گۆڕان زیاتر بوون، بەشێکی ڕەخنەکان نادروستن و بۆ ململانێی سیاسی و شەڕی ڕاگەیاندن دروستکراون، بەشەکەی تر ڕەخنەی ڕۆشنبیران و گۆڕانخوازانە و لە پەرۆشییە بۆ بچووک نەبوونەوەی بزووتنەوەکە.

ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان لەبەردەم چەند گۆڕانکارییەکدایە و داهاتووی دیار نییە، گۆڕانکارییەکان دوای مردنی نەوشیروان مستەفا دەستی پێکرد، دانانی ڕێکخەری گشتیی و پاشان دانانی ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن گۆڕانیان خستەژێر پرسیارەوە. نەوشیروان مستەفا پێش مردنی هاوکێشەیەکی بۆ بزووتنەوەکە دانابوو کە خۆی لە خانەی ڕاپەڕاندندا دەبینییەوە. هاوکێشەکەی ڕەوانشاد بریتییبوو لە ئەزمونی پیرەکان و وزەی گەنجەکان و هێنانە پێشەوەی ژنان، لە دانانی ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندندا ئەم هاوکێشەیە کاری پێنەکراو خیانەت لە بەرنامەی نەوشیروان مستەفا کرا. گۆڕانخوازانیش کەمتەرخەم بوون و دەبوو ئەوکات ئەمە قبوڵنەکەن. ئێمە ئەو کات ناومان نابوو خانەی پیرانکراتەکان نەک ڕاپەڕاندن، واتا دەسەڵاتی پیرەکان.

ڕەخنەکان بۆ سەر گۆڕان بەردەوامە و تەنانەت سەرکردەکانی گۆڕانیش ڕەخنە ئاڕاستەی سەری گۆڕان دەکەن. ئێستا ڕوونە و گرفت لەناو گۆڕاندا هەیە. ئەم گرفتانە گەر ئیرادەیەکی بەهێز هەبێت و سیاسەتی پراگماتیزمی نەبێت گۆڕان بەرەو بەهێزی دەباتەوە.

سەیرە دوای ئەم هەموو ڕەخنەیە لە گۆڕان سەرکردایەتی گۆڕان ناتوانێت گۆڕانکاری لەهەیکەلی حزبەکەیدا بکات، گوێ لە ڕەخنەدروستەکان بگرێت و دان بە کەموکوڕییەکاندا بنێت. ڕەخنەکان با گۆڕان بەهێزبکات نەک بە ئاوازێکی فاشیستانە ڕەخنەچییەکان بکەنە خیانەتکار.

ئێستا تۆپەکە لە قاچی سەرکردایەتی گۆڕانە، سەرکردایەتییەک لە بڕیارداندا تەمبەڵە و ناتوانێت لاشە گەورەکەی بجوڵێنێت، گۆڕان لاشەیەکی گەورەیەو هێزێکی کاریگەرە، تا ئێستاش عەڕڕابی دژایەتی ئەم دەسەڵاتە کلیپتۆکراسەیە. خەلەلی گەورە سەرێکی بچوک و تەمبەڵە لەسەر لاشەیەکی گەورەو عەجوول، عەجوولە لەدژایەتی ئەم ستایلەی دەسەڵات. گۆڕان پێویستە لەسەرەوە گۆڕانکاری بکات و کۆنگرە بکات و هاوکێشەکەی نەوشیروان مستەفاش تیایدا ڕەنگ بداتەوە، ئەویش وزەی گەنجان و ئەزموونی پیرەکانە.

گشت کێشەکان بۆ سەرکردایەتی گۆڕان ئاشکران، تۆپەکەش لای سەرکردایەتی گۆڕانەو گۆڕانخوازانیش نابێت لە ڕەخنە بکەون. داهاتووی گۆڕان ئێستا تەڵخە. بزووتنەوەی گۆڕان زەرورە بۆ ململانێی سیاسی. بەڵام کاتێک  سەرێکی بچووک لەسەر ئەم لاشە گەورەیە بێت ئەوا لاشەکەی بەرەو پوکانەوەدەچێت و هێزی تر لەسەر ئەم لاشەیە گەورەدەبن. گەر سەرێکی گەورەو چالاک هەبێت ئەم لاشە گەورەیە دەتوانێت گۆڕانکاری بکات یان  ببێتە ڕێگریی سیاسەتە بەرژەوەندیخوازەکانی دەسەڵات. گۆڕان دەبێت گۆڕانکاری لە سەرکردایەتییەکەیدا بکات و خۆی نوێبکاتەوە و سیاسەتەکانی بگۆڕێت و ئازایانە بڕیار بدات. دان بە هەڵەو کەموکورییەکانیدا بنێت.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP