بەرپرسانی پێشوو
بەرفلسانی ئێستا

شۆڕش خالید ئاژگەیی - 6-07-2018 - 3389 جار خوێندراوەتەوە


١
ئامۆژگاری بەرپرسێکی پێشوو بۆ کورەکەی
کوری خۆشەویستم...
قەت خۆت لە کۆ جیا نەکەیەوە... تۆ بەوانەوە جوان و ڕێزداری..ئەگەر ئەوان نەبن، بوونی تۆش دەبێتە مەتەل...
نانێکت هەبوو لەگەڵ هەژاران لەتی کەو ستەم لە هیچ کەس نەکەی...
خۆت لێ نەگۆڕێ و لەخۆبایی نەبی...
نەکەی خۆت بە تێری لە  شوێنێکی گەرم و نەرم وەک شازادەکان بخەوی و هاوسەنگەر و هاوڕێکانیشت شەو لە سەر تاشەبەرد ڕۆژ بکەنەوە...
نەکەی نان و ئاوو ژیانت لە هاوڕێ و هاوسەنگەرو دۆست و هەڤاڵانات جیا کەیتەوە...
تۆ بە هاوڕی و هاوسەنگەرە دێرینەکانتەوە جوانی...خۆتیان لێ مەشارەوەو بێرێزیان بەرامبەر نەنوێنی...
کاتێک سڵاو دەکەی بە جوانی دەست بەرزەوە کەوە و ئەو پەڕی ڕێز و تەقدیر بەرامبەر دەورووبەرانتەوە بنوێنە...
بە لوت بەرزی و لە خۆبایی بوونەوە دەرمەکەوە...
ڕێزی بەرامبەر و خوارووی خۆت بگرە، بەڵام سنوور مەبەزێنە...
سنووری ئەدەب پشت گوێ نەخەی...
ئەگەر هەڵەت کرد، بە زمانێکی شێرین داوای لێبوردن بکە..دڵنیا بە لە چاو خەڵکی گەورەتر دەبی...
خۆت لە ئێش و ئازارەکانی گەل و هاوڕێکانت بە بیانووی جیا جیا مەدزەوە...
هەڤاڵ و هاوڕێکانی من لە بیر نەکەی، تا بۆت بکرێ بە سەریان بکەوەو خۆتیانی لێ مەشارەوەو بە گوێرەی توانا یارمەتیان بدە و نازیان هەڵگرە...
پارەو سەروەت و سامان و موڵکی دونیا تەنیا بۆ خۆت و کۆ مەکەوە...
ئەوە فەزڵی خوایە من توانیم تۆی خۆشەویستم بگەیێنمە ئێرە و ئەم ئاستەوە...نەکەی لە خۆبایی ببی و سووکایەتی بە ئازارەکانی خەڵکیەوە بکەی...
کاتێک سەردانی شوێنێک دەکەی، سی ئۆتۆمبێلی جام ڕەش و ڕەنگاو ڕەنگ و تۆپ و تەیارەو جبەخانە و  یەک لەشکەر پاسەوان و بەردەست و نازانم چێ و چی لەگەڵ خۆت مەبە...خوا ئاگادارە تۆ بەم شتانەوە گەورە و شکۆدار نابی...
ئەمانەت دار بەو بە قسەی ناڕاست و بەڵێنی بێ بنەماوە خەڵکی لە خشتە مەبە...
ڕاستگۆ بە و خۆت لەدرۆ دەلەسە و قسەی باق و بریقەدارو درووشمی ماوە بەسەر چووەوە بپارێزە...
خۆت لە قسەی پرو پوچ و کەسانی بەرژەوەندچی و هەلپەرەست و ماستاوکەر و چاوەشی بێ ئابروو بە دوور بگرە...
هیچ کاتێک بینینی خەڵکی خوارووی خۆت بە بیانووی ( مەشغول) بوون یا سەرقاڵیتەوە پشت گوێ مەخە...
بە هیچ شێوەیەک سەردانی نادی و قومارخانە و  شوێنی ڕابواردن نەکەی...
بەگوێرەی توانات یارمەتی خڵكی بدەو هەموو خۆشی و لەزەتەکانی دونیا تەنیا بۆ خۆت و بنەماڵەت بە ڕەوا مەزانە و بۆ خەڵکیشی بە حەرامی مەزانە...
سات  بە ساتی ژیان ئەزمونە...هەوڵ بدە بە ئەزمونگەراییت لە هەڵەکانتەوە پەندو ئامۆژگاری وەرگری...
ژیانی دونیا زۆر لەوە کورتر و ناپایەدارترە ئێمە مانان لەناویدا نقوم بین و پشت بکەیەنە هەموو بەهایەکەوە....
مردن و ماڵئاوایی کردنی ئەم جیهانەت لەبەر چاو بێ و بەر لەوەی لە نەیارانت بترسی، ترسی خوا لە دڵت دەرمەکە...
ئەو جاه و جەلال و ماڵ و مەکانەتەی ئێستات کاتیە، هەوڵ بدە خۆشەویستیت بەهۆی ئەم شتە ناپایەدارە مادیانەوە نەبێ، تا ئەگەر نەدما، خەڵکی پشتت تێ بکەن...
زۆر بە شان و باڵی خۆتەوە هەڵمەڵێ...ئەوەی هەتە هی گەلە و هەمووان بەشیان هەیە لەوەی ئێستا....
هیچ کات لە بەرپرسیارەتی ڕامەکە و بیانوو بۆ شکستەکانت مەهێنەوە...
کاتێک بینیت توانی کار کردنت نەماوە، واز بێنە...
گوێ لە ڕەخنەو بۆچوونی بەرامبەرت بگرە...نامری...هەمووی بە چاوی نەیارو دوژمانایەتیەوە سەیر مەکە...
لە کۆتاییشدا: مرۆڤ بوونت لە بیربێ و ئامۆژگاریەکانم بکە بە پڕەنسیپی کارو خزمەت کردنی نیشتیمان و نەتەوە و خۆت لە گەل جیا مەکەوە...

گەر ئەمانەت پیادە کرد، بزانە سەربڵندی و سەرکەوتن و عزەت و کەڕامەت و بەختەوەری ڕاستەقینە و ڕێز دەچنیەوە...ئەگەر نەشت کرد، سوور بزانە بێزراوترینی بێزراوترینانی...

٢
ئامۆژگاری بەرفلسێکی ( بەرپرس) ئێستا بۆ کورەکەی
کورە شیرینەکەم... روحی بابەی...وەیش...قوربانی بم...
بەرلە هەر شتێک بیرت نەچێ تۆ کوری کێی...لە کوێ لەدایک بوویت و سەروەریەکانی باوکت چەند و چۆنن...
گەر دەتەوەێ تا مردن لە نازو نیعمەتی بێ بڕانەوەدا بژی و تارمایی هەژاری و نەداری و بێ دەرەتانی لە خۆت و کەوس و کارتەوە دوور خەیەوە، گوێ بۆ پەند و ئامۆژگاریە بە نرخەکانم بگرە....زەرەر ناکەی...بڕوام پێ بکە..گیانی بابەی...
کورە نازدارەکەم..
لە بیرت بێ ئەڵقەیەک بە دەور خۆتدا بکێشە و تا بۆت دەکرێ خۆت لەو کەسە سەرسواڵکەرانەی ئەمڕۆ، ئەوانەی ڕۆژگارێک خەباتیان بۆت کردووەو پێتەوە ماندوو بوونە، داببڕە و لێیانەوە دوور کەوە...
بۆ ڕایی کردنی کارە تایبەتیەکانت، لەوانە بۆیە کردنی کەوشە گرانبەهاکانت، شۆرین و ئوتووکردنی جلو بەرگە دانسقەکانت، یەکێ یا دووان دامەزرێنە بە پلەی رائیدی بەردەست یا بەڕیوەبەری گشتی جل ئوتۆ کردن....
زۆر گرینگە سکرتێرێک یا سێ چواردانەت هەبن بۆ ڕێک خستنی دیدارو چاوپێکەوتنەکانی ڕۆژانەت..هەڵبەت ئەوانەی خۆت هەڵیاندەبژێری بیانبینی یا نەیانبینی یا لە چاوەڕوانی کوشندەدا بیانهێڵیەوە...
زۆر پێدڤیە بەڕێوەبەری نووسینگەت هەبێ ( مدیر مەکتەب) بۆ ڕایی کردنی کاروباری ڕۆژانە و ڕۆتینیاتی پەیوەست بە ئەرک و بەرپرسیارەتیتەوە. ئا بەمجۆرە هەم گەورەیی خۆت دەنوێنی و خۆت دەسەلمێنی، هەمیش ڕێگە نادەی خەڵکی ڕەوشو ڕووت و شۆڕشگێڕانی دوێنێ و سەرسواڵکەرە ڕەزا قورسەکانی ئەمڕۆ، بە ئارەزووی خۆیان بێن سەردانت بکەن و بارەگا یا نووسینگەکەت بکەن بە چایەخانە یا دیوەخانەی قاوەخواردنەوە و گلەیی و گازندەکانیانەوە....
بیرت نەچێ، ئەم شۆڕشگێرە مۆدێل کۆنانە لە هەژاری هەمیشەییدا هێڵراونەتەوە و لە دونیایەکی تردا دەژین و تا لەهەژاریشدا بژین و دۆخی ژیانیان نالەبار بێت، زیاتر تامەزرۆی بینینت دەبن و داوای یارمەتیدانت لێ دەکەن و تا دەشمرن مەمنون و سوپاسگوزاری بەخشندەیی وگەورەیت دەبن....
نازدارە کەی بابە...قەزات لە گیانم
کاتێ سەردانی شوێنێک دەکەی، با رتڵە ئۆتۆمبێلە جام ڕەشە گولە نەبڕەکان یاوەرت بن...بۆ خاتری خوا نەکەی بە دوو یا سێ ئۆتۆمبێلەوە بۆ کۆڕو سمینار و دانیشتن و گردبوونەوە جەماوەریەکانەوە بچی و لە گەورەیی خۆت کەم کەیتەوە....

قوربانی قایشی پشت و چاویلکە ئاڵتونیەکەت بم
هەوڵ بدە بە هیچ شێوەیک بە کراس و پانتۆڵی ئاساییەوە دەرنەکەوی...
لە کاتی سڵاو کردن، دەستت زۆر بەرز مەکەوە و سسەرت بەرز ڕاگرەو ئاوڕ مەدەوە...
خاکی بوون، قسەی قۆڕو بێ مانایە و بەکەڵک تۆ نایەت....خاکی نەبی و هەمیشە بە سەری بەرز و فیزو ئیفادەو لوتی بەرزەوە بە ڕێگادا بڕۆ...
زۆر ڕووی خۆش و پێکەنیناوی پشانی بەردەست و پاسەوانەکانت نەدەی...
سنووریان بۆ  دابنێ و هێڵی سووریان بۆ دیاری بکە...
ڕێگە نەدەی زۆر پرسیارت لێ بکەن...
لە جیاتی یەک سیم کارت، گەرەکە شەش دانەت هەبێ...
لە  ئەندامانی خێزانی خۆت و ئەڵقەی نزیکتەوە بترازێ، ژمارە تەلەفۆنە دانسقەکەت نەدەی بە هیچ بەنی ئادەمێکەوە...

من موڵک و ماڵێکی زۆرم دوای خۆم بۆت بەجێ دێڵم تاکو تا حەوت پشتی داهاتووشت لە بەرووبوومیەوە بخۆن و ناچاری کار کردن نەبن..ئاخر کار کردن هی گوێ درێژە دەبەنگە نەفامەکانە...

زۆر زۆر و زوو ززوو دەرمەکەوە..با خەڵکی بۆ ساتێکی بینیت بمرن  هەردوو جایان دەربێت و شەوو ڕۆژ بژمێرن بۆ ساتێکی دیدارت و تکایە ئامۆژگاریەکانم بکە بە ئەڵقە بە گوێچکەتەوە...

هەموو جار کە قسە بۆ خەڵکی دەکەی، سەروەریەکانی منیان بە چاو دادەوە...چونکە تۆم بە شیرو پسکیت و باوەشی گەرم و گەشت وسەیرانەکانی ئەم سەروو ئەوسەری دونیاوە گەورە کردووە خوا ئاگادارە، دارت نەخستۆتە سەر بەردەوە...

بیلبیلەی چاوی بابە...بە ساقەی هەناسەدانەکانت بم
کاتێک سەردانی هەندەران ئەکەی لە باشترین، خۆشترین و پڕ ئەستێرەترین هۆتێل دابەزە...نەکەی بچی لە هوتێلە ئاساییە هەرزان باییەکان دابەزی و گەورەیی خۆت بچووک کەیتەوە و شان و شەوکەتی خۆت لەکەدار بکەی...

تا ئەتوانی لە خەڵکی هەژارا ونەدار و بێ دەرەتانەوە دوور کەوە  گەر بینیشینت، زۆر رووی خۆشیان پشان مەدە.... ئاخر بیرت نەچێ تۆ کوری کێی....

من بایی سەت ساڵی تریش سەروەت و سامان و پڕۆژەو موڵک و ماڵم بۆت بە میرات جێ هێشتووە، نەکەی هەمووی لە قومار و ڕابواردندا بدۆڕێنی...

تکایە ئامۆژگاریەکانم بکە بە ئەڵقەی گوێچکەتەوە تا تەمەنێک لە خۆشی و شادی و بەختەوەری و کامەرانیدا بژی و ناخۆشی و نەبوونی و هەژاری و بێ پارەیی رووت تێ نەکات....

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP