رۆڵی حزبه‌كان له‌ حوكمڕانی دا

ڤیان مه‌جید فه‌ره‌ج - 3-07-2018 - 5678 جار خوێندراوەتەوە


به‌گشتی حزبه‌كان دو رۆڵی سه‌ره‌كیان هه‌یه‌ له‌ گه‌شه‌پێكردن و رێكخستنی كۆمه‌ڵگه‌دا 

یه‌كه‌م: نوێنه‌رایه‌تی كردن؛ كه‌ له‌رێگای ئاراسته‌كردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ جیاوازه‌كان و كۆكردنه‌وه‌ی داواكاریه‌كانیان و ته‌رجه‌مه‌كردنی ویسته‌ گشتیه‌كان بۆ سیاسه‌تی جیاواز به‌گوێره‌ی ئایدۆلۆجیاو پره‌نسیپه‌كانی حزبه‌كان خۆیان و ته‌وزیفكردنی ئه‌و سیاسه‌تانه‌ له‌ پرۆگرامه‌كانی حوكمڕانیدا . له‌م رێگایه‌وه ‌حزب كۆمه‌ڵگه‌ به‌ سیسته‌مه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌و بناغه‌یه‌كی به‌هێز بۆ ئه‌م پێكه‌وه‌گرێدانه‌ دروست ده‌كا. چونكه‌ كاتێك حزب ده‌نگ بۆ هاوڵاتیبون ده‌گه‌رێنێته‌وه‌ له‌ حوكمڕانیدا واتای وایه‌ به‌ها ده‌داته‌ ده‌نگی هاوڵاتیبون و حسابی بۆ ده‌كا.

دوه‌م: حزب لۆژیك و عه‌قڵانیه‌ت ده‌به‌خشێته‌ دامه‌زراوه‌كانی حوكمڕانی و رێكیان ده‌خا. جا ئه‌و حزبانه‌ له‌ حوكمڕانیدا بن یان نا، ده‌گه‌ڕێن به‌دوای ئه‌و سیاسه‌ت و به‌رنامانه‌ی كه‌ خزمه‌ت به‌به‌رژه‌وه‌ندی ده‌نگده‌رانیان ده‌كاو له‌ ئه‌نجامیشدا خزمه‌ت به‌ كۆی سیسته‌مه‌كه‌ ده‌كا له‌چوارچێوه‌ فراوانتره‌كه‌دا.

كاتێ ئه‌م دو رۆڵه‌ له‌ دیمۆكراسیه‌تی نوێدا ده‌توێنه‌وه‌و حكومه‌تی نوێنه‌رایه‌تی دروست ده‌كه‌ن و حوكمڕانی و نوێنه‌رایه‌تی به‌م پێیه‌ ده‌بنه‌ دو روی یه‌ك دراو، ئه‌وا پرسه‌كانی به‌رپرسیارێتی و وه‌ڵامده‌رێتیش دێته‌ كایه‌وه‌. به‌و واتایه‌ی كه‌ له‌یه‌ك كاتدا حكومه‌ت هه‌م نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵك ده‌كاو له‌خه‌ڵكه‌وه‌ شه‌رعیه‌تی وه‌رگرتوه‌و له‌هه‌مانكاتیشدا به‌رپرسیاره‌ له‌به‌رامبه‌ر نوێنه‌رانی خه‌ڵك له‌ پارله‌مانه‌كاندا، چونكه‌ هه‌مان ئه‌و رێكخستنه‌ی كه‌ حوكمڕانه‌ به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا و ده‌نگی پێ بڵندكردون له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌كان و ئه‌و رێكخستنه‌ش كه‌ ئاراسته‌ی نوێنه‌رایه‌تیكردنی گرتۆته‌ ئه‌ستۆ بونه‌ته‌ یه‌ك یه‌كه‌و پێكه‌وه‌ دامه‌زراوه‌كانی سیسته‌مه‌كه‌ ده‌به‌ن به‌ڕێوه‌.

ئه‌مه‌ ئه‌و خاڵه‌ جه‌وهه‌ریه‌یه‌ كه‌له‌هه‌رێمی كوردستان غائیبه‌. چونكه‌ ئه‌و دو رێكخستنه‌ له‌یه‌ك جیاوازن و دور له‌یه‌ك گه‌شه‌ ده‌كه‌ن و ناتوانن له‌ بۆته‌ی حوكمڕانێكی نوێنه‌رایه‌تیدا بتوێنه‌وه‌.
له‌لایه‌ك له‌جێگای چه‌قی راكێشانی حزبه‌كان بریتی بێت له‌ هاوڵاتی، ئه‌وان حكومه‌ت و ده‌وڵه‌تیان به‌ چه‌قی تاودان و راكێشانیان به‌ ئامانج گرتوه‌. ئه‌مه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌ جێگای ئه‌وه‌ی حوكمڕانێكی نوێنه‌رایه‌تی بن و دامه‌زراوه‌ حكومیه‌كان  رێوشوێنی گونجاویان هه‌بێ بۆ ئیحتواكردنی پرسه‌كانی رای گشتی، هاتون ته‌نها فشارو فۆكه‌سیان خستۆته‌ سه‌ر حكومه‌ت و كابینه‌ وزاریه‌كان. له‌ كۆتایشدا حكومه‌ته‌كه‌ گرنگ نیه‌ نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌ی خه‌ڵك ده‌كا یان نا، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌بێت و بمێنێته‌وه‌ یان راستر بۆشایی شه‌رعی و یاسای دروست نه‌بێ وه‌ك خۆیان باسی ده‌كه‌ن.

ئۆپۆزسیۆنه‌كانیش به‌ به‌شداریكردنیان له‌ حكومه‌تدا له‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ٢٠١٣ه‌وه‌ پاشه‌كشه‌یان له‌ ئیحتواكردنی رای گشتی و چاككردنی خودی حوكمڕانیدا كرد‌. به‌واتایه‌كی تر ئه‌و جۆره‌ له‌ گه‌مه‌ی سیاسی كه‌ دو هێزه‌كه‌ی حوكمڕان و ده‌ره‌وه‌ی ده‌یكه‌ن ته‌نها حكومه‌تی به‌ ئامانج گرتوه‌ نه‌ك هاوڵاتی. هه‌ربۆیه‌ حزبه‌كان له‌م جۆره‌ له‌ بژارده‌دا له‌جێگای ئه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی گشتی بن بۆ رێكخستنی كۆمه‌ڵگه‌ و رای گشتی، ده‌بنه‌ دامه‌زراوه‌ی حكومه‌تی و وه‌ك ئه‌و ره‌فتار ده‌كه‌ن. به‌ ئه‌سڵناسینی حكومه‌ت به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ك هاوڵاتی و ده‌نگده‌ران فه‌رامۆش بكه‌ن و له‌لاكه‌ی تریشه‌وه‌ رێكخستنی ناوخۆی خۆشیان فه‌رامۆش بكه‌ن.

حكومه‌تی نوێنه‌رایه‌تی وه‌ك كلیلی چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌كانی هه‌رێم:

حكومڕانی باش (ره‌شید)و حكومه‌تی نوێنه‌رایه‌تی هاوڵاتی به‌ ئامانج ده‌گرێ له‌رێگای هاوڵاتی خۆیه‌وه‌. به‌و واتایه‌ی له‌جێگای ئه‌وه‌ی حزبه‌كان ببنه‌ هه‌ڵبژێره‌ری پاڵێوراوه‌كانی كابینه‌ی وزاری و له‌ پارله‌ماندا شه‌رعیه‌ت وه‌رگرن، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و كابینه‌یه‌ به‌ فلته‌ری هاوڵاتیدا راسته‌وخۆ بڕوا، له‌ حكومڕانی باشدا حكومه‌تی نوێنه‌رایه‌تی له‌و كه‌سانه‌ پێك دێ كه‌ بۆ خۆیان له‌ پێشدا ده‌بنه‌ ئه‌ندامی پارله‌مان و له‌لایه‌ن هاوڵاتیه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێن ئه‌وسا له‌ نێو ده‌سته‌بژێری پارله‌ماندا ده‌پاڵێورێن و ده‌بنه‌ به‌رپرسیار له‌به‌رده‌م رای گشتیدا. 

هه‌ربۆیه ‌له‌م جۆره‌ له‌ حوكمڕانیدا  به‌رپرسیارێتی زیاتر هه‌ڵده‌گیردرێت و له‌ده‌ره‌وه‌ی هاوڵاتی هیچ شتێكی تر ناكرێته‌‌ سه‌رچاوه‌ی هێزو لێپرسینه‌وه‌و داهێنان.

 هه‌ڵبه‌ت ئه‌م مۆدێله‌ی دواین به‌رگر ده‌بێ له‌به‌رده‌م هه‌ر حكومه‌تێك و كه‌سێك كه‌ پتر له‌ ٨ ساڵ یان دو خوڵی هه‌ڵبژاردندا بمێنێته‌وه،‌ چونكه‌ لێره‌ گرفتی یاسای بۆ دروست ده‌بێ به‌و پێیه‌ی ته‌نهاو ته‌نها ده‌بێ ئه‌ندامی پارله‌مان بێو له‌ دو خول زیاتریش به‌گوێره‌ی یاساكه‌ ناتوانێ ببێته‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران یان وه‌زیر. كه‌وایه‌ ئه‌م مۆدێله‌ی حوكمڕانی چاره‌سه‌ری پرسی دكتاتۆریه‌ت و فه‌رزكردنی ئیراده‌ی حزب و حكومه‌تیش ده‌كا به‌سه‌ر ئیراده‌ی ئه‌نجومه‌نی هه‌ڵبژێردراو یان پارله‌ماندا.

دیاره‌ له‌خۆڕا نیه‌ زانایانی بواری زانستی سیاسی و‌ كارگێڕی گشتی و یاسا رێككه‌وتون له‌سه‌ر ئه‌م مۆدێله‌ له‌ حوكمڕانی، چونكه‌ مه‌ترسیه‌كه‌ لای ئه‌وان ته‌نها له‌ خراپ به‌كار هێنانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئابوری و دروستبونی گه‌نده‌ڵی و دكتاتۆریه‌ت نیه‌. به‌ڵكو بیر له‌ چاره‌سه‌ری ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ مانه‌وه‌و گه‌شه‌پێدانی ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێ گه‌شه‌ی سیاسی له‌رێگه‌ی پاراستنی به‌ها ناوخۆییه‌كانی حزبه‌كانه‌وه.

ئالێره‌دا گرنگی وه‌زیفه‌ی ده‌نگدان ده‌ر ده‌كه‌وێ. هه‌ڵبه‌ت دو تێڕوانین هه‌یه‌ بۆ ئه‌م باسه‌ ، یه‌كه‌میان تێڕوانینی به‌دامه‌زراوه‌ناسه‌كانه‌ (Institutionalists)  كه‌ تێڕوانینێكی ماكرۆییانه‌یه‌و جه‌غت ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی وه‌زیفه‌ی سه‌ره‌كی ده‌نگدان دروستكردن و به‌رهه‌مهێنانی حكومه‌ته‌. ئه‌وی تر له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی گوزارشتكاری (Expressive) بونیاد نراوه‌و میكرۆییانه‌ سه‌یری وه‌زیفه‌ی ده‌نگدان ده‌كا. پێی وایه‌ وه‌زیفه‌ی ده‌نگدان خاڵی بونه‌وه‌ی ده‌نگده‌ره‌ له‌رێگای په‌سه‌ندكردنی بژارده‌كان و به‌كارهێنانیه‌تی وه‌ك هه‌لێك بۆ خۆ به‌تاڵكردنه‌وه‌ گوزارشتكردن له‌ ئاره‌زوه‌ سیاسیه‌كان.

جا هه‌ركام له‌و دو وه‌زیفه‌یه‌ بێ له‌دواجاردا حكومه‌ت پێك دێو ده‌نگده‌ریش ده‌ستی له‌و دروستكردنه‌دا به‌ فعلی هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌ی ئه‌گه‌ر ده‌نگده‌ر توانی گوزارشت له‌ رای خۆی بكا، به‌ڵام حزبه‌ گوزارشتلێكراوه‌كان نه‌یانتوانی ئه‌و گوزارشتانه‌ی ده‌نگده‌ر هه‌ڵمژن و ته‌وزیفی به‌ باشی بكه‌ن له‌ پرۆسه‌ی سیاسیدا؟ به‌و واتایه‌ی به‌رهه‌می ئه‌و ده‌نگانه‌ حكومه‌تێكی ناشایسته‌ بو؟

له‌ وه‌ڵامدا هاوشێوه‌ی( پیته‌ر مه‌یر) ده‌ڵێم ئه‌وحكومه‌ته‌ هیچ پێناسه‌یه‌كی لۆژیكی بۆ نامێنێ و ده‌نگه‌كان ده‌بنه‌ كه‌ره‌سه‌یه‌كی له‌كاركه‌وتوهه‌ر بۆیه‌ حكومه‌ته‌كه‌ش ده‌بێته‌ حكومه‌تێكی له‌كاركه‌وتو نه‌ك نوێنه‌رایه‌تی و به‌مه‌ش دو رێگه‌ له‌به‌رده‌م ده‌نگده‌ر ده‌مێنێ؛

یه‌كه‌م: شێوازێكی جیاواز له‌ ده‌نگدان ده‌گرێته‌ به‌ر
دوه‌م: حزبێكی تر ده‌دۆزێته‌وه‌ ده‌نگی پێبدا

له‌ حاڵه‌تی یه‌كه‌م شكستی دیمۆكراسی دروست ده‌بێ، چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ به‌ره‌و توندوتیژی و راپه‌ڕین مل بنێ، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا حاڵه‌تی دوه‌م شكستی حزبه‌ حوكمڕانه‌كانه‌. له‌هه‌ردو حاڵه‌تیشدا شتێك دێته‌ به‌رهه‌م كه‌ پێی ده‌وترێ دژه‌ سیسته‌م (ئه‌نتی سیسته‌م) كه‌ كۆی ئه‌و حزب یان بزاوتانه‌ ده‌گرێته‌وه‌  كه‌ هه‌وڵی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و كابینه‌یه‌ ده‌ده‌ن كه‌ شكستی خواردوه‌. بۆیه‌ ئه‌وه‌ی ده‌بێ له‌ زانستی سیاسی و سیسته‌مه‌ سیاسیه‌كاندا پێی ده‌وترێ (Bipolarism) واتا جوت‌ جه‌مسه‌ر چێ ببێو جێگه‌ی فره‌ جه‌مسه‌ریی بگرێته‌وه‌. به‌و واتایه‌ی ئه‌نتی سیسته‌مگه‌راكان هه‌مویان بچنه‌ یه‌ك تای ته‌رازوه‌كه‌وه‌ حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵاتیش (یه‌كێتی و پارتی به‌ نمونه) له‌تاكه‌ی تردا بن.

پرسیارێكی تر كه‌ هه‌ر له‌م باسه‌دا قوت ده‌بێته‌وه ئه‌وه‌یه‌، ئه‌ی‌ ئه‌گه‌ر به‌ فعلی ئه‌و حكومه‌ته‌ی دروستكرا توانی حوكمڕانی بكا به‌ڵام نوێنه‌رایه‌تی پێ نه‌كرا؟ یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ توانی نوێنه‌رایه‌تی بكا به‌ڵام حوكمڕانی پێ نه‌كرا؟

دیاره‌ له‌ باری یه‌كه‌مدا مانای دروستبونی دكتاتۆریه‌ته، به‌ڵام حكومه‌تێك بتوانێ نوێنه‌رایه‌تی بكاو كه‌چی حوكمڕانی پێ نه‌كرێ ئه‌وا بێگومان نزیكه‌ له‌ حاڵه‌تی هه‌رێمی كوردستان، چونكه‌ به‌نزیكی حزبه‌كان به‌شێكی زۆریان له‌و حكومه‌ته‌دان كه‌ ئه‌مێستا ماوكه‌ی درێژكراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و حكومه‌ته‌ شكستخواردوه‌و ناتوانێ حوكمڕانی بكا. له‌م حاڵه‌ته‌شدا مانای وایه‌ كه‌ناڵه‌كانی حزبه‌كان سه‌ركردایه‌تیه‌كی لاوازو بێ به‌رهه‌میان به‌رهه‌م هێناوه‌ به‌جۆرێ توانای هه‌ڵگرتنی باری قورسی حوكمڕانی و پرسه‌كانی هاوڵاتی نیه‌. 

ئه‌م ئه‌رگومێنته‌ ئه‌رگومێنتێكی تر ده‌خولقێنێ ئه‌ویش پرسی شه‌رعیه‌ته‌ و له‌ ئاكامدا ده‌پرسرێ، كه‌وایه‌ شه‌رعیه‌تی ئه‌و حكومه‌ته‌ له‌كوێدایه‌ ئه‌گه‌ر حزبه‌كان نوێنه‌رایه‌تیه‌كی وه‌ها بێ كه‌ڵكیان ناردبێته‌ ناو حوكمڕانیه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌نده‌ هه‌ژار بێ له‌ ئه‌دای حوكمڕانیدا؟

لێره‌ به‌رپرسیارێتی له‌به‌رامبه‌ر ده‌نگ ده‌بێته‌ پرسێكی هه‌نوكه‌ی و داواكاری له‌سه‌ر نوێنه‌رایه‌تیكردن له‌گه‌ڵ داواكاری له‌سه‌ر هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیارێتی ده‌بنه‌ دو پرسی گرنگی حوكمڕانی و پێویستیان به‌ به‌ڵانس كردنه‌. چونكه‌ هه‌ر كات  به‌ڵانس له‌نێوان به‌ركارێتی و دیمۆكراسیدا هه‌بو ئه‌وكات مانای وایه‌ ئه‌و حكومه‌ته‌ هه‌م شه‌رعی و هه‌م نوێنه‌رایه‌تیه‌كی باش ده‌كا، به‌واتاكه‌ی تر هه‌م به‌رپرسیاره‌و هه‌م شه‌رعیه‌تیشی له‌و به‌رپرسیارێتیه‌وه‌ وه‌رگرتوه‌. 

له‌ كۆتایشدا وه‌ك راسڵ باچ پێناسه‌ی ده‌كا، دامه‌زراوه‌ی به‌رپرسیار ئه‌و سیاسه‌ته‌ سه‌ركه‌وتوانه‌ دابین ده‌كا كه‌ ده‌بنه‌ چاره‌سه‌ری بۆ گرفت و كێشه‌كانی روبه‌ڕوی ده‌بنه‌وه‌ . بنه‌مای به‌رپرسیارێتی بریتیه‌ له خێرایی دابینكردنی سیاسه‌ته‌كه‌و به‌جێگه‌یاندنی، ئینجا كاریگه‌رێتی ئه‌و به‌جێگه‌یاندنه‌و ئاستی سه‌ركه‌وتنی كه‌ زامنی ئاستی به‌رپرسیارێتین. هه‌ر بۆیه‌ وه‌ختێ ده‌سه‌ڵاتێك یان حوكمڕانیه‌ك ده‌توانێ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ بنێ مسداقیه‌ت دروست ده‌كاو ده‌بێته‌ وه‌ڵامده‌رێكی خێرا بۆ گرفته‌كان و ئه‌و گله‌ی و گازه‌ندانه‌ی كه‌ هاوڵاتیان هه‌یانه‌. كاتێك هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌دای حكومه‌تێك ده‌كرێ ئاستی وه‌ڵام و به‌رپرسیارێتی ده‌كرێته‌ پێوه‌ر تاچه‌ند ئه‌و حكومه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی سیاسه‌ته‌كانی بریتی بوه‌ له‌و گله‌یی و گازه‌ندانه‌ی هاوڵاتی رۆژانه‌ هه‌یبوه‌و تاچه‌ند كاری له‌سه‌ر چاكسازیان كردوه‌.



ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP