ئەمریکا و کورد دووڕیانی لێک نزیک یان لێک دوور

رێبین فه‌تاح - 8-07-2018 - 5882 جار خوێندراوەتەوە


سیاسەتی وڵاتانی زلهێز زۆر جار سیاسەتێکی بەرژەوەندی خواز و دورە لە زۆربەی بەها مرۆییەکان، چونکە کە دەوڵەتی خاوەن هێز  زۆر ، واتا باشتروایە سیاسەتەکەی بە پێی گەورەیی و قەبارەی ئەو بەرژەوەندی و هێزە بێت کە هەیەتی. 

واتا هەر دەوڵەتێک  خاوەن هێزی زۆر بێ، بە شێوەیەکی جیهانی بیر دەکاتەوە و ڕەفتار دەکات، ڕەفتارەکانیشی زۆربەی ڕەفتار و هەڵپەی بەرژەوەندییە تایبەتیەکانی خۆیەتی جا بەهەر شێوەو  جۆرێک بێت یان لە هەر ناوچەیەکی جیهاندا بێت. کەواتە دەوڵەتی زلهێز ئەو  دەوڵەتەیە، کە هێز و توانا سیاسی و سەربازی و ئابوورییەکەی لە وڵاتانی تر زیاترە و هەیمەنەی بەسەریاندا هەیە. 

ئەمریکا لەدوای ساڵی 1991 وە خۆی بە خاوەن هێزی یەکەمی سەربازی زانیوە، بە تایبەت دوای یەکلاکردنەوەی جەنگێکی نیو سەدەی لەگەڵ رکەبەرەکەدا کە ئەویش یەکێتی سۆڤیەت بوو. 

بۆیە لەم چوارچێوەیەدا ئەمریکا گرنگی بە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست داوە، و بە شا خوێنبەری سەرەکی یان شا خوێنبەری ژیانی بەرژەوەندییەکانی خۆی زانیوە. لێرەوە هەوڵی ڕاکێشانی زۆرترین دەوڵەتی بۆ لای خۆی دوا کە بیان کاتە هاوپەیمانی خۆی دژ بە نەیارەکانی، ئەوەلیاتیش لەم نێوەندادا بریتی بووە لە پاراستی بەرژەوەندییەکانی خۆی.

لەچوارچێوەی پەیوەندی بەهێز و هێزی بچووکدا ، ئەمریکا لە ناوچەیەدا هەوڵی داوە و هەوڵیش ئەدات کە بەردەوام هێزی زیاتر بۆ خۆی ڕابکێشێت. بۆیە پەیوەندییەکانی نێوان کورد و ئەمریکا، لەدوای ساڵی 1991 وە زیاتر بەرەو پێش چووە. ئەمریکا وەکو هێز زۆرجار پاریزەریی کورد بووە، هەندێ ناری تریش معادەلەکە پێچەوانە بۆتەوە. لە عێراقی نوێشدا ئەمریکا بەیاخی بە کوردا داوە بەقەد قورسایی خۆی بەرامبەر سونەو شیعە، و وەکو هاوکێشەی هاوسەنگ کردنی لایانی تر سەیری کردووە، و بوونی کوردیش بۆ عێراق بە زەروورو پێویست دەزانێت، بە تایبەت ئەو عێراقەی کە ئەمریکا بە دیموکراسی ناوی دەبات. 

لەم سۆنگەییەوە کردنەوە کونسوڵخانە مێژووەکەی بۆ ساڵی 2001 دەگەڕێتەوە لە کوردستان، بەڵام ئەوەی بایەخی کونسوڵخانەی زیاتر گەورە تر کرد بریتی بوو لە دانانی بەردی بناغەی گەورەترین کونسوڵخانەیە لە کوردستان. 

بوونی کونسوڵخانە گرنگە بۆ شوێنەی کە لێی دەکرێتەوە، چونکە کاری هەریەکە لە باڵوێزخانە و کونسوڵخانە ڕاستە تەواوکەری یەکترن ، بەڵام بەکارەکانیان جیاوازی تیادا، لەبەرئەوەی کونسوڵخانە زیاتر گرنگی بە لایانی کۆمەڵایەتی و هاوکاری دادەت.

لەبەرئەوە کردنەوەی ئەم کونسوڵخانەیە بەو قەبارە گەورەیە لە کوردستاندا دەلالەتە لەسەر گرنگی کوردستان بۆ ئەمریکا، بۆیە: 

- خاڵێکی گرنگ ئەوەیە کە، گرنگی هەرێمی کوردستانە، ئەویش بەو هێمنی و ئارامییەی کە کوردستاندا هەیە و لە ناوچەکانی تری عێراقدا نیە.
- هەروەها کردنەوەی ئەم کونسوڵخانەیە ڕەنگە بەڵگە بێت لەسەر ئەوەی کە ئەمریکا زیاتر لە سونە و شیعە متمانەی بە کورد دەکات زیاتر لەوان. 

- پێدراوێکی تر ئەوەیە کە کوردستان لە ڕووی ئەمنیەوە ، شوێنکی ئەمنە و ساقامگیرە و لە داهاتوودا پارێزراوی ئەم کونسوڵخانەیەش بو ئەمریکا گرنگە. 

- پاراستنی داهاتووی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە کوردستاندا گرنگە، ئەمریکا بەم خاڵە دەیەوێت زیاتر کوردستان بەلای خۆیدا ڕابکێشێت هەم بۆ ئێستا و هەم بۆ داهاتوویش، نەک ئەوەی کە باشووری کوردستان لە نەیارەکانی ئەمریکا نزیک ببنەوە. 

- هەروەها سیاسەتی داهاتووی ئەمریکا ڕەنگە بۆ ئەم ناوچەیە، زیاتر بە لای نەرمە هێزدا بڕوات، واتا کرانەوەی زیاتر بە ڕووی دام و دەزگا و دیموکراسی و مافی مرۆڤ و سەروەری یاسا و بازاری ئازاد وات لیبڕاڵیزمی نوێ، چونکە ئەمریکا لەدوای شەڕی سێیەمی کەنداوە کە شەڕی عێراقە لەگەڵ هێزی ڕەقدا نیە تا مجالی هێزی نەرم هەبێت. 

- شوێنی عێراق بۆ ئەریکا و سیاسەتەکەی گرنگ و پڕ بەیاخە، چونکە وەکو هێرد لاندی جیهانی وایە بۆ ئەمریکا بە تایبەت بەشی باشووری کە کوردستان دەکات.

بۆیە بۆ حکومەتی ئێستا و داهاتووی هەرێمی کوردستان گرنگە کە زیاتر بەیاخ بە لێکەوت و جێکەوتەکانی لێک نزیک بوونەوە سیاسەتی  ئەمریکا بدات، وەکو زانراوە سیاسەتی ئەمریکا بەرژەوەندیە، بۆ ئێمەی کورد ئەوە گرنگە کە چۆن سیاسەتی خۆمان دادەڕێژین کە لەگەڵ ئەو سیاسەتەدا بگونجێت و بگرە تەواوکەری هەمان سیاسەت بێت، ئەو کات کورد لە چوار چێوەی سیاسەتی ئەمریکا زیاتر جێگەی دەبێتەوە و دەبێتە ڕەقەم. 

بۆیە گرنگە عەقڵیەتی سیاسی کوردی بزانێن لەسەر چ بنەمایەک سیاسەت دادەڕێژێت کە هاوتەریب بێت بە سیاسەتی خاوەن هێز تا کوردستان ببێتە دووڕیانی لێک نزیک لە ئەمریکا و سیاسەتەکەی.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP