بەپەلە

ھاوپەیمانی و تایبەتمەندی ئەزمونێکی نوێ

عوسمان گوڵپی - 1-07-2018 - 2093 جار خوێندراوەتەوە


کاری سیاسی وەک ھەر کایەیەکیتری ژیان پێویستی بە گۆڕانکاری و بەخۆدا چونەوەیە بە ئامانجی خزمەتی زیاتر، ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری وەک پڕۆژەیەکی نویی کاری سیاسی کە زەرورەتی ئەم قۆناغەیە خۆی ڕاگەیاند، ھەر لە سەرەتاوە میکانیزمێکی جیاوازی گرتەبەر و بوە وێستگەی کۆکردنەوەی دەنگو ڕەنگە جیاوازەکان، توانی وەک پرۆژەیەکی گرنگ بۆ دەرباز بوون لەم دۆخە خۆی تەرح بکات، کە بێگومان گەر پرۆسەی بێ نرخ کردنی ھەڵبژاردن و تەزویر نەبوایە دەتوانم بڵێم ھاوپەیمانی ھەنگاوێکی گرنگی گۆڕانکاری بوو، یەکێک لە تایبەتمەندی ھاوپەیمانی ئەوەیە پرۆژەیەکە بۆ ھەڵبژاردن، لە پێناو چاککردنی دۆخی ئابوری و سیاسی و ھەموو ئەو ئاستەنگانەی ھەن، کە بێ گومان میکانیزمی حیزبایەتی بەم شێوازەی کە ھەیە یەکێکە لە ئاستەنگەکان، خۆشبەختامە ھاوپەیمانی نەحیزبی ڕاگەیاند و نە دەبێتە ژمارەیەکیتر، ھەمیشە دژی بە حیزبیکردنی کۆمەڵگەیە و دەیەوێت پرۆژەی سیاسی جێگەی حیزب بگرێتەوە و تەواوی کۆڵان و فەرمانگە و بازاڕ پڕنەبێ لە حیزبایەتی، یەکێک لە خاسیەتەکانی ئەم جۆرە سیاسەت کردن و فۆرمە نوێیە ئەوەیە کە مامەڵەکردن لەگەڵیان نەرمە، واتە زۆر بەئاسانی دەتوانی مامەڵەی لەگەڵ بکەیت و تەعدیلی بکەیت، دەتوانی لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکیتر بەئاسانی بیگوازیتەوە ، بە ئاسانی دەتوانی لەگەڵ پرۆژە و ھێزیتری سیاسی یەک بگریت، دەتوانی لە زووترین کاتدا میکانیزمی بەشداری لە ھەڵبژاردن بگۆڕی.
 
ئەگەرچی ئەم فۆرمە لە سیاسەت کردن بۆ ھەرێم نوێیە بەڵام وێنەیەکی تەندروستی کۆمەڵگەیە و لە چوار چێوەیدا نە ئایدۆلۆژیا دەخوێنرێتەوە و نە پاشخانی سیاسی بەڵکو ئەوەی ھەیە ھەنگاوە بەرەو چارەسەری ئەو قەیرانانەی یەخەی ئەم مەملەکەتەیان گرتوە ، دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاوە بۆ دەربازبون لە ئەزمەی دەوڵەتداری و وڵات خستنە سەر ڕێچکەی حکومڕانی دروست و دەستاودەستکردنی دەسەڵات.

کە خۆشبەختانە ھاوپەیمانی میکانیزمێکی نوێیە بۆ کاری سیاسی و پرۆژەیەکی نوێیە بۆ بەڕێوبردنی وڵات نەک حیزبێکیتری سیاسی و دەبێت ھەموان پێکەوە کار بۆ گەشەسەندنی ئەم مۆدێلە نوێیە لەکاری سیاسی بکەین بۆ ئەوەی ببێتە بەدیلی ئەو مۆدێلە حیزبیەی کە خەریکە کۆمەڵگە بەرەو ھەڵدێر دەبات.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP