هەواڵی ئەمڕۆ

قەڵەمڕەوی سێھەم

سلێمان عەبدوڵا یونس - 7-07-2018 - 25570 جار خوێندراوەتەوە


کاتێک پارتی بەڕێبەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی لەڕێگای شۆڕشی ئەیلولەوە ڕەگوڕیشەی خۆی داکوتا، ھەموو سەرزەمینەکانی بەزەبری ھیزی چەکدار، کرد بەناوچەی جێنفوزی خۆی. ھەربۆیە کاتێک باڵی مەکتەبی سیاسی بەڕێبەرایەتی ئیبراھیم ئەحمەد جیابونەوە، سەرزەمینێکیان نەبوو، پارتی شۆڕشگێڕی کوردستانی تیادا بەڕێوەبەرن. لەو بارەوە خالید دلێر لەزنجیرە وتارێکدا نوسی « بەناچاری قاچمان ھەڵکرد و چوینە ناو زەلکاوەوە»

لەدوای شکستی گەورەی شۆڕشی ئەیلول، مام جەلال و ھاوڕێکانی ئەزمونی باڵی مەکتەبی سیاسی پارتیان لەبەرچاوگرت، بۆیە بەدەستێک بیریان لەدامەزراندنی یەکێتی و بەدەستەکەی تریش بیریان لەھەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێ کردوە. چونکە بەئەزمون بۆیان دەرکەوتبو، حزب لەکوردستان پێویستی بە ھەردوو شاباڵی سیاسی و چەکداریە بۆ پاوانکردنی ناوچەی جێنفوز، لانیکەم لەسەرەتاکانی سەھەڵدانیدا، وەک ئەوەی شێرکۆ بێکەس لەماڕشی یەکێتیدا باسی کرد « چەک، قەڵەم، دوانەی خەباتی ھاوژینم»

دەرکەوتنی یەکگرتوو لە قەڵەمڕەوی زەرد و گۆڕان لەقەڵەمڕەوی سەوز، لەبنەڕەتدا دەرکەوتنی پڕۆژەی ئەلتەرناتیڤبون بۆ پارتی و یەکێتی. ئەگەر سەرنج بدەین ئەو دوو ھێزە نوێیە زۆر شتیان لەڕووی مەعنەوەیەوە لەو دوو ھێزە کۆنە وەرگرتەوە، بەڵام دواجار ھەروەکو میوانی ناوەخت مانەوە. چونکە لەئەسڵدا ، بوون بە خاوەن ماڵ، پێویستی بەسەرخانی ھێزی سەرھەڵدان ھەبوو بۆ پەیداکردنی ژێرخانی بەردەوامکردن و مانەوە.

لێرەدا ئەلتەرناتیف حزبی سێھەمەم نیە بەڵکو بنیاتنانی کۆمەڵگای سێھەمە، کە لەناو ھەناویدا ھەڵگری سەرخانی ھێز و ژێرخانی مانەوەبێت لەجوگرافیایەکی نوێی سیاسی و مرۆیی پارێزراودا کەشیاوبێت بۆ ناوچەی جێنفوز . جوگرافیایەک، پێویستی بەڕەگەزەکانی ھێزی مادی و مەعنەوی و تەنانەت کارێزمای تایبەت بەخۆی ھەیە، شتەگەلێک گەورەتر و جیاوازتر لەبنیاتنانی سێھەمین مۆدیلی حزب، وەک قەڵەمڕەوی سێھەم .


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP