كێشه‌ى كوردو ده‌سه‌ڵاته‌ نوێیه‌كه‌ى ئۆردوغان .

عومەر عەلی محەمەد - 2-07-2018 - 2949 جار خوێندراوەتەوە


پارته‌ سیاسیه‌كانى توركیا ئۆردوغان به‌ پیاوه‌ زیره‌كه‌كه‌ ناو ده‌به‌ن له‌ گه‌مه‌ى هه‌ڵبژاردندا، له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین هه‌ڵبژاردنى ئه‌م كاته‌ بۆ هه‌ڵبژاردنى پێش وه‌خت، كارێكى به‌رنامه‌ بۆ دارێژراو و پلانێكى سیاسیى زیره‌كانه‌ بوو، چونكه‌ ئه‌گه‌ر توركیا به‌و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بچوایه‌ته‌ كۆتاییه‌كانى ساڵى 2019 و ئه‌وكاته‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجام بدایه‌ هه‌رگیز ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ى ئێستاى به‌ده‌ست نه‌ده‌هێنا، سه‌ركه‌وتنى پارتى داد و گه‌شه‌پێدان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا هیچ كاتێك به‌ زۆرینه‌ى ره‌ها نه‌بووه‌، به‌ڵكو به‌ سه‌رنجدان له‌ هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌تایبه‌تیش له‌ دواى ساڵى (2014) كه‌ تیایدا ئۆردوغان سه‌ركه‌وت بۆ پۆستى سه‌رۆك كۆمارى توركیا، به‌ جیاوازیه‌كى كه‌م بووه‌ له‌گه‌لأ ئۆپۆزسیۆندا. 

به‌پێى بۆچونى به‌شێك له‌ چاودێرانى هه‌ڵبژاردنه‌كانى توركیا ئه‌وه‌ى چاره‌نووسى پارته‌ سیاسیه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى توركیا یه‌كلایى ده‌كاته‌وه‌ نزیكه‌ى میلۆنێك ده‌نگده‌ره‌ نه‌ك ئه‌و (60) ملیۆن كه‌سه‌ى كه‌ ده‌نگى داوه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌، له‌ یه‌كه‌م رۆژى به‌ده‌سته‌وه‌گرتنى ده‌سه‌ڵاتى AKP بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ چۆن بردنه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنى داهاتوو مسۆگه‌ر بكات، له‌به‌رئه‌وه‌ش كه‌ خۆیان له‌ ده‌سه‌ڵاتدان كاته‌كه‌شى دیارى ده‌كه‌ن و له‌سه‌ر بنه‌ماى سایكۆلۆژیاى هاوڵاتى توركیا به‌گشتى و زۆرینه‌ى تورك به‌تایبه‌تى گۆڕانكارى به‌سه‌ر گوتارى سیاسیاندا ده‌هێنن. 

هه‌ڵبژاردنى ئه‌م كاته‌ بۆ هه‌ڵبژاردنى پێش وه‌خت به‌شێك بوو له‌و به‌رنامانه‌، چونكه‌ له‌ ئێستادا توركیا گیرۆده‌ى كێشه‌ى قورس نه‌بووه‌ته‌وه‌، نه‌ له‌ڕووى ئابورى و نه‌ له‌ڕووى سیاسیه‌وه‌ نه‌چۆته‌ ناو قه‌یرانێكه‌وه‌ كه‌ نه‌توانێت لێى ده‌رباز بێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌یه‌ ده‌سه‌ڵات خۆى دروستى كردووه‌ كه‌ به‌شێكى بۆ كاركردن بوه‌ له‌سه‌ر سایكۆلۆژیاى ده‌نگده‌رى توركیا كه‌ ده‌نگدانه‌وه‌یه‌ به‌ دادوگه‌شه‌پێدان و به‌ته‌نها هێزی رزگاركردنى توركیای بزانێت له‌ پێناو پاراستنى یه‌كپارچه‌یى خاكى توركیا و مانه‌وه‌ى توركیا وه‌ك زلهێزێكى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و رێگرتن له‌ هه‌ره‌سى لیره‌ و ئابورى توركیا و له‌هه‌مان كاتدا رێبه‌رایه‌تى كردنى گه‌لانى مسوڵمان بۆ ئه‌و ئه‌جێندا سیاسه‌ى كه‌ هه‌یه‌تى وه‌ك به‌شێك له‌ پرۆژه‌كانیان بۆ سه‌رله‌نوێ زیندوكردنه‌وه‌ى خه‌ونى سوڵتانى له‌ چوارچێوه‌ى پرۆژه‌ى سیاسى عوسمانیه‌ نوێیه‌كاندا.

پارتى دادوگه‌شه‌پێدان له‌ماوه‌ى ده‌سه‌ڵاتى چه‌ند ساڵى رابردوویدا به‌ به‌رنامه‌ كارى كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى سه‌رله‌به‌رى سیستمه‌ كۆنه‌ كه‌مالیه‌كه‌ بگۆڕێت و یه‌ك له‌دوایه‌ك شوێنكاره‌كانیان به‌ به‌دیلى نوێتر پڕ بكاته‌وه‌، كه‌ مۆركى تایبه‌تى ئۆردوغانیزم و پرۆژه‌ سیاسیه‌كه‌ى پێوه‌ بێت.

ئه‌نجامدانى راپرسى له‌سه‌ر ده‌ستور له‌ مانگى نیسانى (2017)و سه‌ركه‌وتنى تیایدا ئه‌وه‌ گه‌وره‌ترین هه‌نگاو بوو پاشان پێشخستنى هه‌ڵبژاردن و سور بوون له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى و سه‌ركه‌وتنى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌شدا به‌ ته‌واوى تواناى ئه‌نجامه‌كانى به‌ده‌ست بهێنێت و ئیتر بكه‌وێته‌ سه‌ر جێبه‌جێكردنى ئه‌و خه‌ونانه‌ى كه‌ هه‌یبوو بۆ بنیاتنانه‌وه‌ى توركیا، به‌تایبه‌تى له‌ڕوى سیاسى و ده‌ستوریه‌وه‌، چونكه‌ گۆڕینى سیستمه‌كه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تى ماناى گواستنه‌وه‌ى زۆرینه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌ گرنگه‌كانه‌ بۆ خودى سه‌رۆك كۆمار و هه‌رخۆیشى سه‌رۆكى پارتى براوه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌و هه‌موو بڕیاره‌ گرنگ و چاره‌نوسسازه‌كانى به‌ده‌سته‌ له‌ دروستكردنى حكومه‌ت و دانانى وه‌زیره‌كان و دادگاكان و دامه‌زراوه‌ گرنگه‌كانى وه‌ك ئاسایش و میدیاكانى حكومه‌ت و پۆلیس و دامه‌زراوه‌ى سه‌ربازى.

له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ به‌ به‌رنامه‌ كارى كرد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ جارێكى تر هاوشێوه‌ى كه‌مال ئه‌تاتورك خۆى بكاته‌ سه‌ركرده‌یه‌كى كاریزمى له‌لایه‌ك بۆ ره‌گه‌زى تورك ،له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ بۆ گه‌لانى ترى توركیا، به‌ستنى هاوپه‌یمانێتى ستراتیجى له‌گه‌لأ مه‌هه‌په‌ له‌پێناو ئه‌وه‌دابوو كه‌ ئۆردوغان له‌ سه‌ركرده‌یه‌كى پارتێكه‌وه‌ كه‌ به‌ باكگراوندی ئیسلامى ناسراوه‌ بۆ سه‌ركرده‌یه‌كى نوێ كه‌ له‌دواى ئه‌تاتورك ئاڵاى توركیا هه‌ڵده‌گرێ و رابه‌رایه‌تى گه‌لى توركیا ده‌كات بۆ ئاینده‌و سه‌روه‌ریه‌كانیان له‌ مێژوودا بۆ زیندوو ده‌كاته‌وه‌و روبه‌ڕووى دوژمنه‌كانى توركیا ده‌وه‌ستێته‌وه‌.

بۆ گه‌لانى ترى مسوڵمانیش له‌ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ى توركیادا هه‌ڵگرتنى گوتارێكى ئاینى و به‌رده‌وام پشتیوانى له‌ كێشه‌ى قودس و فه‌ڵه‌ستینیه‌كان و كێشه‌ى كه‌مینه‌ مسوڵمانه‌كان له‌ میانمار و توركمانستانى رۆژهه‌ڵات و مسوڵمانه‌كانى تبت له‌ چین و داكۆكى كردن له‌ كێشه‌ ئیسلامیه‌كان له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و رێكخراوى هاریكارى ئیسلامى وایكردووه‌ كه‌ سۆزى هاوڵاتى مسوڵمانى شه‌قام به‌لاى خۆیدا كێش بكات له‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك بێت، له‌وكاته‌وه‌ كه‌ ئۆردوغان هاوپه‌یمانى ستراتیجى له‌گه‌لأ نه‌ته‌وه‌ په‌رسته‌كانى توركدا به‌ستووه‌، له‌وكاته‌وه‌ ئاستى توندوتیژیه‌كانى به‌رامبه‌ر به‌ كورد و كێشه‌كه‌ى له‌ هه‌رسێ پارچه‌ى كوردستان زیادى كردووه‌، به‌مه‌ش ده‌یه‌وێت شه‌ڕى كورد بكاته‌ به‌شێك له‌ شه‌ڕى تیرۆر و به‌رده‌وام هێرشه‌كانى بۆسه‌ر پارتى كرێكاران و یه‌په‌گه‌ و ئۆپه‌راسیۆنه‌كانى له‌ كوردستانى باشور و هه‌ڕه‌شه‌كانى له‌ قه‌ندیل و شه‌نگار و مه‌خمود و جێگاكانى تر به‌ شه‌ڕى دژ به‌ تیرۆر ناوبردووه‌، به‌مه‌ش خواست و ئامانجى توركه‌ فاشیه‌كانى هێناوه‌ته‌دى و بۆشى ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌م گوتاره‌ كاریگه‌رى له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ى ئه‌و ده‌نگانه‌ نه‌بووه‌ كه‌ له‌ باكورى كوردستان پێى دراوه‌، له‌م كاته‌شدا كه‌ توانیویه‌تى به‌ هاوپیه‌مانى له‌گه‌لأ مه‌هه‌په‌دا هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى و په‌رله‌مانى بباته‌وه‌، پێناچێت پاشه‌كشه‌ له‌و ئاراسته‌یه‌ بكات و جارێكى تر بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پرۆسه‌ى ئاشتى له‌گه‌لأ كورددا، له‌به‌رئه‌وه‌ پێشبینى ده‌كرێت كه‌ حكومه‌تى ئاینده‌ به‌شێك له‌ پۆسته‌ گرنگه‌كانى بدرێت به‌ مه‌هه‌په‌ و ئه‌وكاته‌ش هه‌ڵوێسته‌كان به‌رامبه‌ر به‌ كورد توندتر ده‌بن، به‌تایبه‌تیش له‌و روانگه‌یه‌وه‌ كه‌ ئه‌مریكا بێ ده‌نگه‌ له‌ ئاست ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازیه‌كان و زۆرجاریش پشتیوانى ده‌وڵه‌تى توركیا ده‌كات بۆ سنورداركردنى چالاكى په‌یه‌ده‌ له‌ سوریا و پارتى كرێكاران له‌ قه‌ندیل و ناوچه‌كانى تر.له‌ به‌ر ئه‌وه‌ پێشبینى ده‌كرێت قۆناغى ئاینده‌ بۆكورد دژوارتر بێت و وا به‌ ئاسانیش ده‌وڵه‌ت نه‌گه‌رێته‌وه‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆ.
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP