عێراقییەكان وەك قوربانی تائیفییەت

عومه‌ر عه‌لی محه‌مه‌د - 10-07-2018 - 1971 جار خوێندراوەتەوە

لەدوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، ئەو هێزە سیاسیانەی كە لە عێراقدا دەسەڵاتی سیاسیان بەدەستەوە گرت ،هیچیان خاوەنی پرۆژەی دەوڵەت نەبوون بۆ بنیاتنانەوەی عێراقی نوێ‌، بەڵكو هەریەكەیان بە دیدێكی بچوكی تائیفی و مەزهەبی و خێڵا دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت و لە پاش 15 ساڵا لە ئەو جۆرە حوكمڕانیە ئێستا عێراق لە خراپترین دۆخدا ژیانی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی دەگوزەرێت، لە سەردەمی رژێمی بەعسدا پایەكانی دەوڵەت و دامەزراوەكانی بەهێز بوون، بەڵام ئەوەی ئیشكالی بۆ ئەم رژێمە دروست كردبوو جۆری سیستمە سیاسیەكەی بوو كە باكگراوندەكەی مەرجەعێكی دیموكراسی نەبوو، بەڵكو پێكهاتبوو لە پێكەوە گرێدانی فاشیەت و رەگەزپەرستی نەتەوایەتی عەرەبی و لەنێو ئەویشدا كاركردن لەسەر تۆخ كردنەوەی سوننی گەرایی لە نێو عێراق و لەنێو سوننەكانیشدا بەعسیەكان.

لەدوای روخانی رژێم فەلسەفەیەك نەبوو بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت و پرۆژەیەكی هەمەلایەنە نەبوو بۆئەوەی عێراقی نوێ‌ بكرێتە سەرەتای وەرچەرخانێكی نوێ‌ بۆ بنیاتنانی سیستمێكی دیموكراسی پێشكەوتوو لەسەر بنەمای دادپەروەری و شەفافیەت و ئازادی تاك و چەسپاندنی مافەكانی هاوڵاتی، بەڵكو دوبارەكردنەوەی هەمان خەیاڵدانی سیاسی رژێمی پێشوو بوو بەڵام بە فۆڕمێكی نوێ‌، ئەمجارەیان لە جیاتی ئایدۆلۆجیای بەعس ،پارتە سیاسیە نوێیەكان لەنێو بازنەی تائیفیەت و مەزهەبیەت و خێڵدا ئیشیان كرد، تائیفیەت بەو مانایەی كە تەنها گروپە سیاسیەكەی خۆی دەكاتە سەنتەر و ئەوانیتر لە نەتەوەو مەزهەب و خێڵا و پێكهاتەكانی تر دەكاتە پەراوێز، واتە لەم جۆرە لە دەسەڵاتی سیاسیدا شتێك نیە بەناوی پرۆژەی دەوڵەت و مافەكانی هاوڵاتی و شەفافیەت و رێزگرتنی رای بەرامبەر، بەڵكو لە رێگەی ئەم جۆرە لە حوكمڕانیەوە رێگە خۆش دەكات بۆ گەندەڵی و خزم خزمێنە و قوڵا كردنەوەی ململانێی حیزب و تائیفی و مەزهەبی، ئەگەر سەیری عێراق بكەین لە دوای رووخانی رژێم كەوتە ئەم زۆنگاوەوەو بە درێژایی 15 ساڵی رابردوو ئەم سیاسەتەیان چەسپاندوە، بەهۆی ئەمەشەوە هەموو كەس و لایەنێك كە لەگەڵا ئایدیۆلۆژیاو مەزهەبی پارتی حوكمڕان نەبووبێت بوونە قوربانی و بە ئەم هۆیەشەوە بەهۆی ململانێ‌ مەزهەبیەكانەوە سەدان هەزار كەس بوونە قوربانی، بەپێی سەنتەری راپرسی ئینگلیزی (ORB) لە ساڵی 2003 هەتا كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق 60% ئەو عێراقیانەی كە كوژراون بەهۆی ململانێ‌ مەزهەبی و تائیفیەكانەوە بووە.

هەروەها ئەگەر سەیری كورد بكەین كە لە عێراقدا لەڕوی دانیشتوانەوە دووەمین نەتەوەی عێراقە و بەشداری بنیاتنانەوەی عێراق و نوسینەوەی دەستوری كردووە، بەڵام لە ئێستادا پارتە عەرەبیە دەسەڵاتدارەكان بە شیعە و سوننە خراپترین هەڵوێستیان بەرامبەر بە كورد و مافە دەستوریەكانی هەیە و ئامادە نین ماددەیەكی دەستوری وەك 140 جێبەجێ‌ بكەن لە ناوچە جێناكۆكەكاندا و هاوتای بەعسیەكان بۆ چارەسەری ئەم ماددەیە پشت بە هێزی میلیشیا و هەڕەشەو نكوڵی كردنی مافی كورد بوونی كەركوك و ناوچەكانی تر دەكەن.

بریجنسكی راوێژكاری نەتەوەیی پێشووی ئەمریكا دەڵێت باشترین هۆكار بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستم و دەوڵەت و گەلان بریتیە لە قوڵكردنەوەی ململانێ‌ نەتەوەیی و رەگەزی و تائیفیەكان، ئەویش بە پشتیوانی كردنی تائیفەیەكیانە دژ بە ئەوانی تر بۆ سەركوت كردن و لەناوبردنیان.

بەهۆی ئەوەی كە پارتە سیاسیە عێراقیەكان بۆ خۆیان خاوەنی ئەو پرۆژە ستراتیجیە نەبوون كە عێراق لە قەیرانەكان رزگار بكەن و خۆیان بوونە سەرچاوەی قەیرانە نوێیەكان، لەبەرئەوە ئەمانە ناتوانن عێراق بەرەو كەناری ئارامی بەرن و بیكەن بە نموونەی وڵاتێكی پێشكەوتوو خۆشگوزەران، سەرەڕای ئەوەی كە عێراق یەكێكە لە دەوڵەمەندترین وڵاتەكان بە سامانی نەوت لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهان، چونكە ئەم پارتە سیاسیانە ئامانجەكانیان لە دەوری كۆمەڵێك خەونی بچوكدا دەسوڕێتەوە ،بۆ ئەم مەبەستەش گەلی عێراق و هاوڵاتیانی عێراقیان كردۆتە قوربانی و قوڵا بوونەوەی ململانێكان و رژانی خوێنی سەدان هەزار كەس و نقوم بوونی دەوڵەت لە گەندەڵیەكی ناهەمواردا هەمووی شایەدی ئەو حاڵەتەیە.

لەبەرئەوە ئەگەر سەرنج بدەینە پێكهاتەی پارتە سیاسیەكان و مەرجەعیەتی بیركردنەوەیان دەتوانین بڵێین ئایندەی عێراق بەرەو ئاسۆیەكی روون هەنگاو نانێت، چونكە ئەم پارتانە لە عەقڵیەتیاندا شتێك نیە بەناوی دیموكراسی و كۆمەڵگەی مەدەنی و میدیای ئازاد و داننان بە مافی هاوڵاتی و پێكهاتەكان و دەستەبەركردنی مافی هاوتا بۆ هەموان، بەڵكو ئەمانە لەپێناو مانەوەیان لە دەسەڵاتدا پەنا بۆ هەموو كارێك دەبەن.

 

بورهان غلیۆن دەڵێت :لە پێناو ئامانجە تائیفیەكانی خۆیاندا یاساو هەلی یەكسان دەكەنە قوربانی و دەوڵەتیش دەگۆڕن بۆ دەوڵەتێكی تائیفی، ئەگەر سەیری ئەنجامەكانی كۆتا هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش بكەین هەمان راستیمان بۆ دەردەكەوێت و بە سەرنجدان لە هەڵوێستی پارتە سیاسیەكان دەگەینە ئەو راستیەی كە عێراق لە ئێستادا لە خراپترین دۆخدایە و هەریەكەیان تەنها ئامانجیان بەدەست هێنانی كورسی و بەرژەوەندیە تایبەتیەكانی خۆیانەو لە عەقڵیەتی ئەم پارتە سیاسیانەدا شتێك نیە بەناوی بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی ئاسایشی دەوڵەت و بنیاتنانی دەوڵەتی خۆشگوزەران، لەبەرئەوە ئەگەر دۆخەكە بەم جۆرە بەردەوام بێت و ئەم ململانێیانە زیاتر گەرم ببن دورنیە كە عێراق بەرەو شەڕی ناوخۆو پێكدادن بڕوات و هەموو عێراقیەكانیش ببنە قوربانی ئامانجە تائیفی و مەزهەبی و خێڵەكیەكان.یان جارێكی تر لە سەر بنەمای تائیفی و مەزهەبی رێك دەكەونەوەو ئەوەندەی تر عێراق بەرەو وێرانی و گەندەڵی دەبەن .


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP